هەركە باسی شوێنە مێژوییەكانی شاری سلێمانی دەكرێت ئوتێل “فەرەح”ـمان بەبیر دێتەوە كە بە یەكەم ئوتێل دادەنرێت لە مێژووی ئەم شارەدا؛ سەعەی مارف و حاجی تۆفیقی تازەدەوڵەمەند لە سیەكانی سەدەی ڕابردودا پێکەوە دروستیان كردووە.
ئەم ئوتێلە لەسەر ڕوبەری پێنسەد مەتر بنیات نراوە پێك دێت لە دوو نهۆم، نهۆمی یەكەم پێك هاتووە لە چواردە دووكان و نهۆمی دووەم پێک هاتووە لە چواردە ژووری نووستن؛ ساڵی 2013، لەسەر بودجەی هەرێمەكان نۆژەن كراوەتەوە.
سەنگەر نوری ئەندازیاری تەلارساز دەربارەی نۆژەنكردنەوەی ئوتێلەكە وتی: “پشتمان بە دوو هۆكار بەستەوە لە كاتی نۆژەنكردنەوەكەدا، یەكەم ئەو وێنانەی ئوتێلەكە، كە ئەوسا گیراون و ئوتێلەكەمان پیشان دەدات، دووەم ئەو كەسە بەتەمەنانەی ئێستا لەژیاندا ماون و بە چاوی خۆیان ئوتێلەكەیان بینیوە”.
ئەو ئەندازیارە وتیشی: “بڕی ملیارێک و ٨٠٠ملیۆن دینای بۆ تەرخان كراوە، ٢٦٠ملیۆن دینار بەتەنیا بۆ گواستنەوەی وایەر و محاویلەی نزیكی پڕۆژەكە بووە، تا جوانییەکەی پڕۆژەكە نەشاردرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی كەرستەی نۆژەنكردنەوەكە لە وڵاتانی توركیا و ئێران و ئەڵمانیاوە هاوردە كراون”.
ئاماژەی بەوە دا كرێكارانی دەرەوەی وڵات بە بڕی ٥٠ملیۆن دینار لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون، نۆژەنكردنەوەكەش 29 / 6/ 2015 تەواو بووە؛ بە شێوەیەك نۆژەن كراوتەوە بۆ چەندین دەهەیەی دیكە دەمێنێتەوە و هیچی لێ نایەت.
ئەم نۆژەنكردنەوەش لەكاتێكدایە بەشی ژێرەوەی ئوتێلەكە چەندین خاوەنكاری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكەن؛ ئێستا نهۆمی سەرەوەی ئوتێلەكە كراوەتە ناوەندێكی كولتووری بۆ سەرجەم ئەو كەلوپەلە كولتووریانەی لەوساوە ماونەتەوە؛ نهۆمی خوارەوەش دووكان و بازاڕە و كراوەتەوە و كاری تێدا دەكرێت.
ئێستا ئوتێل فەرەح لە مڵكێكی تاكەكەسیەوە بۆتە مڵكێكی گشتی بۆ شاری سلێمانی و شوێنە مێژویینی هەرە گرنگە؛ یەكێكە لە سەدوچوار شوێنەوارەکەی سلێمانی.