چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

كۆنترین ئوتووی جلوبەرگ لە سلێمانی هێشتا بەردەوامە لە كاركردن

مەزهەر كەریم – سلێمانی

ئاسۆ حەسەن خاوەنی ئوتوو هەڵمینەی سلێمانی بۆ “هەولێر” دەڵێت: “ساڵی ١٩٣٩ لەسەر دەستی پیاوێكی فەلەستینی ئوتووی جلوبەرگ كە بە خەڵووز كاری كردووە دەهێنێتە سلێمانی؛ پاش سێ ساڵ (حەسەن حاجی مارف)ـی باوکم دەیكڕێتەوە تا ئێستا بەردوامین لە كاركردن”.

ئەوەش دەڵێت: “لە ساڵانی دەسپێكی كاركردن لە ئوتووەكەدا بازاڕێكی ئەوتۆیان نەبووە؛ لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەكانی ڕابردوودا بازاڕیان گەلێك باش بوە بەو هۆیەوە دوو برای دیكەشی هاوكارییان كردوە پێكەوە كار دەكەن داهاتی ڕۆژانەی خێزانەكەیان دابین دەكات”.
لەبارەی ئەو كەسانەی سەردانی دووكانەكەیان دەكەن‌ و جلوبەرگیان بۆ دەبەن، دەڵێت: “ئەو كەسانەی دێنە دووكانەمان زۆرینەیان یان منداڵ بوون ئێستا تەمەنیا هەڵكشاوە یان نەوەی ئەو كەسانەن پێشتر جلوبەرگیان دەهێنا بۆ باوكم كە ماوەی پانزە ساڵ دەبێت باوكم لەژیاندا نەماوە و ئەمری خوای کردووە”.
ئەوەشی وت: “وەرزی جلوبەرگ ئوتوكردن لە وەرزی زستان ‌و پاییزدا زیاترە بەهۆی ئەوەی پارچەی جلەكان زۆر دەبن بۆ لەبەر كردن، بەڵام بە پێچەوانەوە هاوین پارچەی جلەكان كەمن ئەو كارەمان نیە هەرچەندە كەسانێك لە دەرەوەی ماڵەوە جلیقن دەدەن بە ئوتووکردن، ناتوانن لە ماڵەوە ئەو كارە بكەن، چونكە هەرگیز ئوتووی ماڵان ناتوانێت جێگەی ئوتووی بازاڕ بگرێتەوە”.
باسی ئەوەش دەكات: “كەسانێك سەردانمان دەكەن وەك یادگاریەک دێن ‌و وەك هاوڕێ ‌و كەسوكارمان لێ هاتووە مشتەریمان، هەیە ماوەی دە بۆ بیست ساڵە سەردانمان دەكەن ئێمەش بەو هۆكارەوە زیاتر كارەكەمان خۆش دەوێت تا مابێتم بەردەوام دەبم لە كاری ئوتووكردن و ناتوانم واز لە كارەكەم بهێنم “.