سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

قۆناغی هەرزەکاری، قۆناغێكی پڕكێشه‌یه‌

ۆ تێگه‌یشتن له‌ چەمکی هەرزەکاری (adolescence)، وه‌رن با بیر لە ئۆتۆمبێلێک بكه‌ینه‌وه‌ کە بە خێراییه‌كی زۆره‌وه‌، بە ڕێگایەکی فراوانی قیردا دەڕوات. دوای ئەوەی شۆفێرەکە بە دوورییەکی دیاریكراوه‌وه‌، بەبێ ئه‌وه‌ هیچ هێمایه‌كی ئاگادارکردنەوەی پێویست هه‌بێت، یه‌كسه‌ر لەناکاو ڕێگایەکی خۆڵ و پڕ تاسه‌ی دێته‌ به‌رده‌م، یەکسەر شوفێره‌كه‌ پێ به‌ ئیستۆپه‌كه‌دا ده‌نێت و خاو دەبێتەوە و بە وریاییەكی زۆره‌وە هه‌وڵ ده‌دات به‌سه‌ر ئاستەنگ و چاڵ و چۆڵییه‌كان تێبپه‌ڕێت. سه‌لامه‌تیی شۆفێره‌كه‌ پەیوەستە بە چاودێریکردنی وردی ئاستەنگەکانی به‌رده‌می و ڕێکخستنی خێراییه‌كه‌ی و ئارامگرتن، بە پێچەوانەوە ئەگەری زۆره‌ تووشی هەر ڕووداو و لادان و برینداربوون و ته‌نانه‌ت مه‌رگیش ببێته‌وه‌.

ئەگەر كه‌مێ لەو نموونەیه‌ی سەرەوە ڕابمێنین، ده‌توانین بڵێین قۆناغی هەرزەکارییش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌سته‌مترین و قورسترین بەش لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا. ببێگومان ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌كه‌ون ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ قۆناغی هه‌رزه‌كارییان به‌ بێ كێشه‌ و به‌ سه‌لامه‌تی و به‌ هیوایه‌كی زۆر بۆ داهاتوویه‌كی گه‌ش ته‌ی كردووه‌، كه‌ تێگه‌یشتن و وریابوون به‌رامبه‌ر قۆناغه‌كه‌ كاره‌كه‌مان بۆ ئاسان ده‌كات.

سەرەڕای هه‌موو ئه‌و گرنگی و هەستیارییەی كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌یه‌تی به‌ڵام هێشتا ده‌توانین بڵێین تا سه‌ره‌تاكانی سەدەی بیستەم هیچ ده‌روونناس و ده‌روونناسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشنیازی ئه‌وه‌یان نه‌كردبوو كه‌ قۆناغی هەرزەکاری وەک یه‌كێك له‌ قۆناغەکانی گەشەکردن ته‌ماشا بكه‌ین؛ بۆیه‌ ده‌مانبینی منداڵان ڕاستەوخۆ دوای تەمەنی باڵغبوون دەچوونە نێو جیهانی گەورەکانەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەزانین کە تێڕوانینێکی لەو شێوەیە نادادپەروەرانە و نازانستییه‌؛ چونكه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ هەر لەو کاتەی کە هەرزەکار بە خێراییەکی بێ وێنە بە پێگەیشتنی جەستەیی زۆره‌وه‌ تێدەپەڕێت و هەوڵی بەدەستهێنانی ناسنامەیەكی خودی دەدات، کۆمەڵگا چاوه‌ڕوانی لێی هه‌یه‌ له‌ ژیانیدا سەربەخۆ بێت و پەیوەندییەکانیشی بگۆڕێت و گونجانی سێکسی هه‌بێت و ئامادەیی بۆ کاركردن تیا چه‌كه‌ره‌ بكات و زیاتر پشت به‌ خۆی ببه‌ستێت.

لە کۆمەڵگای مۆدێرن و ئه‌مرۆییدا، تەنانەت ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی چوونە ناو کۆمەڵگای گەورەساڵان کە لە ڕابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو دەکرا، هه‌نووكه‌ لەبیر کراوە و زۆر جێی بایه‌خ نییه‌؛ چونکە هەرزەکار ئەم مافەی پێدەدرێت کە هەنگاو بۆ تەمەنی گەورەیی بنێت ئه‌ویش بە هەبوونی دەرفەتی پێویست بۆ دروستکردنی هەلومەرجی گۆڕانکاری و بەدەستهێنانی ئامادەکارییە پێویستەکان له‌م پێناوه‌دا. 

ده‌توانین بڵێین هەوڵدان بۆ ئاشنابوون بە چەمکی هەرزەکاری و پێناسە و ڕوونکردنەوەی، یەکێکە لە ئەنجامە دەروونیی و كۆمه‌ڵایه‌تییەکانی نێو پانتایی تازه‌ی شارستانیەت. بەپێی دۆزینەوە دەروونییەکان، هەرزەکاری قۆناغێکە لە بازنه‌ی گەشەی دەروونی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا کە لە دوای منداڵییەوە ڕوودەدات، هەروەها قۆناغێکی پڕ گۆڕانی قووڵه‌ و قۆناغێكی شۆڕش ئاسایه‌. قۆناغی هەرزەکاری، بەتایبەتی ساڵانی یەکەمی ئه‌و قۆناغه‌، پێش هەموو شتێک قۆناغێکە بۆ گۆڕانکاری جەستەیی، سێکسی و دەروونی، هەروەها گۆڕانکارییه‌كی سه‌ره‌كییه‌ لە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی تاكه‌كان. جگە لە گۆڕانکارییش، هەرزەکاران توانا و ویستی پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ژیانیش ده‌بێت؛ ئەمەش له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت كه‌ بڕیاری جێگرتنه‌وه‌ی گه‌وره‌ساڵان‌ و هه‌بوونی پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌بێت.

ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ گۆڕانکارییە فیزیۆلۆژییەکان و هه‌بوونی تایبەتمەندییە سێکسییەكان، تەنیا ڕووداوەکانی هەرزەکاری نین. هەروەها پێشکەوتن و پێشتبه‌خۆبه‌ستنه‌ دەروونییەکانیش لەگه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ڕوو دەدەن. گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییەکان، پێكه‌وه‌ دەبنە هۆی دروستبوون و گۆڕینی کەسایەتی تاكه‌كان. لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەشدا، هەرزەکار هەنگاو به‌ره‌و جیهانی ناوەوەی خۆی دەنێت؛ و لە هێزی بیرکردنەوە تێدەگات و دەستبەرداری تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی قۆناغی منداڵی دەبێت. لە پێناسەکانی چه‌مكی هەرزەکارییدا، بریتییه‌ له‌ گواستنەوە لە قۆناغی منداڵییەوە بۆ قۆناغی گەورەیی به‌ڵام به‌هه‌بوونی گۆڕانکاری لە بارودۆخی جەستەیی و دەروونیی تاكه‌كان. ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا هەرزەکاری بە ماوەی نێوان منداڵی و گەورەیی پێناسە دەکات: زاراوەی هەرزەکاری لە وشەی لاتینی adolescereـەوە وەرگیراوە کە بە واتای گەیشتن بە تەمەنی گەورەیی دێت.

ئەرستۆ هەرزەکارانی وەک بوونەوەرێکی سۆزدار و ئاگرین پێناسە کردووە کە ئامادەن تەسلیم و گیرۆده‌ی غەریزەکانیان ببن. ستانلی هۆڵ، دامەزرێنەری کۆمەڵەی دەروونناسانی ئەمریکی و باوکی توێژینەوەی زانستی لەسەر هەرزەکاران، هەرزەکاری بە قۆناغی گرژی و زریانێکی به‌هێز زانی كه‌ توانای جەستەیی و هزری و سۆزداری نائاسایی ده‌گاته‌ لوتكه‌. دەروونناسه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پێیانوایە: تەمەنی هەرزەکاری بە دەرکەوتنی پێگەیشتنی سێکسی دەست پێدەکات و بە نیگەرانی و ناڕەحەتیەکانی زۆر له‌ ژیان کۆتایی دێت. گرووپێکی دیکە هەرزەکارییان وەکو چەقۆیەک لە نێوان پێویستی پشتبەستن بە گەورەکان و نەبوونی پێویستی و پشتبەستن بە خود پێناسە کردووە.

لە ڕوانگەی ئه‌قڵی و فیکرییەوە، هەرزەکاری بە قۆناغی تێگەیشتن لە چەمکەکان و بیرکردنەوە ئەبستراکت و ئاڵۆزەکان پێناسە کراوه‌، لەو پێناسەیەی کە هارۆکس لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە هەرزەکاری خستۆتیه‌ڕوو، هەرزەکار وەک بوونەوەرێک دەناسێنرێت کە لە ڕووی جەستەییه‌وه‌ ئەزموونێكی سنوورداری هه‌یه‌ و لە ڕوانگەی کولتوورییەوە، پتر وابەستەی ژینگەیەی ده‌وروبه‌ریه‌تی. هەموو شتێکی دەوێت یان حه‌زی له‌ هه‌موو شتێكه‌، بەڵام نازانێت بۆ چی ئه‌و شتانه‌ی ده‌وێ و بۆچی حه‌زیان لێ ده‌كات. وا دەزانێت هەموو شتێک دەزانێت، بەڵام هیچ نازانێت. پێیوایە هەموو شتێکی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچی نییە. نه‌ چێژ لە به‌رهه‌مه‌كانی قۆناغی منداڵی خۆی ده‌بینێت، نە پێدراوه‌كانی قۆناغی گەورەیی، لە خەون و خەیاڵدا دەژی، بەڵام ڕووبەڕووی واقیع دەبێتەوە.

یەکێک لە دەروونناسەدیاره‌کانی گەشەکردن بە ناوی Hoygerhurst8 پێناسەی هەرزەکار بەم تایبەتمەندی و ئامادەکارییانەی خواره‌وه‌ دەکات:

ئارەزووی ئازادی لە هەژموونی دایک و باوک، مەیلی پەیوەندیکردن لەگەڵ هەرزەکارانی دیکە، ئارەزووی هەڵبژاردنی کار و ئامادەیی بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، هەوڵدان لە ڕێگەی هه‌بوونی سەربەخۆیی ئابووری، مەیلی هەڵبژاردنی هاوسەر و دەستپێکردنی خێزان، ئامادەیی بۆ تێگەیشتن لە بەها ئاكاریی و ڕۆحییەکان، ئاگایی به‌رامبه‌ر سنووردارکردن و تواناکانی خۆی و ئەوانی دیکە، پێویستبوونی به‌ ڕێنمایی و پێشکەوتن بەرەو کامڵبوونی خودی. ئه‌مانه‌ تاڕاده‌یه‌كی گشتیترین و لێكچووترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رزه‌كارانه‌. هه‌ر چه‌نده‌ ده‌توانین هەرزەکاری بە قۆناغی ناڕێكی رووحیی تاكه‌كان پێناسه‌ بكه‌ین، چونکە لەم قۆناغه‌دا کەسەکە نه‌ له‌ قۆناغی منداڵییدایه‌، نە بە باشیش پێگەیشتووە.

تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی قۆناغی هه‌رزه‌كاری

یەکەم: هەرزەکاری قۆناغێکی گرنگە: له‌ ڕاستیدا هەموو قۆناغەکانی ژیان گرنگن، بەڵام هەندێکیان گرنگترن لە هەندێکی تر. لە نێوان قۆناغەکانی ژیاندا، هەرزەکاری گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم قۆناغه‌ هەم کاریگەری کتوپڕی لەسەر ڕەفتار و ڕوانگەی مرۆڤ هەیە و هەم ئەنجامێکی درێژخایەنیشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. هەروەها تێکەڵبوونی کاریگەرییە دەروونییەکان و گۆڕانکارییە جەستەییەکانیش گرنگیی ئەم قۆناغه‌ زیاتر دەکات.

دووەم: هەرزەکاری قۆناغێکی ڕاگوزه‌ره‌: هەرزەکاری بریتییە لە گواستنەوە لە قۆناغێکی گەشەکردنەوە بۆ قۆناغێکی تر، ئه‌ویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێشتر ڕوویداوە، جێپەنجەی خۆی لەسەر ئێستا و داهاتوو بەجێدەهێڵێت. ڕه‌فتاره‌ منداڵكارییه‌كان فڕێدەدرێن و شێوازە نوێیەکانی ڕەفتار و هەڵوێست، جێگەی ئەو شتانە ده‌گرنه‌وه‌.

سێیەم.هەرزەکاری قۆناغێكی پڕگۆڕانكارییه‌ كه‌ كه‌ پێنج گۆڕانکاری لە قۆناغی هەرزەکاریدا بە خێراییه‌كی زۆر ڕوودەدەن ئه‌وانیش بریتیین له‌:

1. گەشەکردنی ژیانی سۆزداری، کە خێرایی و ڕادەی گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییەکان، ڕاده‌ و سنووری ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ دیاری دەکات.

2. هەستکردن بە ناسەقامگیری بەهۆی خێرایی گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە گەشەکردنی سێکسییەوە.

3. سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی كه‌ لە جەستە و هۆگریی و ڕۆڵەکانیان له‌ گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا لێیان چاوەڕوان دەکرێت.

4. گۆڕانکاری لە بەهاکاندا بە شێوەیەک کە بایه‌خی پرسە گرنگەکانی ڕابردوو جێگەی خۆی بە پرسە نوێیەکان ده‌دات.

5. گۆڕان به‌ره‌و دۆخێكی ده‌مده‌میانه‌ و ناجێگیر، بۆ نموونە داوای سەربەخۆیی خودی دەکەن به‌ڵام لەو بەرپرسیارێتیانەش دەترسن کە به‌هۆی سەربەخۆبوونیان پێیان ده‌سپێردرێت.

چوارەم: تەمەنی هەرزەکاری تەمەنێکی پڕکێشەیە: بەهۆی نەشارەزایی و قبوڵنەکردنی هاوکاری کەسانی تر، هەرزەکاران ناتوانن لەسەر کێشەکانی خۆیان زاڵ بن، هەروەها چارەسەری به‌ربه‌ست و کێشەکانیان زیاترە لە چاوەڕوانییەکانیان، و هەوڵەکانیان بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکانیان لەوانەیە ببێتە هۆی شکست و زۆرێکیش لەو شکستانە له‌وانه‌یه‌ دەرئەنجامی کارەساتباریان هه‌بێت.

پێنجەم: هەرزەکاری قۆناغێكه‌ بۆ گەڕان بەدوای ناسنامەدا: دۆخی هەرزەکاران ناڕوونە بۆیه‌ وردە وردە بەدوای ناسنامەی خۆیان دەگەڕێن ئه‌ویش بە هەوڵدان بۆ ناسینی ڕۆڵ و توانا و بەهاکانیان. لەم گەڕانەدا، خەباتێکی نوێ بۆ هەستێکی نوێی بەردەوامی دەست پێدەکەن. ململانێ بۆ گەڕان بەدوای ناسنامەدا، کاریگەری لەسەر ڕەفتاری هەرزەکاران هەیە؛ بۆ نموونە ناچاریان دەکات کار بکەن، بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی نوێ بۆ خۆیان بەدەست بهێنن و بیپارێزن.

شەشەم: قۆناغی هەرزەکاری، تەمەنی ترسە: لە لایەک فۆرمه‌ کولتوورییەکان وەک ئاوێنە، په‌رچه‌كرداره‌ گونجاوه‌كانی کۆمەڵگا له‌ خۆیاندا ڕەنگ دەداته‌وه‌، داوا له‌ هەرزەکار ده‌كه‌ن کەسێکی ڕێک و پێک و متمانەپێکراو و داهێنەر بێت و لە لایەکی دیکەشەوە گەورەساڵان بەرپرسیارن لە ڕێنماییکردن و پشتگیریکردنی هەرزەکاران.

حەوتەم: هەرزەکاری قۆناغی خه‌ون و خه‌یاڵه‌: هەرزەکاران هەوڵ دەدەن دۆخی هەنووكه‌ییه‌كه‌یان بگۆڕن و باشتری بکەن ئه‌ویش بە هەبوونی خەون و خه‌یاڵێكی ناڕاستەقینە کە لە ئایدیالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت. به‌ڵام به‌ زیادبوونی بیرکردنەوەی عەقڵانی و پەرەپێدانی ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانیان دەستبەرداری ئەم خه‌ون و خه‌یاڵاتانه‌ ده‌بن.

هەشتەم: هەرزەکاری پانتاییه‌كی به‌رفراوانه‌: لە ساڵانی کۆتایی هەرزەکاریدا کاتێک هەرزەکاران دەگەنە پێگەیشتنی یاسایی، سەرنجیان لەسەر ڕەفتارەکانیان دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ گەورەکاندا پەیوەندی کۆمەڵایەتییان هەبێت و پێیانوایە ئەم ڕەفتارانە، وێنەیەکی ویستراویان لای گه‌وره‌ساڵان بۆ دروست دەکات.

دواجار دەتوانین بڵێین زۆربەی پسپۆڕه‌كان قۆناغی هەرزەکاری بە سنوورێک لە نێوان منداڵی و گەورەیی دەزانن. هەرزەکار لە لایەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ منداڵییدا دەپچڕێنێت و لە لایەکی دیکەشەوە، سەرسامە بە گەیشتن بە سەربەخۆیی و گەنجێتی و گەورەیی، بەڵام بە تەواوی هیچیان نییه‌. بۆیە ئەم قۆناغە پانتاییه‌كی فراوانی هەیە، کە پەیوەستە بە بەشێک لە سنووری منداڵێتی و لە کۆتایی سنووره‌كه‌، لە گەنجێتی نزیک دەبێتەوە.