ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌یاڵی كۆمهڵناسیانهی هه‌یه ده‌توانێت له كاریگه‌ریی ڕووداوه مێژووییه مه‌زنه‌كان له ژیانی تایبه‌تی و چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كه‌سانی تر، تێبگات. ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌یاڵێكی له‌م چه‌شنه‌ی هه‌یه به باشی ده‌زانێت كه بۆچی تاكه‌كان له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیان زۆرجار هوشیارییه‌كی درۆیینه‌یان له‌باره‌ی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان هه‌یه. به ده‌ربڕینێكی تر، خه‌یاڵی كۆمه‌ڵناسیانه یارمه‌تیمان ده‌دات بێنه‌وبه‌رده‌ی ژیانی ڕۆژانه‌مان و سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن له‌پێشچاو بگرین و له ڕێگه‌یه‌وه خه‌ریكی پلهبهندكردن و ڕوونكردنه‌وه‌ی سایكۆلۆژیای كه‌سانی جیاواز بین (جا چ مێ بێت یان نێر). به‌م چه‌شنه، له بری ئه‌وه‌ی جه‌ختمان له‌سه‌ر كێشه و گرفته كه‌سییه‌كان بێت، پێداگریی له‌سه‌ر پرسه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كێشه گشتییه‌كان ده‌بێته ئه‌لته‌رناتیڤی لێكچوون و هاوشێوه‌بوونی گشتی.
سوودی یه‌كه‌می ئه‌م خهیاڵكردنهوهیه و یه‌كه‌مین وانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه لێیه‌وه به‌رهه‌مدێت بریتییه له‌وه‌ی كه ئینسان ته‌نیا ئه‌و كاته به‌هێزه كه چه‌مكی ژیان تێبگات و چاره‌نووسی خۆی بدۆزێته‌وه و خۆی له سه‌رده‌مه‌كه‌ی جێگیر بكات. ئینسان ئه‌و كاته ده‌توانێت پێگه و ده‌رفه‌ته‌كانی خۆی دیاری بكات كه ئاگای له ڕه‌وش و دۆخی ژیانی ئه‌و كه‌سانه بێت كه له هه‌لومه‌رجی ئه‌ودان.
ئه‌م مه‌عریفه‌یه له زۆر ڕوه‌وه، وانه‌یه‌كی ترسناك و له هه‌مان كاتدا پڕبه‌هایه. ئێمه هێشتا سنووری توانای ئینسان بۆ چالاكییه باڵا و به‌هێزه‌كان نازانین نه‌ك ئه‌وه به‌ڵكو سنووری ئازار و خۆشیش به ڕاستی نازانین، به‌ڵام هیشتا ئه‌وه ده‌زانین كه سنوور و به‌ربه‌سته‌كانی سروشتی مرۆیی به‌ڕاستی بێ هه‌ژماره. ئەمڕۆ به باشی له‌وه گه‌یشتووینه كه هه‌موو كه‌سێك به‌درێژایی ژیانی خۆی، سه‌رگوزه‌شته‌یه‌كی تایبه‌ت له قۆناغێكی تایبه‌تی مێژوویی بۆ خۆی دروست ده‌كات. به‌م شێوه‌یه، هه‌ر چه‌نده خود به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه و گۆڕانه مێژووییهكانیهتی، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا، له دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان و ڕه‌وته مێژووییه‌كه‌یدا به‌شداره.
خه‌یاڵی كۆمه‌ڵناسیانه یارمه‌تیمان ده‌دات تاكو بتوانین مێژووی كۆمه‌ڵگه و سه‌رگوزه‌شته‌ی كه‌سیی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان تێبگه‌ین. ئه‌م ناسینه ئه‌رك و په‌یامی خه‌یاڵی كۆمهڵناسیانهیه. بایه‌خدان به‌م په‌یامه وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به‌رجه‌سته‌ی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تیی كلاسیكه. ئه‌م خه‌سڵه‌ته نایابه له به‌رهه‌مه‌كانی هێربه‌رت سپنسه‌ر، ئۆگۆست كۆنت، ئه‌میل دۆركایم، كارل ماركس، و ماكس ڤێبه‌ر و كارل مانهایم به‌ڕوونی ده‌بینرێت. ئه‌م په‌یامه هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی دیار له به‌رهه‌مه‌كانی ڤێبلن، ده‌بلیو ئێچ له‌كی و جۆزێڤ شوپێتهر خراوه‌ته ڕوو. به‌كورتی، ناسینی ئه‌م په‌یامه باشترنی خه‌سڵه‌تی توێژینه‌وه هاوچهرخهكانه له‌باره‌ی ئینسان و كۆمه‌ڵگه.
به بۆچوونی من، توێژینەوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه به پرسه‌كانی سه‌رگوزه‌شته‌ی كه‌سی و مێژوو و په‌یوه‌ندییه دوولایهنهكانینهوه په‌یوه‌ست نابێت، په‌یامی ڕۆنشبیرانهی خۆیان ئه‌نجان ناده‌ن. ئه‌و كۆمه‌ڵه تویژه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه كلاسیكه‌ی كه خه‌ریكی تاوتوێكردنی لایه‌نه‌كانی واقعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، جگه له‌و پرسانه‌ی له‌پێشچاوی ده‌گرن، ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی په‌یامی توێژینه‌وه‌كه‌یان وشیار نه‌بن، به‌رده‌وام سێ جۆر پرسیاری سه‌ره‌كی زه‌ق ده‌بنه‌وه:
1. بینای گشتیی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراو چییه؟ توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی كامهنن؟ و چۆن ده‌كرێ به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ست بن؟ ۆن سیسته‌می كۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ سیسته‌می كۆمه‌ڵگه‌كانی تر جیاوازه. چه‌مك و كاریگه‌ری خه‌سڵه‌ته تایبه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگه كه به‌رده‌وام له گۆڕان و وه‌رچه‌رخاندایه كامانه‌ن؟
2. چه‌مك و كاریگه‌ری كۆمه‌ڵگه له پیشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا چییه؟ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه چ ڕۆڵێكی له كامڵبوونیدا هه‌یه؟ توخمه سه‌ره‌كیی و دیاریكه‌ره‌كانی قۆناغه مێژووییه‌كانی كۆمه‌ڵگه چییه؟ خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی قۆناغی هه‌نوكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی پێشتریدا چییه. ئه‌دگار و تایبه‌تمه‌ندییه مێژووخولقێنهكانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه چییه؟ ئه‌و میكانیزمه‌ی كه به‌هۆییه‌وه كۆمه‌ڵگه ده‌گۆرێت چییه؟
3. نه‌وه‌ی ئیستای ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه چ جۆره كه‌س و كه‌سایه‌تییه‌ك پێكده‌هێنن؟ نه‌وه‌ی داهاتوو چۆن كه‌سایه‌تییه‌كیان ده‌بێت؟ هۆكار و شێوه‌ی پێشكه‌وتن و هوشیاری و لێكچوونی خه‌ڵك چیین؟ جۆره‌كانی سروزشتی مرۆیی كه له ڕێگه‌ی ڕه‌فتار و كه‌سایه‌تییانه‌وه لهپێشچاودهگیردرێت، كامانه‌ن؟ چ لایه‌نێكی تایبه‌ت كاریگه‌رییان له هاتنه‌كایه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سایه‌تییانه هه‌یه؟
هه‌رچه‌نده بابه‌تی لێتوێژراو، ده‌وڵه‌تی به‌هێز، پرۆسه‌ی ئه‌ده‌بی، خێزان، زیندان یان ته‌نیا مه‌رام و بیروڕا بێت، ئه‌مانه له‌و چه‌شنه پرسیارانه بووه كه له لایه‌ن باشترین تویژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خراوه‌ته ڕوو. ئه‌م پرسیارانه، بنچینه‌ی تیۆریی توێژینەوه كلاسیكه‌كان سه‌باره‌ت به ئینسان و كۆمه‌ڵگه له قه‌ڵه‌م ده‌درێن و خستنه‌ڕوویان له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خه‌یاڵی كۆمهڵناسیانهیان هه‌یه شتێكی به‌ڵگه‌نه‌ویسته، چونكه خه‌یاڵی كۆمه‌ڵناسیانه ئامرازێكه بۆ په‌ڕینه‌وه له ئاسۆیهكهوه بۆ ئاسۆیه‌كی تر، له پرسه سیاسییه‌كانه‌وه بۆ پرسه ده‌روونییه‌كان، له توێژینه‌وه له‌باره‌ی خێزان بۆ توێژینەوه‌ی پراكتیكی له‌باره‌ی داهاته نیشتیمانییه‌كانی وڵاته‌كان، له قوتابخانه‌یه‌كی ئایینییه‌وه بۆ ده‌زگایه‌كی سه‌ربازیی، به كورتی له تاوتوێكردنی پیشه‌سازی نه‌وتییه‌وه بۆ توێژینەوه‌ی شیعری هاوچه‌رخ. به‌ده‌ربڕینێكی تر، خه‌یاڵی كۆمه‌ڵناسیانه ئامرازێكه بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ناكهسییترین و مێژوویی‌ترین گۆڕانه‌كان تا نزیكترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سایه‌تیی مرۆیی و دیاریكردنی په‌یوه‌ندییه دوولایهنهكانیان، هه‌ڵبه‌ته له‌ودیو به‌كارهێنانی ئه‌م خهیاڵهوهش، پێویسته به‌رده‌وام له ڕووی په‌یبردن به چه‌مكه كۆمه‌ڵایه‌تیی و مێژووییه‌كانی تاكه‌كان و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه تێیدا ده‌ژێین هه‌وڵ و ته‌قه‌لای پێویست بهكاربهێنرێنرێت.
به‌م هۆیه، مرۆڤی مۆدێرن، هیواخوازه به‌هۆی یارمه‌تییه‌كانی خه‌یاڵی كۆمهڵناسیانهوه هۆكاری ڕووداو و ئه‌و گۆڕانكارییانه تێبگات كه له كۆمه‌ڵگه و له ناو زه‌ین و هه‌ستی تاكه‌كان ڕووده‌دات. هوشیاری ئینسانی مۆدێرن پشتئه‌ستووره به ڕێژه‌ی تێگه‌یشتنیان له‌باره‌ی ڕێژهبڕوایی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌سه‌ڵاتی شۆرشگیڕیی میژوو. به بۆچوونی من، خه‌یاڵی كۆمه‌ڵناسیانه پڕبارترین شێوه‌ی ئه‌م چه‌شنه هوشیارییهیه، چونكه له ڕۆشنایی ئه‌و خه‌یاڵه‌وه، ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن زه‌ین و هه‌ستێكی ساده و سنووردارن، له هه‌مان كاتدا، هوشیارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌شیان له‌باره‌ی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیانه‌وه هه‌یه. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ژێر كاریگه‌ری خه‌یاڵی كۆمهڵناسیانهدان له ڕاستیبوونی پرس و ئه‌و بڕیارانه‌ی كه پێشتر وه‌ك پره‌نسیپه بابه‌تیی داده‌نرا، گمانیان لێ ده‌كرا و به به‌رهه‌می هه‌ست و زه‌ینێكی شێواو له قه‌ڵه‌م ده‌دران.
به‌كورتی، توانا و ده‌سه‌ڵاتی فکری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خاوه‌ن خه‌یاڵی كۆمهڵناسیانهن، خه‌ریكی تاوتوێكردنی شێوه‌یه‌كی تازه له بیركردنه‌وه‌ن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رله‌نوێی به‌ها و نۆرم و پره‌نسیپه‌كان. كورته‌ی قسه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌یاڵی كۆمهڵناسیانهیان هه‌یه له ڕێگه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه و هه‌ستیارییه‌كانی خۆیانه‌وه، مانایه‌كی كولتووریی تازه به سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.
سه‌رچاوه: سی. ڕایت. میڵز، خه‌یاڵی كۆمه‌ڵناسیانه، 2022.