مانشێت و چۆنیەتیی داڕشتنی دیدارێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ پڕۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر د. ئازاد ڕه‌مه‌زاندا

پڕۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر د. ئازاد ڕه‌مه‌زان ماسته‌رنامه‌كه‌ى به‌ ناونیشانى (له‌ یاساكانى داڕشتنى ڕسته‌ى مه‌رجى  زمانى كوردی)ـیه‌، هه‌روه‌ها تێزى دكتۆراكه‌ى (بنه‌ما زمانییه‌كانى داڕشتنى هه‌واڵ له‌ ڕۆژنامه‌ كوردییه‌كاندا/ له‌ نێوان ساڵانى 1991-2000) ئێستا مامۆستایه‌ له‌ به‌شى ته‌كنیكى میدیا/ كۆلێژى ته‌كنیكى كارگێڕى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر، سه‌رپه‌رشتى دوو قوتابى دكتۆرا ده‌كات له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كى ماسته‌ر، تایبه‌ت به‌ ناونیشانى (مانشێت) له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان دیدارێكمان له‌گه‌ڵیدا كرد. 

سه‌ره‌تا له‌و مامۆستایه‌ى زانكۆمان پرسى مانشێت چییه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا گوتى: “مانشێت گرنگترین به‌شى هه‌واڵ پێك ده‌هێنێ، چونكه‌ یه‌كه‌م پێوه‌ندى له‌ نێوان وه‌رگر و هه‌واڵه‌كه‌دا دروست ده‌كات و هه‌وڵى سه‌رنجڕاكێشانى ده‌دات به‌ لاى هه‌واڵه‌كه‌وه‌، (مانشێتی لاواز ده‌بێته‌ هۆى مردنى هه‌واڵ، هه‌رچه‌نده‌ ناوه‌رۆكى هه‌واڵه‌كه‌ به‌هێزیش بێت)، بۆیه‌ مانشێتى گونجاو زۆر پێویسته‌ بۆ هه‌واڵ و كه‌سایه‌تیى ڕۆژنامه‌.”

هه‌روه‌ها دەرباره‌ى شێوه‌كانى مانشێت دكتۆر ڕاى وایه‌: “مانشێت له‌ داڕشتندا چه‌ند شێوه‌یه‌كى هه‌یه‌:

• مانشێتى هه‌واڵى پەتی: ئه‌م چه‌شنه‌یان جه‌خت له‌ سه‌ر ڕاستى و جۆرى ڕووداوه‌كه‌ ده‌كات. 

• مانشێتى پرسیارى: ڕووداوه‌كان له‌ شێوه‌ى پرسیار ده‌خاته‌ ڕوو، بۆ وروژاندنى وه‌رگر و هاندانى بۆ گه‌ڕان به‌ دواى وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌دا. 

• مانشێتى خوازراو: ده‌سته‌واژه‌، یان ڕسته‌یه‌كى كه‌سى سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵه‌كه‌ ده‌كرێت به‌ مانشێت. 

• مانشێتى وه‌سفى: ئه‌م جۆره‌یان هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات، كه‌ گوزارشت له‌ ڕووداوه‌كه‌ بكات و له‌ مێشكى وه‌رگردا به‌ر جه‌سته‌ى بكات. 

• ئه‌و مانشێته‌ى به‌هاى كات پیشان ده‌دات، له‌ كاتێكدا كه‌ ڕه‌گه‌زى كات گرنگییه‌كى تایبه‌تى ده‌بێت. 

• ئه‌و مانشێته‌ى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ پیشان ده‌دات. 

• ئه‌و مانشێته‌ى پرسیار ده‌رباره‌ى (كێ) پیشان ده‌دات. 

• ئه‌و مانشێته‌ى ئه‌ندێشه‌ى وه‌رگر ده‌وروژێنێ. 

• ئه‌و مانشێته‌ى ڕێژه‌ى به‌راورد به‌كار ده‌هێنێ. 

• ئه‌و مانشێته‌ى ژماره‌ پیشان ده‌دات بۆ ده‌رخستنى قه‌باره‌ى ڕووداوه‌كه‌. 

• ئه‌و مانشێته‌ى په‌ند، یان قسه‌یه‌كى نه‌سته‌ق به‌كار ده‌هێنێ. 

• ئه‌و مانشێته‌ى گوزارشت و گوته‌ى تایبه‌ت به‌كار ده‌هێنێ بۆ ڕه‌نگ كردن و ئاراسته‌كردنى هه‌واڵ. 

• مانشێتى هۆیى. 

• مانشێتى پله‌یى له‌ گشت بۆ تایبه‌ت.”

د. ئازاد له‌باره‌ى مه‌رجه‌كانى مانشێتى سه‌ركه‌وتوو له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاردا ده‌ڵێ: “شاره‌زا و پسپۆرانى هه‌واڵ بۆ ئه‌وه‌ى مانشێت سه‌ركه‌وتوو بێت، واى به‌ باش ده‌زانن ئه‌م مه‌رجانه‌ى خواره‌وه‌ى تێدا بێت:  

– گرنگترین لایه‌نى ڕووداوه‌كه‌ له‌خۆ بگرێت.

– كورت و چڕ و پڕ و تێروته‌سه‌ل بێت. 

– ڕوون بێت و ته‌م و مژاوى نه‌بێت. 

– شه‌وقدار و سه‌رنجڕاكێش بێت، به‌ڵام ده‌بێ دوور بێ له‌ موبالەغه‌. 

– بابه‌تى بێت. 

– وه‌ڵامى به‌شێكى زۆرى پێنج پرسیاره‌كه‌ى تێدا بێت. 

– ئه‌گه‌ر دوو دێڕ بوو پێویسته‌ هه‌ر دێڕێك سه‌ر به‌خۆ بێت. 

– فكره‌كان دووباره‌ نه‌كرێنه‌وه‌. 

– گوزارشت له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكات. 

– ئه‌و وشانه‌ به‌كار بهێنرێت، كه‌ تواناى گه‌یاندنى فكره‌كه‌یان هه‌یه‌.

-نابێ ڕا و بۆچوون بخرێته‌ ناو مانشێته‌كه‌وه‌. 

– به‌ زۆرى مانشێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیارى (چى) له‌خۆ ده‌گرێت. 

– باشتر وایه‌ به‌ شێوه‌ى ڕانه‌بردوو بنووسرێ، تاكو وه‌رگر هه‌ست بكات له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كه‌دا ده‌ژیێت. 

– كه‌سایه‌تیى ڕۆژنامه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات. 

– بیرۆكه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى له‌ مێشكى خوێنه‌ردا دروست بكات.”

هه‌روه‌ها له‌باره‌ى ئه‌و خاڵانه‌ى پێویسته‌ له‌ نووسینى مانشێتدا ڕه‌چاو بكرێن، ئاماژه‌ى بە ئه‌وه‌ دا، كه‌ نووسه‌رى مانشێت له‌ كاتى نووسینى مانشێتدا پێویسته‌ ڕه‌چاوى ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ بكات: 

– لابردنى نیشانه‌كانى خاڵبه‌ندى. 

– دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانى وشه‌ى سواو. 

– به‌كارهێنانى كارى ئاشكراى تایبه‌ت، كه‌ زانیاریی دروست ده‌ده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌. 

– زانیاریی زۆر له‌ مانشێتدا كۆ نه‌كرێته‌وه‌. 

– دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانى وشه‌ و زاراوه‌ كورتكراوه‌كان. 

– به‌كارنه‌هێنانى جێناو، به‌ڵكو ناوى كه‌س به‌كار بێت. 

– دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پرسیار. 

– به‌كارنه‌هێنانى ناوى شوێن، مه‌گه‌ر زۆر گرنگ بێ. 

– دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ته‌مومژ و نادیارى. 

– به‌كارنه‌هێنانى ناونیشانى ترساوی. 

وێڕاى ئه‌مانه‌ به‌كارهێنانى وشه‌ى كورت، كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌نووسیدا به‌ گشتى و مانشێت به‌ تایبه‌تى كارێكى باوه‌؛ هه‌روه‌ها نووسه‌رى مانشێت ئه‌وه‌ ده‌زانێ، كه‌ مه‌رج نییه‌ مانشێت ڕسته‌یه‌كى ته‌واو بێت، به‌ڵكو هه‌ندێ جار ڕسته‌یه‌كى ناته‌واوه‌، به‌ڵام واتایه‌كى ته‌واوى هه‌یه‌. بۆ ده‌مكاتیش زیاتر كاتى ئێستا به‌كار دێت بۆ باسكردنى ڕووداوێك.”

تایبه‌ت به‌ زمانى نووسینى مانشێت دكتۆر ده‌ڵێ: “مانشێت زمانێكى تایبه‌ت و چڕوپڕى هه‌یه‌، كه‌ پشت به‌ كورتبڕى ده‌به‌ستێ له‌ پێناو ڕاكێشانى سه‌رنجى وه‌رگر بۆ به‌دواداچوونى بابه‌ته‌كه‌ و كڕینى ڕۆژنامه‌كه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یاسا و ڕێساى ڕۆژنامه‌یى تایبه‌ت به‌ نووسینى مانشێت دانراوه‌، لایه‌نى ڕێزمان و پێكهاته‌ى ڕسته‌سازى زمان ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى (Headlinese Language)ـی پێ ده‌وترێ. له‌ هه‌ندێ ڕۆژنامه‌ و ئاژانسی گه‌وره‌ى ده‌نگوباسدا وشه‌ و زاراوه‌ى تایبه‌ت به‌ ناونیشان دانراوه‌، كه‌ ڕۆژنامه‌نووس بۆ ئه‌و واتایه‌ى مه‌به‌ستیه‌تى هه‌ڵیانده‌بژێرێ. هه‌روه‌ك له‌ پێشدا ئاماژه‌مان پێ كرد، كه‌ نووسه‌رانى مانشێت له‌ نووسینى مانشێتدا هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌و وشه‌ و زاراوانه‌ به‌كار بهێنن، كه‌ پێداویستى مانشێت جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌ به‌كارهێنانى وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ى كورت و دره‌وشاوه‌ و كاریگه‌ر و سه‌رنجڕاكێش، له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنى پانتایىەکی ته‌رخانكراو له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى ڕۆژنامه‌كه‌دا. وێڕاى ئه‌مانه‌ هه‌ندێك جار نووسه‌رانى مانشێت هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ستى ئاماژه‌پێكراو چه‌ند فڕوفێڵێكى بواره‌كانى زمانى هه‌یه‌ به‌كارى ده‌هێنن، وه‌ك: (بوارى واتایى، دیارده‌ى فۆنۆلۆژى، تێهه‌ڵكێشكردن و هتد).”

له‌ دوا پرسیار له‌و مامۆستایه‌ى زانكۆمان پرسى ڕاى چۆنه‌ ده‌باره‌ى مانشێتى ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ى كه‌ له‌ كوردستاندا ده‌رده‌چن، به‌ڕێزیان ده‌ڵێ: “ده‌رباره‌ى مانشێتى ڕۆژنامه‌نووسى له‌ ڕۆژنامه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا، هه‌ندێجار به‌ هۆى شاره‌زایی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌م بواره‌دا كار ده‌كه‌ن، ده‌بینین مانشێته‌كان به‌ شێوه‌ى پێویست داڕێژراون و هه‌موو مه‌رجه‌كانى مانشێتى سه‌ركه‌وتوویان تێدایه‌، به‌ڵام هه‌ندێكى تریان، چونكه‌ داڕێژه‌رانیان ئاگادارى ورده‌كارانى داڕشتنى مانشێت نین، ناتوانن وه‌كو پێویست مافى مانشێتى سه‌ركه‌وتوو به‌ مانشێتى بابه‌ته‌كانیان بده‌ن، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى من واى ده‌بینم، كه‌ ئه‌مڕۆ ڕۆژنامه‌نووسانى كورد ئاگادارى ورده‌كارییەکانی ئه‌م بابه‌ته‌ن.”