ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بۆ یەكەمین جار كچە كوردێك لە وڵاتی بەریتانیا ئەكادیمیای سەربازی شاهانە لە بەریتانیا تەواو دەكات و بڕوانامەیەكی بەرزی پێ دەدرێت.
كۆنسوولخانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێنراوێكدا ڕایگەیاندووە كە كچێكی كورد بە ناوی لێلۆ مەجید كە ئەندازیارێكی سەربازییە لەناو هێزەكانی پێشمەرگە توانیویەتی خولی پێگەیاندنی ئەفسەران تەواو بكات لە ئەكادیمیا شاهانە سەربازییەکەی ساندهێرستی بەریتانیا.
كۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە كە ئەم كچە كوردە راهێنان و لێهاتویی پێویستی بەدەست هێنا بۆ ئەوەی ببێتە سەركردەیەكی سەركەوتوو.
جێی باسە کە ئێستا لە ئەكادیمیا شاهانە سەربازییەكەی بەریتانیا ژمارەیەك ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە خولی ڕاهێنانیان پێ دەدرێت؛ ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگیانە دێ كە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ژمارەیەك ئەكادیمیای جیهاندا کردوویەتی بۆ بەرزكردنەوەی ئاست و توانستی ئەفسەرانی كورد بە شێوەیەكی ئەكادیمی.