شاری هەولێر شارێکی فرەکولتوور و فرەزمانە

لەو ماوەیەی رابردوو ماستەری بەدەست هێناوە لە کۆلێژی پەروەردە لە بەشی زمانی کوردی بە ناونیشانی (دیمەنی زمانی لە شاری هەولێردا)؛ بۆ ئەو مەبەستە دیدارێكی رۆژنامەوانیمان لەگەڵ (جیهان یوسف ئەحمەد)دا رێک خست دەربارەی ناساندنی چەمکی دیمەنی زمانی؛ دیمەنی زمانی یاخود بەرجەونی زمانLanguage Landscape :، هەموو ئەو لایەنە بینراوانەی زمانە، کە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکاندا بەرچاو دەکەون؛ وەک: ناوی شەقام و گەڕەک و ناوی شوێنە گشتی و تایبەتیەکان، هتد.

ئەم دەستەواژەیه‌ نوێیە و پێشتر دەستەواژەی ” تابلۆ”ی بۆ بەکار هاتووە، هەرچەندە دەستەواژی تابلۆ بەگشتی بۆ تابلۆی هونەری بەکار دێت، بەڵام تابلۆ ئەگەر نووسراو بێت، جۆرێکە لە جۆرەکانی دیمەنی زمانی. وەک “تابلۆی هاتوچۆ”. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو واتایە گشتییەی نییە، کە دیمەنی زمانی هەیەتی، چونکە دیمەنی زمانی هەموو ئەو دیمەنە نووسراوانە دەگرێتەوە، کە ڕۆژانە بەرچاومان دەکەون و ڕوبەڕویان دەبینەوە؛ جا لە هەر کەرستەیەکی وەکو تابلۆ یان قوماش یان دیوار یان لە بەرد و مەڕمەڕ، یان نووسینی سه‌ر به‌رگی به‌رهه‌مه‌ بازرگانییه‌كان، تاد، بەرجەستە ببێت. 

بۆ ئەنجامدانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دیمەنی زمانیی چوار شەقامی سەرەکیی شاری هەولێر وەک نمونە وەرگیراوە، کە شەقامه‌كانی: کۆیە، شۆڕش، بەختیاری، مەخمورن؛ بە هەردوو ئاراستەکەیەوە (60م. بەرەو40م) (40م. بەرەو60. م، هەوەها هەمو دیمەنە زمانییە حکوومی و بازرگانییەکان وەرگیراون، کە ژمارەیان (679) دیمەنی زمانییە. 

• گرینگیی ئەم بابەتە لە چیدایە؟

بابەتی دیمەنی زمانی، ئەگەرچی لە میدیا و کۆڕوکۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت، تەنانەت چەند لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمش لەم بارەویەوە ئەنجام دراون. بەڵام لە چاو گرنگی بابەتەکە و شیکردنەوەی داتاکان بە زمانی ژمارە و ئامارەوە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەبوو. سەرەڕای ئەوەی وەکو زاراوەش لە کوردیدا نوێیە و بە پێی پێویست کاری لەسەر نەکراوە. 

وەکو ڕونە شاری هەولێر شارێکی فرەکولتوور و فرەزمانە. ئەو زمانانەش، لە ڕوی پایەی کۆمەڵایەتی و تێڕوانینی خەڵکەوە، وەک یەک نین. بۆیە پلەبەندی لە نێو زمانەکاندا هەیە. بۆ خوێندنەوەیەکی ئەکادیمیانەی ئەو ڕیزبەندییەی کە بۆ زمانەکان لە شاری هەولێردا هەیە. پێویست بوو لێکۆڵینەوەیەکی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت. 

 لەلایەکی تریشەوە گرنگییەکەی و هۆی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بزانین ئاستی جیهانگەرایی و بوونی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و توركمانی و سریانی لە شاری هەولێردا تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر دیمەنی زماندا هەبووە، هەروەها چۆنیەتیی ڕیزبوونی زمانەکان لە دیمەنی زمانی و زانینی پایەی جیاوازی زمانەکان، لە شەقامێک بۆ شەقامێکی تر و بەکارهێنانی تەکنیکی زەقکردنەوەی وشە و زاراوە بیانییەکان و سەپاندنیان بەسەر زمانی كوردیدا. خستنەڕوی هەمو ئەمانە نەک وەکو میدیاکارێک، بەڵکو بە شێوەیەکی زانستی و بە زمانی ژمارە و ئامار، هۆکارێکی تری هەڵبژاردنی ئەم بابەتەن. 

هەوەرها گرنگیی ئەم بابەتە لە ڕوی کارەکییەوە، ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ دەکرێت ببێتە یارمەتیدەر بۆ داڕێژەرانی پلانی زمانی؛ بە تایبەتی ئەکادیمیای کوردی و لێژنە تایبەتەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی زمانی کوردی لەناو زمانەکانی تردا. هەروەها دەشێت ببێتە سەرچاوەیەک یان دەستپێکێک بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتری ئەو بابەتە، بەتایبەتی بۆ شارەکانی تر؛ یان لە ڕەهەندەکانی تری وەک: دەروونی و مێژویی و سیاسی و هتد. سەرەڕای ئەمانەش، ئەنجامەکانی دەبێتە سەرچاوەیەکی بەسود بۆ پلانی زمانی، لە داهاتودا. 

• بە پێی ئەو لێکۆڵینەوەیە دیمەنی زمانی شاری هەولێر بەگشتی چۆن بەدیکرا؟

لە کۆمەڵگەیەکی فرە زمانی وەک شاری هەولێر، بە شێوەیەکی سروشتی، پایەی زمانەکان دیتە پێشەوە، لە نێوانیاندا یەک تێڕوانینی کۆمەڵایەتی بۆ زمانەکان دروست نابێت. ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵ دەدات نەخشەی ئەو فرەزمانییە بخاتەڕو لەهەمان کاتیشدا وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:

1. جیهانگەرایی ئابووری و زمانی ئینگلیزی بە تایبەتی لەو شوێنانەی، کە هاوچەرخن، تا چ ڕادەیەک بەسەر زمانی کوردیدا زاڵە؟

2.  پایەی زمانی کوردی و زمانی فەرمی، تا چ ڕادەیەک لە دیمەنی زمانیدا ڕەنگی داوەتەوە؟

3.  ڕیزبەندیی و پێشینەی بەکارهێنانی زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی، فارسی، تاد، بە چ شێویەکە، لە دیمەنی زمانی حکومی و بازرگانیدا؟

4.  ئەو هەڵە ڕێزمانییانە چین، کە لە دیمەنی زمانیدا دەبینرێن؟

5. ئایا لە سامپڵەکانی ئەم نامەیە، لە هەر چوار شەقامەکەدا پایەی زمانی کوردی وەک یەکە؟

• بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامەکانی ئەم لێکۆلینەیە چی بوون؟

1. بەشێوەیەکی گشتی ناونیشانی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان پابه‌ندی یاسای زمانه‌ فه‌رمییه‌كانن، بەڵام ناونیشانی شه‌قامه‌كان، وه‌ك پێویست پابه‌ندی یاسای زمانه‌ فه‌رمییه‌كان نین. ناوی شوێن و شه‌قامه‌كان به‌ زمانی كوردی نووسراون، ئابووری و دەستکەوتی ماددی، زاڵە بەسەر هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستیی زمانی نەتەوایەتی، چونکە داتا و ئامارەکان ئاماژە بە باڵادەستی زمانی ئینگلیزی دەکەن. لەسەروی هەموو زمانەکاندا . له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا زمانی كوردی زۆر به‌ سنورداری به‌كارهاتوه. ‌بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە هاوچەرخن و شوێنی بازڕگانین، ئەو کاریگەریە ڕونتر دەبینرێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، جیهانگه‌رایی ئابووری، خۆی له‌خۆیدا زمانی ئینگلیزیی به‌سه‌ر بازاڕی وڵاتاندا سه‌پاندوه‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، كڕیاره‌كانی ئه‌و ناوچانەی شاری هه‌ولێر، پێده‌چێت تابلۆی به‌ ئینگلیزی نووسراو و ناوی ماركه‌ بیانییه‌كانیان به‌لاوه‌ سه‌رنجڕاكێشتر بێت، بۆیه‌ خاوه‌ن كاره‌كان زمانی ئینگلیزیییان بۆ ناساندنی بازرگانییه‌كه‌یان هه‌ڵبژاردووه؛

2.  لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا ڕێنمایی بۆ چۆنیەتیی نووسینی دیمەنی زمانی هەیە، بەڵام خەڵک بەگشتی پابەندنین و لە ڕێنماییەکان لادەدەن، دیمەنە زمانییەکانیان بەشێوەی نافەرمی دەنووسن، چونکە بەپێی ئامار و داتاکانی ئەم نامەیە، دیمەنە زمانییەکان سەدا٢٧یان، بەشێوەی فەرمی نووسراون، سەدا٧٣یش، به‌ شێوەی نافەرمی نووسراون. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار، ئازادیەکی تەواویان بە نووسینی دیمەنی زمانی داوە. هه‌روه‌ها هیچ سانسۆرێک لەسەر بەکارهێنانی زمانه‌كان له‌ دیمەنی زمانیدا نییە. بۆیە خەڵکی پابەندی پلانی زمانی نه‌ته‌وه‌یی نین؛

4.  پێوەری زانستییانە بۆ دیای کردنی زمانی زاڵ، لەو دیمەنە زمانیانەی، کە تەکنیکی زەقکردنەوەی وشە و زاراوەیان بەکارهێناوە. بریتییە لە زمانی وشە زەقکراوەکە، کە دەبێتە زمانی زاڵ بۆ ئەم دیمەنە زمانییە. لەم نامەیەشدا، بەپێی ئامار و داتاکان ئەو دیمەنە زمانییانەی کە ئەو تەکنیکەیان بەکارهێناوە، بەم شێوەیەن: زمانی کوردی بەڕێژەی (21. 1%)، زمانی عەرەبی بەڕیژەی (22. 8%)، زمانی ئینگلیزی بە ڕێژەی (45. 5%) زه‌قكراوه‌ته‌وه‌. لێرەشدا زمانی ئینگلیزی بەشێوەیەکی بەرچاو زەقکراوەتەوە بەسەر وشەکانی تری ناو دیمەنە زمانییەکە، بەشێوەی دو ئەوەندە و زیاتریش، زمانی عه‌ره‌بیش پێش زمانی كوردی كه‌وتووه؛

5. داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زمانی نەتەوە بچوکەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو پەراوێزخراون. 

6. لەڕوی زمانەوانییەوە لەدیمەنی زمانیی هەرچوار شەقامدا، هیچ ڕستەیەکی تەواو بەدینەکرا، ئەوەی بەکارهاتوە. بریتییە لە ناساندنی شوێنی بازرگانی به‌هۆی فرێزی ناوی و فرێزی به‌نده‌وه‌. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە، کە لە دیمەنی زمانیدا هەوڵدەدرێت بەکورتترین دەربڕین، زۆرترین مەبەست بگەیەنرێت. هه‌روه‌ها ئه‌م ئه‌نجامه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ له‌بوواری بازرگانیدا، ڕسته‌ كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كیی له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن نییه.

* پێشنیازی ئێوە چیە بۆ لایەنی بەرپرس؟ 

١. پێویستە حکوومەت و لایەنی بەرپرس، ئاوڕێکی جددی لە بابەتی دیمەنی زمانی بدەنەوە، چونکە بابەتێکه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ بوونی زمانی كوردییه‌وه‌ هه‌یه‌ و وه‌ك چاودێرێك له‌ گه‌شه‌ی زمانه‌كان و به‌های زمانه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا؛

٢. پێویستە ئەوانەی، کە دیمەنی زمانی دەنووسن، کەسانی شارەزا و پسپۆڕی زمانی كوردی بن و ڕەچاوی لایەنی زمانەوانی بکەن؛

٣. هەرچەندە شاری هەولێر شارێکی فرەزمانە و هاتۆچوی وڵاتانی تری بەسەرەوەیە و ناکرێت زمانی بیانی بەکارنەهێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە زمانی فەرمی لەسەروی زمانی نافەرمیدا بەکار بێت. بۆیە لەسەر حکوومەت و لایەنی بەرپرس پێویستە سانسۆر و چاودێری له‌سه‌ر دیمه‌نی زمانی دابنێت و سزا له‌سه‌ر پێشێلكاران بسه‌پێنێت؛

٤. پێویسته‌ میدیاكاران گرنگیی زیاتر به‌ مه‌سه‌له‌ی دیمه‌نی زمانی بده‌ن، چونكه‌ دواجار ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ستی مرۆڤ به‌رانبه‌ر زمانه‌كه‌ی و به‌كه‌م دانه‌نانی زمانی نه‌ته‌وه‌ی خۆی.

ھەواڵی زیاتر