ئەحەی گوڵە:ماوەی حەفتا ساڵە جگەرچیم هەتا مابێتم لێی بەردەوامم

مەزهەر كەریم – سلێمانی

ئەحمەد حەسەن ناسراو بە ئەحەی گوڵە یەكێكە لە جگەرچیە دیارەكانی شاری سلێمانی لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی هێشتا بەردەوامە لە كارەکەیدا؛ ئەو دەڵێت “ماوەی حەفتا ساڵە جگەرچیم لە شاری سلێمانی تا مردن بەردەوام دەبم”.

ئەحەی گوڵە بە “هەولێر”ی وت: “لە سەردەمی دەوڵەتی پاشایەتی لە عێراق لە گوندی (میراوا)وە دێمە سلێمانی بەردەستی بابەخولەی جگەرچی و حاجی حەمەسوور بووم، بە چوار عانە، پاشان ڕۆژانەكەم بووە بە سەد فلس؛ دەستم چەقۆی گرت كەپرێكم دانا و كردمە جگەرچی و دوایی دووكانم دانا؛ چەند دووكانێكم گۆڕیوە، ماوەی پەنجاوپێنج ساڵە لەم دووكانەدا كار دەكەم و تا ئێستا بەردەوامم”.
ئەحەی گوڵە كە جگەرچیەتی لە خێزانەكەیەوە بۆی نەماوەتەوە، بە هەوڵی خۆی فێری ئەو كارە بووە، وتی: “لەگەڵ ڕەشەی گوڵە و عەبەی گوڵەی برام پێكەوە فێری ئەو كارە بووین؛ عەبەی گوڵە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، ڕەشەی گوڵەش دوایی بوو بە قەساب و بەردەوامە. دەیان كەس لە سلێمانی لەسەر دەستی ئێمە بوونەتە جگەرچی ئێستاش سەردانم دەكەن زۆرینەیان دێنەوە بۆ دیدەنیم”.
وتیشی “ئێستا تەمەنم هەڵكشاوە وەك جاران ناتوانم زوو بچمە دوكان كوڕەكانم كارەكە دەكەن، بەڵام خۆیشم ڕۆژانە هەر دەچمە دووكان چونكە كەسانێك دەیانەوێت چاویان بە من بكەوێت سەردانم دەكەن لە تەندورستم دەپرسن و نانێك دەخۆن و وێنەیەكی خۆم و دووكانەكە دەگرن و، باسی ساڵانێكی زوو دەكەن؛ هەرچەندە من زۆرینەیانم بیر نەماوە خەڵكانێكی زۆر سەردانیان كردووم لەو هەموو ساڵەدا”.
ئەحەی گوڵە ئاماژە بەوەش دەكات كەسانێكی دیاری وەك ڕۆژ نووری شاوەیش و كۆسرەت ڕەسووڵ و سەعدی ئەحمەد پیرە، لە هونەرمەندانیش هونەرمەندانێکی وەك ساڵح دیلان، ئەحمەد شەماڵ و، سابیر كوردستانی، حەمەڕەوف كەركووكی و ناسر ڕەزازی و بەختیار عەلی ڕۆماننووس ‌و ئەحمەد محەمەدی شاعیر و ماهیر حەسەن سەردانی دووكانەكەیان كردووە.
وتیشی “شانازی دەكەم بە كارەكەم وەك كارێكی میللی كە كۆنترین جگەرچیم، كەسانێكی بەناوبانگ سەردانم دەكەن؛ ئەوەی دروستم كردووە لە ناوبانگی كارەكەم مێژووی چەندین ساڵەی بەردەوامی كارەكەمە؛ جێگەرچیەتی بۆتە ئەشقێكی گەورە لە ژیانمدا”.