پەیامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە یادی حەفتا ساڵەی دامەزراندنیدا

سڵاوی یەکسانی:

بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی باوکی ڕۆحی نەتەوەییمان (بارزانی نەمر) بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕی و هەڵگری پەیامێکی مرۆڤایەتی بوو، ئامانجەکانی ئەم بزاڤە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگەی دەگرتەوە، لەو چوارچێوەیەدا و بۆ ئەوەی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بە تایبەتی ئافرەتان بەشداری بزاڤەکە بن؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمانی (بارزانی نەمر) بڕیاری دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی دەرکرد، کە ئەمڕۆ یادی دەکەینەوە و حەفتا ساڵە بێ دابڕان لە ڕێگاین لە گەیاندنی ئەو پەیامە مرۆڤانەی ڕێبازی پیرۆز فێری کردووین.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە کاتێکدا پێشەنگی بزاڤی یەکسانیخوازی ئافرەتانی کوردستانە لە هەمانکات ئەو شانازییەی بەرکەوتووە کە بەشداری ڕاستەوخۆی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان بووە، بە پێشەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەندام و کادیرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان:

ڕێکخراوەکەمان دەستکەوتی گەورەی بۆ ئافرەتانی کوردستان بەدەستهێناوە، شکاندنی ڕێچکەی دابونەریتی کۆنە پارێز، بەرەنگاری بیری نزم ڕوانین لە توانا و کەسایەتی ئافرەت، هاتنە نێو کۆڕی تێکۆشانی یەکسانیخوازی، بەشداری لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەو شانازییانەن کە پێشەنگانمان دەستیان پێکرد و ئێستاش ئێمە و ئافرەتانی دیکەی کوردستان بە ڕێگای ئەواندا دەڕۆین و بۆ سەندنەوەی مافەکانمان بە ڕێگای ئاشتییانە و شێوازی شارستانی و سەردەمیانە. ئیلهام لە ئازایەتی ئەوان وەردەگرین.

هەڤاڵان:

بزاڤی یەکسانیخوازی ئافرەتانی کوردستان بە پێشەنگی ڕێکخراوەکەمان هەنگاوی گەورەی بەرەو یەکسانی بڕیوە، دەستکەوتی گەورە لە بەشداری سیاسی، ئابووری و کایەکانی دیکە بەدەستهاتوون، گۆڕانکاری بەرچاو لە دیدی کۆمەڵایەتی دروستبووە، ئافرەتانی کوردستان بەشدارێکی کاریگەری ئەزموونی دیموکراسی هەرێمی کوردستانن، لە کایە و دەسەڵاتە جیاجیاکان ئامادەیی بەرچاویان هەیە، هەموو ئەوانە مایەی خۆشحاڵی و شانازیمانن، بەڵام ڕێگای دوور و درێژمان لەپێشە.

کوردستانیانی خۆشەویست:

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە چوارچێوەی ئایدیا مرۆڤایەتییەکان و بە سوود وەرگرتن لە تیۆرییە فێمینیستییەکان، بەڵام لە سۆنگەی کێشەکانی خودی ئافرەتانی کوردستان و تایبەتمەندییەکانی لە پرسی ئافرەت دەڕوانێت و تێکۆشانی خۆی ئاراستە دەکات، بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی توندوتیژی نەخشەڕێ و بۆ تواناسازی پلانی دیاریکراو و بۆ بەشداری سیاسی دیدگای خۆی هەیە، ڕێکخراوەکەمان پرسی ئافرەت وەکوو پرسێکی کۆمەڵگەیی دەبینێت و پێیوایە کە پێویستە پیاوانی یەکسانیخواز هاوبەش و هاوڕێگای ئافرەتان بن لەم خەباتە مرۆڤایەتییەدا، لەو سۆنگەیەوە گوتار و چالاکییەکی دژ بە پیاو وەکوو مرۆڤێکی هاوشان ئاراستە ناکات، بەڵکوو خەباتمان دژی بیری پیاوسالارییە کە زیان و مەترسییەکانی بۆ تەواوی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە پاراستنی مافە بەدەستهاتووەکانی بزاڤی یەکسانیخوازی ئافرەتان بەندە بە سەقامگیری و پارێزراوی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، لەو سۆنگەیەوە لە کاتێکدا سوپاسگوزاری حکومەتین و خۆمان بە پارێزەری مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان دەزانین، لە هەمانکات چاومان لە ماف و دەستکەوتی زیاترە.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان خۆی بە بەشداری پرۆسەی سیاسی دەزانێت و پێیوایە سیاسەت و کایەی سیاسی بەبێ هاوبەشی وزەی ئافرەت پرۆسەیەکی سەرکەوتوو و سەردەمی نابێت و گوزارشت لە ڕا و بۆچوونی تەواوی کۆمەڵگە ناکات، یەکسانی جێندەری لە کایەی سیاسییدا گەرەنتی سیاسەتێکی هاوچەرخ و نەرم و میانڕەوە و تێکۆشانی بۆ دەکەین.

پشتیوانی خۆمان بۆ سیاسەتی حەکیمانە و ڕوانگەی نیشتمانییانەی ڕابەر و پێشەنگی نیشتمانیمان جەنابی (سەرۆک بارزانی) دەردەبڕین و ڕزگاری گەلەکەمان و پاراستنی مافە مرۆڤایەتییەکانمان وەکوو ئافرەت لە چوارچێوەی دیدگا و پشتیوانی ڕابەرمان دەبینین.

لەم یادە شکۆدارەدا یادی هەموو ئەو ئافرەتانە بەرز ڕادەگرین کە ژیانی خۆیان کرد بە قوربانی ئازادی کوردستان و ئازادی مرۆڤایەتی.

سڵاو بۆ هەموو تێکۆشەرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئەوانەی لە ڕابردوودا کاروانەکەیان درێژە پێداوە و ئەوانەی ئێستا درێژە بە ڕێگەکە دەدەن.

سڵاو بۆ هەموو ئافرەتانی کوردستان و هەموو یەکسانیخواز و ئازادیخوازانی کوردستان.

سڵاو درود بۆ گیانی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

١١/١٢/٢٠٢٢