٦٧ ساڵانیەتی و، ٤٧ ساڵە قاورمە دەفرۆشێت

مەزهەر كەریم – سلێمانی

پیاوێكی سەروڕیشسپی بە ناوی هادی غەریب كڵاوێكی قوتی لەسەر ناوە و بە كراسێكی ڕەش ‌و شەرواڵێكی کەوەی تیر (نیلی)ـەوە، كە جووتێک پێلاوی سەرپێ‌ ناوە لە تەنیشت مزگەوتی بنتەبەق لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی لەسەر عەرەبانەیەكی سێپایەرە (سێ‌ تایە) قاورمە دەفرۆشێت.

هادی غەریب چیرۆكی كارەكەی بۆ “هەولێر” گێڕایەوە و وتی:” چل ‌و حەوت ساڵ پێش كە ئەو كات تەمەنم بیست ساڵان دەبوو، تازە ژنم هێنابوو هیچ كارێكیشم شك نەدەبرد یەكێك لە خزمانم عەرەبانەیەكی بۆ كڕیم ‌و منیش بۆ یەكەم جار لە شەقامی كانی ئاسكان دەستم كرد بە قاورمەفرۆشتن تا ئێستا بەردەوامم”.
وتیشی: “دوای دوانزە ساڵ قاورمەفرۆشی لەو شەقامە كەسێك دەبێتە منافسی كارەكەی بەو هۆیەوە عەرەبانە ‌و كارەكەی دەگوازێتەوە بەردەم مزگەوتی گەورە و پاشان دەچێتە كۆڵانەكانی شێخان دواجار لە بەردەم مزگەوتی بنتەبەقدا دەست دەكات بە قاورمەفرۆشتن”.
ئەوەش دەڵێت: “هەرچەندە وەك ساڵانی هەشتا و نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو بازاڕی قاورمە نەماوە بەهۆی پەیدابوونی لەفەی جگەر و مریشك ‌و فەلافل، بەڵام هێشتا بازاڕی خراپ نیە ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو كەسانەی ساڵانێكی زۆرە قاورمە دەخۆن، كەسانێكن ساڵانێكی زۆرە قاورمەی لا دەخۆن؛ ئارەزووی خواردنی قاورمەكەی دەكەن، ئەگەر ئەو قاورمەی نەبێت لە هیچ جێگەیەكی بازاڕ قاورمە ناخۆن”.
ئاماژە بەوەش دەدا: “كارەكەی زۆر خۆش دەوێت؛ لە ماڵەوە ئێوارەی لێ هات نۆك دەكاتە ئاو، نوێژی بەیانیانی لێ هات نۆكەكە دەكوڵێنێت ‌و پاشان لە مەكینەی دەدات دواتر سەر عەرەبانەكەی دەنێت ‌و پیاز و كەوەر و تەماتەی بۆ ئامادە دەكات سەموونی بۆ دەهێنی تا ئیوارەیەكی درەنگ قاورمە دەفرۆشێت”.
ئەوەش دەڵێت: “بەدەر لە ئامادەکردنی قاورمە هیچ كارێكی دیكەی لەفەفرۆشی نازانێت؛ وەك لەفەی جگەر و قیمە و فەلافل تەنانەت بە بۆنەكەیشیان بێزار دەبێت، پێشتر كاری ئامادەی نەكردووە و ئێستاش نایەوێت فێر ببێت ‌و بیكات”.

ئەوەش باس دەكات: “ئێستا خاوەنی حەوت منداڵە و سەرجەمیانی بە قاورمەفرۆشی بەخێو كردوە و كاری دیكەی بۆ ناكرێت هەتا دەمرێت سەرقاڵی قاورمەفرۆشتن دەبێت؛ ئێستا منداڵەكانی ئەو كارەی ئەو ناكەن، ئارەزووی كارەكەی ئەویان نییە”.