دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پاڵنه‌ر و تێگه‌یشتن له‌ ڕه‌فتاری مرۆڤ

لە پانتایی ڕەفتاری مرۆڤدا، هۆکارگەلێک هەن کە نەک هەر ناچارمان دەکەن بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی، بەڵکو بەرەو ئامانجێکی دیاریکراویشمان دەبەن. كۆمه‌ڵناس و دەروونناسه‌كان ئەم هۆکارانە بە پاڵنەر ناو دەبەن. پاڵنەر بریتییە لە دۆخی فشاری ناوخۆیی و ئەو ئامانجەی کە ڕەفتارەکە بەرەو ئەو ئامانجە ئاراستە دەکرێت، بە بڕوای تیۆدۆر نیوکۆمب وا باشترە پاڵنەر لە ڕووی ئامانجەکەیەوە پێناسە بکرێت نەک لە ڕووی دۆخی فشاری ناوخۆییەوە.

 زۆرجار پاڵنەر بەدوای وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێت، هۆکاره‌كانی پشت هه‌ر ڕەفتارێك چییە؟ بۆچی ڕەفتار بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو ئاراستە دەکرێت؟ بە واتایەکی تر، پرسی گرنگ لە شیکاری پاڵنەری ڕەفتاری تاكه‌كاندا، تێگەیشتنە لە پاڵنەری ڕەفتارەکە و ماوەی ڕەفتارەکە و کۆتایی ڕەفتارەکە. زۆرجار، پاڵنەر وەک غه‌ریزه‌ش لێکدەدرێتەوە. بە واتایەکی تر، غه‌ریزه‌ یەکێکە لە جۆر و فۆرمەکانی پاڵنەر. بەو پێیەی پاڵنەر، مرۆڤ بەرەو ڕەفتارێکی دیاریکراو دەبات و ئاراسته‌ ده‌كات. چەمکی پاڵنەر لە ڕووی مێژووییەوە ڕەگ و ڕیشەی لە فەلسەفە و تیۆرییەکانی سۆکرات و ئەرستۆ و ئەفلاتووندا هەیە. فاکتەری سەرەکی پاڵنەر بۆ سەرچاوە فەلسەفییەکەی، ئیرادە بوو. هەرچەندە یەکەم بنیادی پاڵنەری دەروونناسی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەرگیرا، غەریزە بوو؛ وەک ئه‌وه‌ی لەلایەن ویلیام جەیمس (١٨٩٠) و ماکدۆگال (١٩٠٨) پێشنیار کراوە. تیۆری غه‌ریزه‌ وەک چارەسەرێک دۆزرایەوە و گرنگترین بیرکردنەوە لەم بوارەدا تیۆری دەروونشیکاریی فرۆید بوو. بابەتی سەرەکی تیۆری فرۆید بریتییە لە ڕۆڵی سۆز لە پرۆسەی بایۆلۆژی و دەروونی و کۆمەڵایەتییدا. فرۆید پێیوایە ڕه‌وتی باو بریتییە لە تێرکردنی پاڵنەرەکان لە جیهانی دەرەوەدا. میکانیزمەکانی بەرگری، لایەنە جیاوازەکانی کارەکتەر و پێکهاتەی کەسایەتی، ڕەنگدانەوەی ئەزموونەکانی کەسێکە کە هەوڵ دەدات پاڵنەرەکانی تێر بکات. هەرچەندە تیۆری غه‌ریزه‌ی فرۆید و لایەنگرانی هال Clark Hull له‌ ڕوانگەی زانستییەوە، بنیادێكی گونجاوتریان هەبوو. لەبری تیۆرییە ماكرۆكان، تیۆرییە میكرۆكان بە درێژایی چارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردوو بەکارهێنران و بنەما پاڵنەرەکانی بوارەکانی وەک دەروونناسیی کۆمەڵایەتی دەستنیشانکران.

 ئەو بابەته‌ سەرەکییه‌ی کە پێویستە لە توێژینەوەی پاڵنەرەکان و شیکاری لایەنە پاڵنەرەکانی ڕەفتاردا لەبەرچاو بگیرێن بریتین لە: 

پاڵنەر هەم مەیلی دوور و هەم مەیلی نزیک لەخۆ دەگرێت؛ 

واتە پاڵنەر تەنیا ورووژاندن ناگرێتەوە، بەڵکو نەورووژانیش دەگرێتەوە؛ 

پاڵنەر پرۆسەیەکی دینامیکییە، نەک پرۆسەیەکی ئیستاتیک، کە هەنگاوی بازنه‌یی لەخۆ دەگرێت؛ 

پاڵنەر دەتوانێت خۆئاڕاستەکراو بێت یان لەڕووی ژینگەییەوە کۆنترۆڵ بکرێت (لەلایەن هێزە دەرەکییەکانی وەک پارەوە)؛

بەهێزی پاڵنەر بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێت و کاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕەفتارەکان دەبێت. مرۆڤ لە هەر ساتێکدا، چەند پاڵنەرێک ئەزموون دەکات کە هەندێکیان بەهێزترن لە هەندێکی تر؛

پاڵنەرەکان دۆخێکی پلەبەندییان هەیە، بەجۆرێک هەندێکیان خزمەت بە ئامانجە بنەڕەتییەکانی مانەوە دەکەن، پاڵنەرەکانی دیکەش خزمەت بە مەبەستی باڵاتر دەکەن؛

 پاڵنەرەکانی مرۆڤ دەتوانن ئاشکرا یان نائاشکرا، ڕەوا یان ناڕەوا، هه‌ست یان نه‌ست بن.

سه‌باره‌ت به‌ پۆلێنکردنی پاڵنەر ده‌توانین بڵێین كه‌ هەموو کرده‌یه‌كی تاكه‌كان، پاڵنەری هەیە. لە بنەڕەتدا، هیچ كرده‌یه‌ك بەبێ پاڵنەر مومکین نییە. هەندێک پاڵنەر، ناوخۆیین و هەندێکی تریان دەرەکیین. کاتێک مرۆڤ ناچار دەکەین كرده‌یه‌ك ئەنجام بدات، پاڵنەر بۆ كرده‌كه‌ دەرەکییە، وەک یاسایەک، بەڵام کاتێک ئێمە پاڵنەر بۆ كرده‌ لەناو کەسەکەدا ده‌سته‌به‌ر دەکەین و ئەویش خۆی ئەو کارە دەکات بەبێ ئەوەی ئه‌ویتر ناچاری بکات لە هەر ساتێکدا بیکات، ئەوە پاڵنەرێکی ناوخۆییە وەک ئاكار و ئایین.

لە پۆلێنێکی گشتیدا دەتوانرێت پاڵنەرەکان بەسەر دوو ده‌سته‌دا دابەش بکرێت و لەناو ئەم ده‌سته‌یه‌دا، دەتوانرێت جۆرە جیاوازەکانی پاڵنەرەکان بناسرێتەوە:

 پاڵنەری سەرەتایی یان فیزیۆلۆژی؛ ئەم پاڵنەرانە ئەو پاڵنەرانە دەگرێتەوە کە پێداویستییە بایۆلۆژییەکانی بوونەوەرە زیندووەکان دابین دەکەن و لایەنێکی ناوەکییان هەیە. لە هەمان کاتدا، ئەم پاڵنەرانە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشن و ئامانجیان ئەوەیە کە بوونی ئەو زیندەوەرە لە مەترسیدا نەبێت. پاڵنەرە فیزیۆلۆژییەکان دوو ده‌سته‌ لەخۆ دەگرن:

ئه‌لف) ئەو پاڵنەرانەی کە بە تەواوی جێگیرن، بنەمایەکی فیزیۆلۆژی دیاریکراویان هەیە و گشتیین. فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرهەڵدانی ئەم پاڵنەرانەدا کاریگەری دیاریان هه‌یه‌، بەڵام نابنە هۆی هاتنە ئاراوەی. ئەم پاڵنەرانە بریتیین لە برسێتی، تینوێتی، پشوودان، خەوتن، پێداویستییە جەستەییەکان و هتد.

ب- پاڵنەرە فیزیۆلۆژییەکان کە بنەمایەکی فیزیکی دیاریکراویان هەیە و لە هەموو کۆمەڵگاکاندا دەردەکەون، بەڵام لە ڕووی مرۆییه‌وه‌ باو نیین. هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان نەک هەر هۆکارێکە بۆ ئەوەی دەرببڕدرێن، بەڵکو ڕێگری لە دەرکەوتنیان دەکەن لە هەندێک بارودۆخدا، وەک پاڵنەرە سێکسییەکان، پاڵنەرەکانی دایکایەتی و خۆپاراستن.

  پاڵنەرە لاوەکییەکان یان کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەم پاڵنەرانە پەیوەندییان بە فیزیۆلۆژیای جەستەوە نییە، بەڵکو بە تێپەڕینی کات فێری ده‌بین. پاڵنەرە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانرێت بەسەر دوو بەشدا دابەش بکرێت: 

ئەلف) ئەو پاڵنەرانەی کە بنەمایەکی فیزیۆلۆژی ناڕاستەوخۆیان هەیە و بە شێوەیەکی زۆر دەردەکەون؛ بەڵام نە لە گروپەکاندا باون و نە لە تاکەکاندا؛ وەک پاڵنەری شەڕانگێزی و تاکگەرایی.

ب) ئەو پاڵنەرانەی کە بنەمایەکی فیزیۆلۆژی ڕوونیان نییە، بەڵام تاڕادەیەک بە فراوانی دەردەکەون و سەرهەڵدانیان یان بەهۆی هۆکارە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکانەوەیە لە نێوان کۆمەڵگا مرۆییەکان یان وەک ئامرازێک بۆ تێرکردنی بەرژەوەندییە پراكتیكییه‌كان. ئەم پاڵنەرانە لە بنەڕەتدا ئامرازن بۆ گەیشتن بە ئامانجێک، بەڵام لەوانەیە خۆی به‌ شێوه‌ی ئامانجیش ده‌ربكه‌وێت وه‌ك پاڵنەری ئارەزووی کۆکردنەوە، پاڵنەری خاوەندارێتی، گوێڕایەڵی و هتد دێت.

وێڕای ئه‌وه‌ش، هەرچەندە زۆربەی تیۆره‌كانی پاڵنەر لە بواری كۆمه‌ڵناسیی و دەروونناسیدایە. ڕه‌وتێكی گشتی لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتییدا بریتییە لە ڕه‌وتی پاڵنەر کە سەرنج دەخاتە سەر هۆکارە پاڵنەرییەکان و ڕێنمایی ڕەفتاری مرۆڤ دەکەن. ڕوانگەی فرۆید یان دەروونشیکاری بۆ سروشتیی مرۆڤ ئەوەیە کە ڕەفتار لە ناوەوە بەهۆی پاڵنەرە ناوخۆییە بەهێزەکان، پاڵنەرەکان، یان پێویستییەکانەوە پاڵنەریان بۆ دروست دەبێت. بۆیە تیۆردارێژه‌رانی دەروونشیکاریی هەوڵ دەدەن ئەو هێزە ناوخۆییانە بناسن کە وزە بە ڕەفتار دەدەن و ڕێنمایی دەکەن. لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتییدا سێ تیۆری پاڵنەر هەیە ئه‌وانیش بریتین له‌:

تێرکردنی پێویستی؛ ڕه‌وتی پاڵنەری، جەخت لەسەر تێرکردنی پێداویستییە گرنگەکانی مرۆڤ دەکاتەوە. ئەم تیۆرە مرۆڤ بە خاوەن پێداویستی تایبەت و پاڵنەر دەزانێت کە ڕەفتارەکانی بە ئامانجی تێرکردنی ئەو پێداویستیانەن

 بڕیاردانی عەقڵانی؛ ئەم بۆچوونە بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی پێشوو، لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە مرۆڤەکان بڕیاردەری لۆژیکی و عەقڵانیین کە بە حیسابکردنی سوود و زیانە ئەگەرییەکانی هەر كرده‌یه‌ك، بە بەکارهێنانی عەقڵ و لۆژیکی خۆیان باشترین ڕێڕەوی کارکردن هەڵدەبژێرن؛ واتە دابەشکردنێک هەڵدەبژێرن کە گەرەنتی زۆرترین قازانج و کەمترین زیان بکات.

ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی؛ کاتێک دوو کەس کارلێک دەکەن، ئاڵوگۆڕی پاداشت یان سزا لە نێوانیاندا دەکرێت، کە هەندێکجار بە مەبەست و هەندێکجاریش بەبێ مەبەست. تیۆری ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، کارلێکی نێوان کەسەکان شی دەکاتەوە، ئه‌ویش بە پشتبەستن بە سوود و زیانەکانی بۆ هەر شێوازێکی ئەگەری کارلێککردن. ئەم تیۆرە، بەسوودە بۆ مامەڵە سەرکەوتووەکان کە تێیدا دوو لایەن سەرەڕای بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان، دەبێت بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش. ئەم تیۆرییە لەلایەن هەندێک لە توێژەرانەوە درێژکراوەتەوە بۆ شیکردنەوەی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هاوڕێ و هاوسەرەکان.

تیۆری پاڵنەر مامەڵە لەگەڵ سوود و زیانەکانی ڕێژەی وەڵامدانەوەی ئەگەری بۆ دۆخی ئێستا دەکات، نەک ئەو خووانەی کە لە ڕابردووەوە فێری بووینه‌. هەربۆیە وا گریمانە دەکرێت کە هۆکاری ڕەفتارەکان لە دۆخی دەستبەجێی تاکدا بێت. جگە لەوەش، ئەم تیۆرییە پشت بە حاڵەتە ناوخۆییەکان دەبەستێت نەک دۆخه‌ دەرەکییەکان. تێگەیشتنمان لە پێگه‌كه‌، هەستە ئەرێنی و نەرێنییەکانمان سەبارەت بەو دۆخە، چاوەڕوانییەکانمان سەبارەت بە دەرئەنجامی کارە جۆراوجۆرەکان، هیوا و ترسەکانمان هەمووی لە ڕوانگەی پاڵنەرەوە جەختیان لەسەر دەکرێتەوە.