مەزهەر كەریم – سلێمانی
چایخانەی كەوبازەكان لە سەرەتای چلەكانی سەدەی ڕابردوو لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دانراوە؛ ئێستا چایخانەكە لە گەڕەكێكی كۆنی مێژووی كانی ئاسكانە، پێشتر لە شەقامی مەولانا خالید بووە لە چەقی شاری سلێمانیدا.
جوتیار عەبدوڵا خاوەنی چایخانەی كەوبازەكان لە شاری سلێمانی بە “هەولێر”ی وت: ” وەك هیوایەتێك ئەم چایخانەیەم كردۆتەوە، ئەگینا قازانجی مادی نیە، لەسەر گیرفانی خۆمان كرێی ئەو شوێنە دەدەین كە كردوومانەتە چایخانە؛ مەبەستمانە كەوبازەكان پێكەوە كۆ ببینەوە شوێنێكی تایبەت بەخۆمان هەبێت”.
چایخانەی كەوبازەكان لە سلێمانی لەگەڵ ئەوەی كەوبازەكانی لە خۆی كۆ كردتەوە شوێنیكیشە بۆ كڕین و فرۆشتنی كەو؛ ئەو وتی: لە بەیانیەكی زووی ڕۆژی هەینیدا كەوبازەكان دێنە چایخانەكەمان بۆ كڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی كەوەكانیان لەگەڵ ئەوەشدا شەڕەكەویش دەكرێت لە شوێنێكی تەخت و دیاریكراوی ناو چایخانەكەدا، كە لەو جێگەیە باشترین كەو دیاری دەكرێت بە بردنەوەی لە شەڕەكەدا”.
وتیشی: “باشترین كەو نرخەكەی دەگاتە ٢٥٠٠ دۆلار؛ مەرجەكانیشی دەبێ دەنگی خۆش بێت و نێر بێت و شەڕكەرێكی باشیش بێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا تەمەنێكی زۆری نەبێت. هەرچی كەوەكانی دیكەشە بەپێی تەمەن و خوێندنی دەنگ و شەڕكردنیان لە ١٥٠٠ دۆلارەوە دەست پێدەكات بەرەو خوار تا دەگاتە ٢٠ دۆلار كەمتریش، هەشیانە تەنیا بۆ خواردنی گۆشتەكەی دەیكڕن”.
خاوەنی چایخانەی كەوبازەكان ئاماژەی بەوەیش دا لە هەرچوار وەرزی ساڵدا گیایەكی تاڵ دەدەنە كەوەكان بە ناوی (تاڵیشكە) تا قوەت بداتە كەوەكە؛ خواردنی سەرەكی ڕۆژانەی كەوەكان ماشەڕەشە، هەفتانە زیاد لە كاتژمێرێك كەوەكان دەخەنە نێو خۆڵ و بەر تیشكی خۆر و ڕووناكی و گەرمی تا تەندروستییان باش بێت، لە نەخۆشینی وەزری بەدوور بن كە هەموو ئەمانەش لە چایخانەكەیاندا هەیە.
ئەوەشی وت: “مەبەستیانە لە شارەكانی هەرێم دەرەوەی وڵات گرنگی بە نمایشی كەو بدەن ساڵانە وەك نەریتێك رۆژێك دابنرێت کەوەكانیان لە جێگەیەكدا نیشان بدەن؛ وەك خۆیان دەڵێن وەك ژمارەیەك لە وڵاتان ئەم كارە پەرەی پێ بدرێت باشتر گرنگی بەو هیوایەتەی ژیانیان بدەكەن كە ڕاگرتن و بەخێوكردن و كڕین و فرۆشتنی كەوە لەو ڵاتانی دیكە بەدەر لە سلێمانی و كوردستان.”