بەرزترین ژن بۆ یەکەمجار سواری فڕۆکە دەبێت

باڵابەرزترین ژنی جیهان بۆ یەکەمین جار سواری فڕۆکە بوو و لە تورکیاوە گەشتیکرد بۆ ئەمریکا.

رومەیسا گەلگی، لە پەرتووکی گینسدا، ناوی وەکو باڵابەرزترین ژنی جیهان تۆمار کراوە. تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی تورکیایە؛  باڵای دوو مەتر و 51 سانتیمەترە.

بەهۆی بەرزیی باڵایەوە، رومەیسا ناتوانێت بە پێیەکانی بڕوات و بووەتە کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، هەربۆیە بە کورسیی تایەدار و ئامێری بەرزکەرەوە، لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ سەرخرایە نێو فڕۆکەکە.

لەنێو فڕۆکەکەشدا، خرایە سەر قەرەوێڵەیەکی تایبەت، چونکە ناتوانێت لەسەر کورسییە بچووکەکانی فڕۆکە دابنیشێت. فڕۆکەکە رومەیسا و دایکی دەگوازێتەوە بۆ سان فرانسیسکۆ.

هۆکاری باڵابەرزیی نائاسایی خانمەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆنیشانەی ویڤەر، کە بریتییە لە بازدانێکی دەگمەنی بۆماوەیی، کە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان بە خێراییەکی نائاسایی گەشە بکەن.

رومەیسا گەلگی، پەرەپێدەری بەرنامەکانی کۆمپیوتەر و مۆبایلە، یاخود سۆفتوێر دیڤیلۆپەرە. گەشتەکەی گەلگی بۆ ئەمریکا بە مەبەستی بەشداریکردن بوو لە بۆنەیەکی پەرتووکی گینس.

ھەواڵی زیاتر