تەکنەلۆژیا لە بواری پەروەردە و فێربووندا

تەکنەلۆژیا بەردەوامە لە گۆڕینی سەرجەم کایەکانی ژیاندا. کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا بەسەر کەلوپەلەکان بە بەراورد بە هەر بوارێکی تر و زانستێکی تر زۆرترینە.

تەکنەلۆژیا توانیویەتی کۆمەڵگا بگۆڕێت و، ئەوەشی کردوویەتی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تەکنەلۆژیا زیانی نییە و ئەو خراپیانەشی کە هەیەتی دەرئەنجامی خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایە. ئەم شێوە گەشەکردنەی تەکنەلۆژیا، کاریگەری و گۆڕانی زۆری بەسەر سەرجەم بوارەکاندا هێناوە بە تایبەت بواری پەروەردە کە چووەتە قۆناغێکی نایاب. تەکنەلۆژیا ئەمەشی گۆڕیوە، ئەو گەشەپێدان و گۆڕانکارییانەی کە لە بواری پەروەردە ڕوویداون لێرە ئاماژەیان پێدەکرێت.
زۆر لە قوتابخانەکان وازیان لە رێگا تەقلیدیەکەی وانە وتنەوە هێناوە و بە ئامێری پێشکەوتوو وانەکان دەڵێنەوە، کە بەم رێگایە دەستخستنی زانیاری ئاسانتر و زۆر زیاتر و هەمەچەشنترە. بە قسەی چەندین مامۆستا کە سمارت بۆرد بەکاردێنن بۆ وانە وتنەوە، گەیاندنی زانیاریەکان بە قوتابییەکان زۆر ئاسانتر بووە و کاتێکی زۆریان بۆ گەراوەتەوە، ئەڵبەت ئەوەشیان باسکرد کە شێوازە کۆنەکە ماندووبونی زیاتر و کاتی زۆرتری دەویست بۆ ڕونکردنەوەی بابەتەکان جیا لەمە ئێستا دەتوانین لەگەڵ باسکردنی بابەتەکان وێنە و ڤیدیۆ بەکاربێنین کە قوتابی باشر تێدەگات و زووتر وەریدەگرێت.
بەیەکگەیشیتنی قوتابی و مامۆستا و خوێندن بە جۆرەها شێواز: لە ڕابردوودا بۆ ئەوەی قوتابی و مامۆستا بۆ هەر کار و چالاکییەک یەکیان ببینیایە، تەنیا بە شێوەی فیزیکی دەبوو و دەکرا بەهۆی ئەم هۆکارەوە گفتوگۆش نەکرایە. ئاسانکارییە ئەگەر ئەم ڕێگە فیزیکییە کورت بکرێتەوە و بەهۆی ناردنی یەک ئیمەیڵەوە مەبەستی خۆیان بپێکن. ئێستا بۆ مامۆستایان و قوتابییان ئاسانە لە هەر شوێنێک بن لە پەیوەندی بمێننەوە، جا بەهۆی ناردنی ئیمەیڵەوە بێت یان ئەو ئەپە نامەبەرانەی ئێستا.
هەروەها یەکێک لە گۆڕانکارییە گرنگەکانی پەروەردە و خوێندن لە لایەن تەکنەلۆژیاوە بریتییە لە پێدانی وانە بە جۆرەها ڕێگە و شێواز. مامۆستاکان دەتوانن ڤیدیۆ تۆمار بکەن و بۆ قوتابییەکانی بنێرن یان مامۆستاکانی دیکە دەتوانن لە ماڵپەڕە ئەکادیمییەکان بەرامبەر بڕە پارەیەک خولی جیاواز بدەن بە قوتابیان.
فێربوون بە درێژایی ژیان: لە ڕابردوودا خەڵکەکان دوای تەواوکردنی خوێندن، دەوەستان لە فێربوون و بەردەوامییان نەبووە لە کاتێکدا مرۆڤ، چرکەچرکە پێویستی بە زانیاری نوێیە. داواکاری و پێویستیەکانی کار مانای ئەوەیە لەسەر خەڵک پێویستە ڕێگەی نوێ بۆ ئەنجامدانی شتەکان فێر بێت. مرۆڤەکان دەتوانن لە پێویستی و داواکانی کار دەربچن و کار بکەن، ئەویش بە فێربوونی چۆنیەتی کارەکە لە ڕێگەی دەزگا نافرمییەکانەوە کە هەموو جۆرە خولێکی بوارەکانی جیهانیان تێدایە و لە ماڵەوە دەتوانیت ئەم خولانە وەربگریت و بڕوانامەی فەرمی و پشتگیریکراو بەدەستبهێنیت. هەروەها بە گشتی هەموو مرۆڤەکان دەتوانن لە هەر کاتێکدا بێت بە شوێنکەوتنی ماڵپەڕە زانستیەکان زانیاریی نوێ وەربگرن و فێر بن.

ھەواڵی زیاتر