ئارام كۆشكی – سلێمانی
کۆڵەکەی مرۆیی سیستمی پەروەردە مامۆستا و فێرخوازن، هەموو ئەو شتانەی دیکە بەبێ بوونی ئەم دوانەیە هیچ بەهایەکی ئەوتۆیان نییە. لەنێوان ئەم دوانەشدا مامۆستا بکەرە سەرەکیی و کاریگەرەکەیە، کە دەتوانێت کەشێکی لەبار بۆ پەروەردە و فێربوون بسازێنێت.
سەرەتا دەبێت لەوە بپرسین ئایا ئەو کەسەی وەکو مامۆستا دەیناسین و کاری فێرکردنی نەوەکانمانە، خۆی حەزی لە پەروەردەکارییە و بە حەزی خۆی ئەو پیشەیەی هەڵبژاردووە، یان بە ڕێکەوت بووەتە مامۆستا و کاری مامۆستایی وەکو ئەرک و فەرمانێک جێبەجێ دەکات و خۆی هیچ حەز و خولیایەکی بۆ فێرکردن و فێرخوازی نییە؟ بەدەستکەوتنی وەڵامی ئەم پرسیارە جەوهەرییە دەتوانرێت لە بەشێکی زۆری کێشەکانی سیستمی پەروەردە تێبگەین.
بێگومان لە حاڵەتی یەکەمدا، کە مامۆستا بە حەزەوە پیشەکەی هەڵبژاردووە و ئەرکی خۆی وەکو پەروەردەکارێک جێبەجێ دەکات لەم حاڵەتەدا دەشێ زەمینەخۆشکەر بێت بۆ ژینگەیەکی تەندروستی فێرکاریی و لەوێوە فێرخوازێکی ئاشنا بە مەعریفە و عاشق بە زانستن پەروەردە بکات. لەم تایپەی مامۆستادا، کە دوورە لە هەڵچوون و قسە و گوفتی ناشرین و سوکایەتی بە فێرخواز و شکانەوەیان، فێرخواز هەست بە ئارامی دەکات، هەر لێرەوە پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی دروست دەبێت و ڕێز و خۆشەویستی دەبێتە بزوێنەری ئەم پەیوەندییە، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی پرۆسەی پەروەردە فێرکردن دەبێت.
بەڵام لە تایپی دووەمدا کە مامۆستا وەکو ئەرکێک کاری مامۆستایی ڕادەپەڕێنێت و هیچ حەز و خولیاییەکی بۆ فێرخوازی نییە، لەوێدا، فێرکار بە بچووکترین حاڵەت تووشی هەڵچوون و دەبێت و پێدەچێت قسە و گوفتاری ناشرین بەرامبەر فێرخوازان بەکار بهێنێت. لە توێژینەوەیەکی پەروەردەیدا خوێندمەوە کە فێرخوازێک سەبارەت بە مامۆستای کۆمەڵایەتییان دەڵێت: “مامۆستای کۆمەڵایەتی کە دەهاتە ژوورەوە، لە دوای سەلامکردن ئەگەر قوتابییەک لە جێگەی خۆیەوە بە دەنگی نزیمیش قسەیەکی بکردایە، ئەوا جوێنی بە هەموومان دەدا و دەیگوت سەخیفینە بێدەنگ بن، دەنا قۆنەرە دەخەمە دەمتانەوە. بەردەوام تەسبیحی بەدەستەوە بوو و ئەوەندە سەرقاڵی یاریکردن و ڕاوەشاندن و تەماشاکردنی تەسبیحەکەی بوو چارەکی ئەوە خۆی بە وانەکە و تەماشاکردنی ئێمەوە سەرقاڵ نەدەکرد”.
بێگومان بوونی مامۆستایەکی لەم شێوەیە لە هەر خوێندنگەیەکدا دەبێتە هۆی شێواندنی ژینگەی فێرکاری ئەو خوێندنگەیە. بۆیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پێویستمان بە پێداچوونەوە بە ئەرکی مامۆستایی و پەروەردەکردنەوە و ڕاهێنانەوەی مامۆستایان هەیە. هەروەها سڵ نەکردنەوە لە سزادانی هەر مامۆستایەک کە ئەرکی خۆی وەکو پەروەردەکارێک بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ڕاهی نەکات. ڕەنگە ئاسایی بێت فەرمانبەرێک لە هەر فەرمانگەیەکدا (کەمێک) کەمتەرخەم بێت، یان لەبزشیرین نەبێت لەگەڵ موراجیعەکانیدا، بەڵام ئاسایی نییە مامۆستایەک لەگەڵ فێرخوازەکانیدا ڕۆڵی پەروەردەکارێکی سەرکەوتوو و بەسەلیقە و هێمن و پشوودرێژ نەبینێت. بۆیە ئەگەر دەمانەوێت ژینگەیەکی تەندروستی پەروەردەیی لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا هەبێت گرنگە بە وردەکاریی زیاترە لە ڕۆڵ و ئەرکی مامۆستا و میکانیزم و میتۆدەکانی وانەوتنەوە و چۆنێتی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ فێرخوازان بکۆڵینەوە و لایەنە ئەرێنییەکان بکەینە بنەما و لایەنە نەرێنییەکان لە سیمیناراتی پەروەردەیی و وۆرکشۆپی جۆراوجۆر بنەبڕ بکەین.