ئاژاوەی خێزانی، کێشەی تاک و کۆمەڵگای لێ دەکەوێتەوە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ژیانی هیچ خێزانێک، بگرە هیچ مرۆڤێک، بێ کێشە نابێ، کاتێ کێشەیەک چارەسەر دەکەیت، کێشەیەکی تر جێگەی دەگرێتەوە؛ چونکە ژیان بەردەوامە و ڕووداوی جۆراوجۆریش لە خۆدەگرێت و زۆرجار لە دەرەنجامی ئەو ڕوداوانە کێشەی جۆراو جۆر پەیدا دەبێت. کەواتە بوونی کێشە مانای بوونی ژیانە، بۆیە ئەگەر کێشەیەکت هەیە؛ مانای وایە ژیانت بەردەوامە.

بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە نابێت هیچکات کێشەکان لە قەبارەی خۆیان زیاتر گەورە بکەین چونکە دوایی چارەسەرکردنیان ئاسان نابێت و ئەگەر چارەسەریش بکرێت کاریگەری زۆر لەسەر پەیوەندی نێوان تاکەکان بەجێ دەهێڵێت بەتایبەت لەکاتی هەبوونی منداڵ لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا چونکە پەیوەندی نێوان دایک و باوک کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی منداڵ ھەیە و ھەر ئەوەش ھۆکارە بۆ سەرکەوتن یان شکستهێنانی منداڵ لە داھاتوودا.
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی وڵاتی بەریتانیا کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەسەر چەند خێزانێک کراوە، کێشەکانی نێوان خێزان بە شێوازی جۆراوجۆر کاریگەری لەسەر منداڵ دەبێت و منداڵ لە تەمەنی ٦ مانگیەوە ھەست بە کێشەی خێزانی دەکات و ھەر ئەوەش ھۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و دروستبوونی ھۆرمونی سترێس و قەلەقی لە جەستەیدا و لەو کاتەدا منداڵ ناتوانێ بە شێوازێکی تەندروست گەشە بکات.
كێشە خێزانییەكان یەكێكن لەو هۆكارانەی بوونەتە بەربەست لە بەردەم پەروەردەیەكی تەندروستی تاكی كوردی، بوونی كێشەی خێزانی تەنها بۆ ڕابردوو ڕاست نیە، بەڵكو كێشەیەكی گەورەی هەمیشەیی ناو پرۆسەی پەروەردەی كۆمەڵایەتی هەر كۆمەڵگەیەكە، چونكە پرۆسەی پەروەردە دوا دەخات لە ناوەوە لە دەرەوەی خێزانیش بە هەمان شێوە منداڵێكی لاواز و بێبڕیار دەنێرینە ناو كۆمەڵ و قوتابخانە، ئەمەش هێندەی تر كێشەكانی بەردەم پەروەردەی منداڵ زیاد دەكات، لەبەر ئەوەی ئەو منداڵەی لەناو خێزانێكی كێشەدار هاتووەتە دەرەوە بەردەوام بیر و خەیاڵی لای كێشەكانی خێزانەكەیەتی، لەبری ئەوەی سەرقاڵی پرۆسەی پەروەردەی خودی خۆی بێت، لە دواجاردا بەردەوامی كێشەكانی دەبێتە هۆی دەست هەڵگرتنی لە خوێندن یان تێپەڕاندنی بەشێوەیەكی ناتەندروستی بێبەرهەم وەك بەشێكی زۆری تاكی كوردی ئەوسا و ئێستایش گرفتە خێزانییەکان زۆر دەرئەنجامی نەرێنیی لێ دەکەوێتەوە، یەکێک لە دەرئەنجامەکان، کاریگەرییەکی خراپی دەبێ لەسەر دەرون و جەستەی منداڵ؛ جووتیار فەتاح دەڵێت “کێشە خێزانیەکان یەکێکن لەو هۆکارانەی بوونەتە بەربەست لە بەردەم پەروەردەیەکی تەندروست و باشی تاکی کورد”.
جووتیار فەتاح، کە ماستەری کۆمەڵناسیی هەیە، دەڵێت “منداڵ پێکهێنەرێکی گرنگی هەر کۆمەڵگەیەکە و سەرەکیترین پێکهاتەی خێزانە، یەکێکیش لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی دروستکردن و بنیاتنانی خێزان وەچەخستنەوەیە، واتە دروستکردنی منداڵە، ئەگەر ئەم وێنەیە گەورە بکەین بۆمان دەردەکەوێت منداڵ گرنگی و بایەخێکی گەورەی هەیە لەژیانی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک، چونکە ئایندەی کۆمەڵ و وڵات دیاری دەکات، تاوەکو ژینگەی پەروەردەیی منداڵ لەبار و تەندروست بێت، بێگومان تاکێکی باش و بەهێز ئاراستەی ناو کۆمەڵ دەکرێت و بە پێچەوانەشەوە، لە ڕووی پەروەردەییەوە، خێزان بەپێی زۆربەی قسەی پەروەردەکاران و فەیلەسوفانی تایبەتمەند بە بواری پەروەردە بە یەکەمین قوتابخانە یان یەکەمین دامەزراوەی پەروەردەیی ناساندوویانە و پێناسەیان کردوە، کەوابێتە خێزان سەرەتای دەستپێکی وەرگرتنی بنەماکانی پەروەردەی هەر تاکێکە، بە تایبەتی پرۆسەی بە کۆمەڵایەتی بوون، وەک ئەوەی ئەرستو پێی وایە مرۆڤ بوونەرێکی کۆمەڵایەتییە، واتە ناتوانێ بە تەنیا ژیان بکات و پێویستی بە مرۆڤی تر هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵی ژیان بکات، ئەگەر بێت و خێزان لەناو خودی خۆیدا کێشەی هەبێت قورس دەبێت بپڕژێتە سەر پەروەردەکردنی ئەندامانی، چونکە زۆربەی کاتەکانی سەرقاڵی کێشە خودییەکانی خۆی دەبێت، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پرۆسەی پەروەردە، زۆر جار پەروەردەکارانی کۆمەڵی کوردی ڕەخنەی ئەوە لەخێزانی کوردی دەگرن کەوا خێزان نەیتوانیوە ئەندامەکانی بەباشی پەروەردە بکات، تەنها بەخێوی کردون و پێداویستیە فیسیۆلۆژیەکان و ئاسایشی بۆ دابین کردوە”.
لەڕوی کۆمەڵایەتی هەر خێزانێک تاکەکانی لەناو کێشەدا گەورە و پەروەردە بکات دەبێت ئەوەش بزانێت، تاکێکی شەڕانگێزو توندوتیژی بەرهەم هێناوە و لەدواجاردا بۆ خودی خۆی، خێزانەکەی و وڵاتەکەشی کێشە دەنێتەوە، مرۆڤ بونەوەرێکی لاساییکەرەوەیە واتە هەموو ئەو کێشە خێزانیانەی منداڵ دەیبنێت لەناو خێزانەکەی لە دواجاردا دەبنە تایبەتمەندیی ئەو منداڵە و لاسایییان دەکاتەوە”.
جوتیار گوتیشی” بەگشتی کێشە خێزانیەکان کاریگەریەکی گەورە و ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر پەروەردەی منداڵ و دروستکردنی کەسایەتیی تاک، هەرخێزانێک ویستی ئەوەی هەیە منداڵێکی باش و بەسوود بەرهەم بێنێت و تاکێکی بەرهەمدار پێشکەشی کۆمەڵ بکات پێویستیە پێشتر بیر لەکێشەو گرفتەکانی بەردەم پەروەردەکردنی بکاتەوە لە سەرووی هەموویانەوە چارەسەرکردنی کێشە خێزانیەکانی ناو خۆی، گەر وا نەبێت ئەوا ناکرێت چاوەڕوانیەکی باشمان هەبێت لە نەوەکانی ئەو خێزانە، بۆیە کاریگەرترین هۆکار بۆ پێشخستنی کۆمەڵ و پەروەردە خێزان خۆیەتی لە دروستکردنی تاکی بەسوودی ناگەندەڵ، ئەمەش پەیوەندی بەخودی ژینگە پەروەردەییە خێزانیەکەوە هەیە”.

ھەواڵی زیاتر