لە جیهانی ئەمڕۆدا بەشداریکردنی ئافرەتان لە کایەی سیاسیدا بۆتە پرسێکی گرینگ جێگای باس و مشتومڕ لەسەرکردنە جگەلەوە لە لایەن رۆشنبیرانی کۆمەڵگەوە گرینگییەکی تایبەتی پێ دەدرێ. بەشداری نەکردنی ئافرەتان یاخود بەشداری پێنەکردنیان لە سیاسەتدا ڕادەی دواکەوتوویی و کلتووری پیاوسالاری ئەو کۆمەڵگەیە نیشان دەدا.
بەشداریکردنی ئافرەتان لە کاروباری سیاسی و کەڵک وەرگرتن لە بیروبۆچوون و ئەزموون لێهاتوویان هەوڵێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی دۆخی ئافرەتان و یەکسانی جێندەری و هاوسەنگ بوونیانە لەگەڵ پیاوان دا. لە لایەکی ترەوە بەردەوام ئێمە گوێبیستی ئەوەین کە ئافرەتان و پیاوان تەواکەری یەکترین و ئەو تەواکەرییە دەبێ بواری سیاسیش بگرێتەوە و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەتی لەبواری سییاسیدا، هێزو توانایان بخرێتەڕوو کە بەمەش گۆڕانکاریەکی باشتر دێتە ئاراوە،چونکە بە بێ بەشداری ئافرەتان لە سیاسەت دا بەرێوەبردن و بڕیاردان لاسەنگ دەبێ. بەشدار بوونی ئافرەتان لە سیاسەت دا بردنی کێشەکانی ئافرەتانی کۆمەڵگایە بۆ بەرزترین ئاستی دەسەڵات و ھەوڵدان بۆ لابردن و نەهێشتنی ئەو کێشانەیە.
ئافرەتان لە کۆمەڵگا دیموکراسییەکاندا دەرفەتی زیاتریان پێدەدرێت و سوود لە بیرۆکەو بوێریان وەردەگیرێت بۆیە دەستڕاگەیشتن بە میکانیزمە سیاسییەکان ئاسانترە بە بەراورد بە کۆمەلگایەکی نا دیمۆکراسی، چونکە نوێنەرایەتی یەکسان پرسێکی گرنگە و لەم خاڵەدا بەربەستی یاسایی لەبەردەم ئافرەتان لە کۆمەڵگای دیموکراسیەکاندا کەمترە.
دیاربوون و زۆری ژمارەی ئافرەتان لە سیاسەتدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. ڕێژەی ئافرەتان لە پەرلەمانەکان لە تێکڕای جیهاندا 20.9% یە. زیادبوونی نوێنەرایەتی چەندایەتی، واتە ژمارەی ئافرەتان لە پۆستەکانی نوێنەرایەتیدا بەرزدەنرخێنرێت، هەروەها ڕیژەی بەشداری لە بەرزبوونەوەدایە توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئافرەتان بەرگری لە بەرژەوەندی ئافرەتانی تر دەکەن لە سیاسەت وکاردەکەن لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەری. زۆرگرینگە ئافرەتان ئەو ڕاستیە بزانن زیادبوونی پاڵپشتی ئافرەتانی دەنگدەر کەشێکی کێبڕکێی نێوان لایەنەکان دروست دەکات، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەرزی نوێنەرایەتی ئافرەتان.
گەر ئاوڕێک لە مێژووی ئافرەتان بدەینەوە لە جیهان بەگشتی و لە کوردستان بە تایبەتی ئافرەتان هەمیشە کاریگەرترین و گەورەترین ڕۆڵی بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگایان گێراوە.
بەشداری ئافرەتانی کورد لە ناو سیاسەت دا ئافرەتانێکی زۆر ئازا و چاو نەترسی وەک قەدەم خێر کە رێبەرێ شۆڕشێکی مەزنی کرد و عادیلە خانم لە دوای مردنی ھاوسەرەکەی عوسمان پاشای جاف رۆڵێ تایبەتی لە کارو باری سیاسی سەردەمی خۆی دا گێراوە، تا رادەیەک کە فەرمانی بە دروستکردنی بەندیخانەیەک کرد تا ئەو کەسانەی تاوانێک دەکەن یان لە فەرمانی ناوبراو لادەدەن سزا بدرێن. و ھەروەھا حەپسەخانی نەقیب کە ژنێکی دەست رۆیشتوو و خاوەن زەوی سەردەمی حوکمرانی شێخ مەحموود بوو و سەرەکیترین کارەکەی پێشخستنی ئافرەتان بوو لە ڕووی ئاستی خوێندن و پێگەیشتووی ئەوان لە بواری خەبات دا بوون. و ھەروەھا مەستوورەی ئەردەڵان وەک یەکەم مێژوونووسی ئافرەت لە رۆژھەڵاتی ناوەراست دا ناوبانگی دەرکردوە و دەیان ئافرەتی ئازای تر کە توانیان رۆڵێکی باش لە دەسەڵات و خزمەتگوزارییەکانی سەردەمی خۆیان دا بگێڕن و ناویان بۆ ھەتاھەتایە لە مێژووی کوردستان دا بمێنێتەوە. لە ئێستاشدا پێویستە دەرفەت بۆ ئافرەتان بڕەخسێنرێت لە کایەی سیاسی و حکومڕانی بۆ دووبارەبوونەوەی هەمان مێژووی شانازی ئافرەتان.
دیارە کە ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین چالاکوانانی ئافرەت بە گشتی ھەوڵ و ماندوو بوونەکانی خۆیان بەگەڕ خستووە هەمیشە دەیانەوێت کە ئافرەتانیش وەک پیاوان ئەو ماف و ئیمتیازات و حەقەیان پێبدرێت کە لە سیاسەت دا بەشدار بن و لە کارو باری حکوومەت دا بڕیاردەر بن با بۆ هەموولایەنێکیش ڕۆۆن بێت کە بەبێ بەشداری كارای ئافرەتان لە هەموو سێکتەر و دامەزراوەکاندا ناتوانرێت سەركەووتوو بن و پێویستە زەمینەیەکی باشیان بۆ یڕەخسێنرێت بۆ بەشداریکردنی زۆرترین ڕیژەی ئافرەت لە كاروباری سیاسی دا.