پاراستنی منداڵ له‌ پێکان و قەومان

خێزانی منداڵدار، پێویستە چەند هەنگاوێك بگرێتە بەر بۆ ئەوەی منداڵەكەیان لە هەر ئەگەرێكی نەخوزازراو بپارێزن.

د. رەمەزان خزر ئەحمەد پسپۆڕی خێزان، بە چەند خاڵێك ئامۆژگاریی دایك و باوكان دەكات كە بۆ پاراستنی تەندروستیی منداڵەكەیان ڕەچاوی چەند خاڵێک بكەن.

د. رەمەزان خزر ئەحمەد سەرەتا بە پێویستی دەزانێت كە لە ئۆتۆمبیلدا كورسی و ئەسکەمیلی تایبه‌ت به‌ منداڵ به‌كار بهێنن تا باڵغ ده‌بێت بۆ 9 -12 ساڵ. پێویسته‌ له‌ كورسی دواوە سواربێت تا 13 ساڵان. جەختیش دەكاتەوە بۆ شۆفێریكردن بەتایبەت كە منداڵتان لەگەڵ بوو هه‌رگیز پاش خواردنه‌وه‌ی ئارەق و گیراوەی کحولی یان ده‌رمانی خەوهێنەر شوفێری مه‌كه‌. بە پێویستی دەزانێت خیە و ته‌ركیز بخرێتە سه‌ر ڕێگا و مۆبایل به‌كار نەهێنن‌ له‌ كاتی شوفێریدا.

د. رەمەزان خزر ئەحمەد دەربارەی ژه‌هراویبوونیش دەڵێت: مادده‌ ژه‌هراوییه‌كان له‌ شوێنی دووره‌ده‌ستی منداڵدا هه‌ڵبگرن.

لە کاتی خواردنەوەی مادەیەکی ژەهراوی هیچ شتێكی پێ مەده‌ و هه‌وڵی ڕشانه‌وه‌ی مه‌ده‌. ئه‌گه‌ر شتێكی مه‌ترسیداری قووت دا ئه‌وا یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ 122ـەوە بكه‌، هەوڵ دە فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بکەی و داوای هاوکاریی بەپەلە بکە لە دەورووبەرت.

بۆ حاڵەتی خنكانیش د. رەمەزان خزر ڕوونی دەكاتەوە كە

منداڵی خوار یه‌ک ساڵان له‌سه‌ر پشت دابنێ بۆ نووستن.

دۆشه‌كی قه‌باره‌ گونجاو به‌كار بهێنه‌ و به‌رگی توندی پێ هه‌ڵكێشرابێت. شوێنی نووستن با شتی وه‌ك گوریس و قه‌یتانی لێ نەبێت، نەکا خوانەکردان لە ملی بئاڵێت و بیخنکێنێت.

مه‌له‌وانگه دەبێ چواردەوری دیوار و پەرژینی بۆ کرابێت؛ ئەگەر منداڵ فێری مەلە دەکەیت یان لەگەڵتدا مەلەوانی دەکا، دەبێ لە نزیک کەسوکاریەوە بێ، تا ئەگەر پێویستی بە یارمەتی بوو فریای کەون. 

لە ته‌مه‌نی چوار ساڵانەوە دەکرێ منداڵ فێرە مەلەوانی بکرێ. 

د. رەمەزان خزر جەخت دەكاتەوە كە پێویستە دایك و باوك خۆیان فێری بووژاندنه‌وه‌ی دڵ و هه‌ناسه‌ بكه‌ن بۆ كاتی لەناکاو.

دەربارەی ئاگریش، ئەو پزیشكە، ئامۆژگاریی دایك و باوكان دەكات كە پلانی ڕزگاربوون دابنێن له‌ ئاگر بۆ ماڵه‌وه‌ و به‌ کردار فێری منداڵه‌كانیشان بكه‌ن. چه‌رخ و شقارته‌ لە شوێنێکی وادا هه‌ڵگرن‌ كه‌ منداڵ ده‌ستی پێی نه‌گات.

وا باشە له‌ ژوورەوەدا جگه‌ره‌ نه‌كێشرێت.

دەربارەی پایسكلیش دەڵێت: دڵنیا به‌ له‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ت كڵاوی سه‌لامه‌تی لەسەر بکات لە كاتی لێخوڕیندا. وا باشە خاوەنی منداڵەکە كڵاوی سه‌لامه‌تی به‌كار بهێنێت هەتا منداڵەكەیشی چاوی لێ بکا.

ھەواڵی زیاتر