ئافرەتێک لە مێردینی باكووری كوردستاندا چواردە زمان دەزانێت كەچی بە كشتوكاڵەوە خەریكە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ساڵی ١٩٨٥، لەگەڵ خانەوادەكەیاندا ناوچەی میدیاتی سەر بە شاری مێردینی باكووری كوردستانی بەجێ هێشت و چوونە ئەڵمانیا، تاوەكوو ئێستا ٢٢ كتێبی نووسیوە و ١٤ زمانیش دەزانێت، بەڵام ساڵی پار گەڕایەوە بۆ مێردین و لەوێ لە گوندی ئیزبراك خەریكی كاری كشتوكاڵییە؛خاتوونە دۆغان، ئافرەتێکی راهیبەی سریانییە.

خاتوونە، تەمەنی ١٥ ساڵان بووە كاتێك مێردنی بۆ ئەڵمانیا بەجێ هێشتووە، بەڵام ئەو زۆر حەزی بەگیانی هاوكارییە و تاوەكو ئێستا چل وڵات گەڕاوە تەنیا بۆ هاوكاریكردنی هەژاران.
خاتوونە وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، لە زۆرێك لە وڵاتان، هاوكاری خەڵكی هەژاری كردووە و دەستی هەبووە لە دروستكردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و خانوو بۆ كەسی كەمداهات و هاوكاری منداڵە یەتیمیشی زۆر كردووە.
خاتوونە، زمانی كوردی، توركی، سریانی، فەرەنسی، ئینگلیزی، عەرەبی، ئەفریقی و، لاتینیش دەزانێت؛ بە كۆی گشتی ١٤ زمان دەزانێت و كتێبەكانی بە زمانی ئەڵمانی و سریانی نووسیوە و بڵاوی كردوونەتەوە.
لەبەر ئەوەی هاوكاریی خەڵكی هەژار دەكات لە زۆربەی وڵاتان، نەتەوە یەكگرتووەكانەوە خەڵاتی پێ کردووە و جگە لەوەش چەند وڵاتێكی ئەورووپی خەڵاتیان پێی بەخشیوە و لەبری ئەو هاوكارییانە سپاسیان كردووە.
ئەو، گوندەكەی خۆیانی ئاوەدان كردەوە و خانوویەكی لێ دروست كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ١٦ خانەوادەی تری خەڵکی ئەو گوندە، بگەڕێنەوە بۆ گوندەكەیان و وەكو خاتوونە خەریكی كشتوكاڵ ببن. ئێستا خەریكی چاندنی فستق و ترێیە.
ئەو دەڵێت: ”ئێمە بەناچاری گوندەكەمان بەجێ هێشت، ئێستا گەڕاوینەتەوە و خوشكە گەورەكەشم لە سەرەوە خانووی دروست كردووە. ئێمە خانووە كۆنەكانمان نۆژەن كردەوە، زۆر سپاس بۆ خوا زۆر دڵخۆشین لێرە. سەركۆمار دەڵێت با سریانییەكان بگەڕێنەوە و هاوكارییان دەكەین، ئێمەش گەڕاینەوە و یاساكان گۆڕاون و دەتوانین كار بكەین؛ گوندی ئیزبراک ئێستا ١٧ ماڵی لێیە و ئاوەدانمان كردووەتەوە“.

ھەواڵی زیاتر