لە دارستانێکی چڕو دڵڕفێندا چەندین گیانەوەرو باڵندەی هەمه جۆر دەژیان، لەناو هەموو گیانداران و باڵندەکاندا دوو بولبول هەبوون، یەکێکیان زۆر جوان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی زۆر خۆشبوو، بولبولەکەی تر دەنگی ئاسایی بوو، بەڵام بە هەمیشەیی دەیخوێندو گۆرانی دەگوت و هەوڵی دەدا تاوەکو دەنگی خۆی خۆش بکات، بۆیە هەموو ڕۆژێک چەندین کاتژمێر ڕاهێنانی دەنگ خۆشی ئەنجام دەدا.. بولبولە جوان و دەنگ خۆشەکەش هیچ ڕاهێنانی نەدەکرد و زۆر بەناوبانگ بوو، هەرکاتێک هەر گیاندارو باڵندەیەک داوای گۆرانی لێبکردایە، گۆرانی بۆ نە دەچڕی و نەیدەخوێند، لەخۆبایی و خۆی پێ زۆر گەورە بوو.. بولبولە ئاساییەکە پێچەوانەی بولبولی جوان بوو، دڵی هیچ یەکێک لە گیانەوەرانی دارستانی نەدەشکاند، هەر بۆیە لەبەر ڕاهێنانەکانی و گورانی گوتنی بەردەوامی ڕۆژ بەڕۆژ دەنگی خۆشتر دەبوو.. هاوڕێکانیشی هەمیشە پاڵپشتی بوون و پێیان دەگوت: هەر کارێک ئەگەر هەوڵی بۆ بدەیت و بەردەوام بیت لەسەری بێگومان دەگەیتە ئامانج، هەروەها کۆشش کردن و ڕاهێنان لەهەموو کارێکدا بەرەوسەرکەوتنت دەبات. هەر بۆیە پاش ماوەیەکی زۆر بولبولی ئاسایی بووە دەنگخۆشترین باڵندەی دارستان، هەموو گیانەوەرانیش بڕیاریاندا هەروەکو چەند ساڵەیان پێشبڕکێکی دەنگ خۆشی دارستان ئەنجام بدەن، هەردوو بولبولی دەنگ خۆش کەوتنە چڕینی ئاوازو گۆرانی، بەڵام کاتێک گوێیان لە دەنگی بولبولی جوان و دەنگ خۆش بوو زۆر سەریان سوڕماو بەلایانەوە سەیر بوو، چونکە دەنگە خۆشەکەی نەمابوو، بەڵام هەرکە بولبولی ئاسایی کەوتە چڕین و ئاواز، هەموو گیانەوەرانی ئامادەبووی دارستان کەوتنە چەپڵە ڕێزانی، بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە….