هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هۆشیاری کۆمەڵگه‌ لە ئاست گۆڕانــکارییە خێراکان

مرۆڤ بەشێکە لە سروشت مرۆڤ توخمێکی دامەزرێنەر و بەردەوامی خێزان و ژینگە و کۆمەڵگایە. مەیدانی مێژوویی بوون لە هەڵوێست و ڕەفتار و کردارەکانی مرۆڤ پێکدێت. لە مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت و هەموو شتێک لەم بوارەدا بۆ مرۆڤە بە بوونی ماددی و مەعنەویەوە، پەیوەندییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی، کارلێک دەکەن بە شێوەیەکی بەردەوام، مرۆڤ بەمەعریفە زیرەکی و زانست و ئەزموون گەشەدەکات.

 پەیوەندییه ماددی و ژینگەیی و كۆمەڵایەتییەكانی مرۆڤ به گشتی له ژێر كاریگەری ئەو ژینگەیه دایە کە تێیدا دەژی بە بەها مێژوویەکان و كولتوور و داب و نەریتەکانیشەوە .

مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا دەژین ئەمە شێوازێکی سروشتی و ناچارییە لە ژیاندا. کۆمەڵگاکان بۆ پاراستنیان و هەبوونیان پێویستیان بە ڕێکخستنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و تەکنەلۆژی هەیە.ئەم ڕێکخستنە لە ناو کۆمەڵگادا دەتوانێت هەندێک یاساوڕێسای بەردەوام لە کۆمەڵگادا ڕێک بخات. لەوانەیە ئەم یاسایانە بەپێی بارودۆخی کات و پێداویستییەکان بگۆڕدرێن. 

گۆمەڵگای مرۆڤایەتی جگە لەو زانستە سروشتییەی کە هێزی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگایەکدا پێویستی پێیەتی، پێویستی بە زانست و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی گەشە سەندوو مسۆگەر بکات. هەموومان لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی کۆمەڵگادا شەرەفمەندین، هەموومان دەتوانین ئەم شەرەفە بۆ خۆمان بگەڕێنینەوە،چونکە هەموومان کارمان کردووە بۆ ئەو کۆمەڵگایە کە لە هەموو چین و توێژێک پێکهاتووە.

پێویستە لە بیری نەکەین کە کۆمەڵگاکان بەردەوام لە گۆڕاندان، بەڵام ڕێژەی گۆڕانکارییەکان کە ڕوودەدەن لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازە. کۆمەڵگا نەریتییەکان هێواشتر دەگۆڕدرێن بە بەراورد بە کۆمەڵگا پیشەسازییەکان کە خێراتر گۆڕانکاریان تیایدا ڕوودەدات. هیچ کۆمەڵگایەک نییە نەگۆڕێت. لە کاتێکدا گۆڕانکاری چارەسەرە بۆ هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی،بەڵام لە کۆمەڵگا داب و نەریتیەکاندا لە هەندێ حاڵەتدا کێشەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەی گەورە سەرهەڵدەدەن گۆڕانکاریەکان نامۆدەبن بۆ ئەم کۆمەڵگایە بە پێجەوانەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان کە گۆڕانکاریەکان تێیاندا ئاساییەو وپێشوازی لێ دەکرێت.

هەرێمی كوردستانیش وەك هەر وڵاتێكی تر کەوتۆتە بەر تەوژمی گۆڕانکاری بەگوێرەی (كولتوور، مەزهەب و ئایین، باری ژیان، دۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری) كۆمەڵێك دابونەریتی هەیە كە هاوڵاتیان كەم تا زۆر پێوەی پابەندن، بەگوێرەی هەلومەرجیش گۆڕانكاری بەسەر ئەو دابونەریتانەدا هاتووە، هەندێكیان تۆختر یاخود كاڵتر بوونەتەوە.

لەهەمان كاتدا پرۆسەی گۆڕانکاری کە ئەنجام دەدرێت بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا و ڕۆشنبیرکردن و هۆشیاری تاکەکانە، پێویستە هەنگاو بە هەنگاو و بەشێوازێكی نەرم و ئەرێنیانە ئەنجام بدرێت، تاکو خەڵك گۆڕانكارییەكان وەربگرن نەك ڕەتی بکەنەوە و كاردانەوەی توند لەهەمبەریدا نیشان بدەن، چونكە هاوڵاتیانی كۆمەڵگا نەریتییەكان هەروا بەئاسانی ئامادەی گۆڕانكاری نین لە داب و نەریتەكانیان، یاخود ئەگەر ڕاستەوخۆ ئەو هەوڵی گۆڕانە ئەنجام بدرێ، ڕەنگە كاردانەوەی تووندوتیژیشی لێ بكەوێتەوە، باشترین ڕێگای ئەم گۆڕانەش بریتییە لە شێوازی ناڕاستەوخۆ بێت،هەروەها پێویستە ڕێگەبگیرێت لە سوكایەتی بە بیروباوەڕ و بەهاكانی كۆمەڵگا و چونکە کۆمەڵگا جێگای هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکانە.

بۆچی پێویستە ئافرەتان هۆشیارانە تر خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا ؟

ئافرەتان بە بەشێك لە قەوارەی سەرجەم کۆمەڵگە دەژمێردرێن،بەگشتی لەهەر بارودۆخێکدابێت جیا نابێت، وەبە پێکهاتەیەکی سەرەکی وگرنگ دادەنرێت لە کۆمەڵگەدا، وەهەروەها بڕیاردانی ئافرەت بە گرنگ دادەنریت لە یاساو سیاسەت و بەرەو پێش چونی ژیانی سیاسی. چۆن پیاو ڕۆڵی ھەیە لە ھەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگا بە ھەمان شێوەش ئافرەتانیش دەبێت ڕۆڵیان ھەبێت بۆ بەرەوو پێشچوونی کۆمەڵگا دەبێت ھەردوو ڕەگەز ڕۆڵ و کاریگەرییان ھەبێت.

شتێکی زۆر گرینگ کە دەبێت ئافرەتان بیزانن و هۆشیارانە تر ڕەفتار بکەن دروستبوونی گۆڕانکاریەکانە کە لە ووڵاتە پێشکەوتوەکاندا گۆرانکاریەکان ئاسایین و ئافرەتان ئازادانە تر دەتوانن جێبەجێ بکەن،بەڵام ئەم بابەتە بۆ ئافرەتانی کۆمەڵگای کوردی تۆزێ ئەستەم ترە پێویستە زۆر هۆشیارانە تر خۆیان لەگەڵی بگونجێن زۆرجار لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدان و سووکایەتی کوشتن دەبنەوە،بۆ ڕوونەدانی ئەم گرفتانە و بەرپێ گرتنیان زۆر گرینگە ئافرەتانی کورد بە ڕەچاوکردنی بەها کۆمەڵایەتی و خێزانی و کلتووریەکان بەهاوسەنگی و هۆشیارانەتر گۆڕانکاریەکان جێبەجێ بکەن

زۆر گرینگە دایکان و باوکان هۆشیاربن لە پەروەردەکردنی منداڵێکی تەندروست و تاکێکی تەندروست بۆ ئاشناکردنیان بە گۆڕانکاریە سەردەمیەکان کە لە ئێستادا بەشێوەی خێرا و کاریگەر ڕوودەدەن لە کۆمەلگادا.