خەڵاتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ـی نۆبڵ دابەش کرا

خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتێکی جیهانییە و ساڵانە لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا پێشکەشی ئەو کەسانە دەکرێت کە بە زانست و زانیاری و داهێنانی خۆیان، مرۆڤ و مرۆڤایەتییان وەپێش خستووە.

ئەم خەڵاتە لە لایەن زانایەکی سویدیەوە بە ناوی ئەلفرێد نۆبڵ داهێنرا کە زانای بواری کیمیا و ئەندازیار و داهێنەر بووە و لە ژیانیدا توانیویەتی ٣٥٥ داهێنان تۆمار بکات کە دیارترینیان دینامیته.

ئەو زانایە، یەکێک لە کۆمپانیاکانی خۆی کە تایبەت بوو بەرهەمهێنانی ئاسن و کانزا، تەرخان کردبوو بۆ بەرهەمهێنانی چەک و تۆپ و تەقەمەنی؛ دوایی کە ئەنجامی کارەکەی خۆی لە جەنگەکاندا بینی و دیتی کە چۆن بووەتە هۆی وێرانکاری بۆ جیهان هەستی بە پەشیمانییەکی زۆر کرد و سەرەنجام لە پای ئەو پەشیمانییەی بڕیاری دا سەروەتەکەی ببەخشێ بۆ تەرخانکردنی خەڵاتی نۆبڵ و وەسییەتی کرد کە دەبێ ساڵانە ئەو خەڵاتە ببەخشێتە کەسانی شیاو لە بوارە جیاوازەکاندا.

خەڵاتەکە پێک دێت لە مەدالیایەکی ئاڵتونی و رێزنامەیەک کە وتەیەک لەخۆ دەگرێت لەگەڵ بڕێک پارەیەکدا. بڕە پارەکەش بە پێی بڕی داهاتی دەزگای نۆبڵ دیاری دەکرێت.

بۆ ئەمساڵیش خەڵاتی نۆبڵ لەلایەن ئەکادیمیای سویدەوە دابەش کرا، کە بریتی بوو لە خەڵاتی نۆبڵ بۆ (فیزیا، کیمیا، پزیشکی و ئەدەب)؛ بۆ ئەمساڵ براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ بڕوانامە، مەدالیای نۆبڵ و خەڵاتێکی پارەی ٩٠٠هەزار یۆرۆیییان پێ بەخشرا.

ماڵپەڕی فەرمی خەڵاتەکانی نۆبڵ کە بە Noble Prize ناسراوە، لیستی براوەی خەڵاتەکانی نۆبڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو کردووەتەوە، کە بریتین لە:

براوی خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا: بریتین لە (ئالین ئەسپێکت، جۆن ئێف کلاوسەر و ئەنتۆن زەیلینگەر) بەهۆی تاقیکردنەوەکانیان لەسەر فۆتۆن و زانیارییەکان لەسەر زانستی کوانتۆم.

خەڵاتی نۆبڵ بۆ کیمیا: براوەی خەڵاتەکان (کارۆلین ئاربێرتۆزی، مۆرتن میلداڵ و کەی باری شارپلێس)

بەهۆی پەرەدانی کیمیای کلیک و کیمیای بایۆئۆرتۆگۆناڵ.

خەڵاتی نۆبڵ لە پزیشکی: براوەی ئەم خەڵاتەش بریتی بوو لە (سڤانتی پابۆ) بەهۆی دۆزینەوەکانی سەبارەت بە جینۆمی هۆمینینە لەناوچووەکان و پەرەسەندنی مرۆڤ.

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب: بەخشرایە “ئانی ئێرنۆ” بەهۆی ئەوەی هەوڵی داوە بوێری و ئازایەتییەکەی مەزن پیشان بدات لەوەی سنوورەکانی یادەوەریی مرۆڤ تێبپەڕێنێت.

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی: خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵی ئاشتی دراوە بە کەسایەتییەک و دوو رێکخراو کە ئەوانیش بریتین لە ئالێس بیالیاتسکی، سەرۆکی رێکخراوی ڤیاسنا بۆ مافەکانی مرۆڤ (کە ئێستا لە بیلاڕوسیا زیندانی کراوە)، هەروەها رێکخراوە رووسیەکەی میمۆریاڵ بۆ مافەکانی مرۆڤ و ناوەندی ئۆکراین بۆ ئازادیی مەدەنی.

 هۆکاری پێدانی خەڵاتەکەش بەو کەسانە بۆ پێزانینی هەوڵەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، بە دۆکیومێنتکردنی تاوانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا.

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئابووری: بێن ئێس بێرنانکە، دۆگلاس دەبلیو دایمۆند و فیلیپ ئێچ دیبڤیگ خەڵاتی ئابوورییان وەرگرت.