قادر تەیب ئەو پیاوەی كە زۆرینەی ڕۆژەكانی تەمەنی لەسەر شەقامەکانی سلێمانی بەسەر بردووە بۆ چاککردنی ئەو سەعاتانەی کە ساتەکانمان بۆدەژمێرن.
ئەو تەمەنی هەڵکشاوە و هیلاکی روخساری داپۆشیوە، بەڵام هێشتا بڕستی کارەکەی ماوەو بە وزەیەکی باشەوە سەعاتی دەستی هاوڵاتیانی ئەم شارە چاک دەکاتەوە.
وەک خۆی دەڵێت، پیشەکەی لە باوكیەوە بۆی ماوەتەوە تا مردن دەسبەرداری نابێت، چونکە ئەو کارە بۆتە سەرچاوەی بژێوی خۆی و خێزانەكەی ڕۆژانە هەشت نۆ سەعاتی رەبەق كار دەكات.
ئەو کە بە قادر سەعاتچی ناسراوە، هەر لە منداڵیەوە دەستی داوەتە ئەو کارە و لە شاری چەمچەماڵ لەگەڵ باوکیدا رۆژانە کاری کردووە تا فێر بووە.
شارەزاییەکەی لە بواری چاککردنی سەعاتدا وای کردووە لە رێگای دوورەوە سەردانی بکەن و سەعاتی بۆ بەرن بە مەبەستی چاککردنی؛ چونکە وەکخۆی باسی دەکات سەعات هەبووە زیاتر لە رۆژێکی ویستووە تا چاکی کردووەتەوە.
ساڵانێک بەر لە ئێستا پیشەکەی نەیتوانی بە تەنیا بژێوی ژیانی دابین بکات، بۆیە دەبێتە فەرمانبەر و دوایی خانەنیشن دەکرێت، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بووە لە پیشەکەی خۆی و لە شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی دەست و پەنجەکانی هەر دەجووڵێن.
قادر سەعاتچی شانازی دەکات بەو نازناوەی وەری گرتووە و بە وتەی خۆی ئەگەر نەڵێن قادر سەعاتچی رەنگە نەیناسنەوە، بۆیە خۆشی ئاسوودەیە بەوەی لەپاڵ ناوەکەیدا سەعاتچیش بوترێت.
کاتێک سەیری دوکانەکەی قادر سەعاتچی دەکەی ئەوەندەی لە مۆزەخانەیەک دەچێت ئەوەندە لە دوکانی سەعات ناچێت، چونکە سەعاتی ساڵانی زۆر کۆنی لە دوکانەکەیدا هەڵواسراون.
ئەوانەی بەزۆری سەردانی قادر سەعاتچی دەکەن زیاتر کەسانی بەساڵاچوو بەتەمەننو مۆدیلی سەعاتەكانیان لەماركە قەدیمەکانە، زۆر بەدەگمەن یان هەر نابینرێت گەنجێگ سەردانی وەستا قادری سەعاتچی بكات بۆ چاكردنی سەعات.
ناوبراو توڕەیەکی زۆری بەرامبەر تەکنەلۆژای ئەم رۆژگارە هەیە کە بازاڕی ئەویان سست و بێکەڵک کردووە بۆ هەولێر دەڵێت، كۆمپیوتەر و مۆبایل هۆكاری سەرەكی كەمی بەكارهێنەرانی سەعاتە لەلای گەنجان، سەعاتیان تێدایە و بەو هۆیەوە گەنج سەعاتی دەستی ناوێ و بەكاری ناهێنێت، بازاڕی منیش نەماوە.
سەعاتچی باس لەوە دەکات ئەو سەعاتانەی لە بازاڕدا هەن کە تووشی كێشە و شكان هاتن چاك نابنەوە و دروستكراوی کاریگەکانی چینن کە وەک ئەو باسی دەکات وەك سەعاتی ماركەی ئۆرێنت و ستیزن و سایكۆ نیە كە دەستكردی وڵاتی سویسرا و ژاپۆنن و بەرگەی زۆر دەگرن.
هێشتا سەعاتی سویسری و ژاپۆنیو چەندین جۆری دیكە لە بازاڕدا هەیە و سەعات بەها گرنگەكەی خۆی لەدەست نەداوە و لە دەستی هاوڵاتیان و بە دیواری ماڵ و دوكان و جێگە گشتیەكانەوە دەبینرێت و لە برەودان دوای چەندین سەدە.
وەستا قادر سەعاتیشی دەشڵێت، ڕەنگە سەعاتچی نەمێنێت، چونكە زۆرینەی ئەو سەعاتانەی ئێستا دروست دەكرێن بۆ چاكرنەوە نابن و كەپسن.