له‌ سویسرا كچێكی كورد له‌ پیشانگایه‌كی كارده‌ستیدا پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێنا

له‌ وڵاتی سویسرا كچێكی كورد به ناوی‌ “ره‌وشه‌ن سه‌لاح عه‌لی به‌گ رواندزی” وه‌كو قوتابییه‌كی كورد،له‌ پیشانگای ساڵانه‌ی كاری ده‌ستی قوتابخانه‌كاندا بەشدار بووە و له‌ نێو (41) قوتابیدا، توانیی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌م خاتوونه‌ له ‌ساڵی 2016وە له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یاندا له‌ وڵاتی سویسرا ده‌ژین.

له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌شداریكردنی له‌م پیشانگایه‌دا پێمان باش بوو به‌ چه‌ند پرسیارێك خاتوو “ره‌وشه‌ن سه‌لاح عه‌لی به‌گ رواندزی” له ‌رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌:

  • ئه‌گه‌ر بكرێت، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌شداریكردنت له‌م پیشانگایه‌دا هه‌ندێ زانیاری بۆ خوێنه‌رەکانمان باس بكه‌یت.
  • له‌ وڵاتی سویسرا پێویسته‌ وه‌كو ئه‌رك پێش ده‌رچوونی قوتابی له‌ پۆلی نۆ بۆ پۆلی دە، ئه‌بێ به ‌كاری ده‌ستی به‌شداری پیشانگایه‌كی قوتابخانه‌ بكات، هه‌ر قوتابیه‌ و به‌ ئاره‌زوی خۆی كارێكی ده‌ستی دروست بكات؛ ‌هه‌ر قوتابیێك بڕی (50) فرانكی پێ ئه‌درێت بۆ كڕینی پێداویستیه‌كانی كاره‌كه‌ی؛ ماوه‌ی دوو مانگیش كاتی هه‌یه‌، تا له‌ رۆژی دیاری كراو بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی ئاماده‌ بكات، منیش وه‌كو یه‌كێك له‌ قوتابیان به‌شداری ئه‌م كێبڕكێییه‌م كرد”.
  • با بزانین تۆ چۆن توانیت پله‌ی یه‌كه‌م له‌نێو قوتابیان به‌ده‌ست بهێنیت؟
  • دوای ئاماده‌ بوونی سه‌رجه‌م كاره‌كان ئینجا، پیشانگاكه‌یان له‌ هه‌مان قوتابخانه‌ بۆ ساز ده‌كه‌ن، جه‌ماوه‌رێكی زۆریش سه‌ردانی پیشانگایه‌كه‌ ده‌كه‌ن، له‌دواییدا، لیژنه‌یەكی هه‌ڵسه‌نگێنەریش له‌ مامۆستایانی پسپۆڕ پێك دێت، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كان؛ له‌و پیشانگایه‌دا ( 41 ) قوتابی، به‌شداری كردبوو هه‌ر یه‌كه‌و به‌ كارێكی ده‌ستی زۆر جوان
    خۆشبه‌ختانه‌ كاره‌كه‌ی من زۆر سه‌رنج راكێش بوو له‌ لایه‌ن لیژنه‌كه‌وجه‌ماوه‌ره‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ توانیم له‌ ناو هه‌موو قوتابیان پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بێنم له‌ رۆژنامه‌كانیش وێنه‌ی خۆم و كاره‌كه‌ی منیان بڵاو كرده‌وه‌”.
  • باشه‌ ئه‌و كارده‌ستییه‌ی ئێوه‌ دروستان كردبوو له‌ چی پێك هاتبوو؟
  • كاره‌كه‌ی من بریتی بوو له‌ دروستكردنی ئه‌و خانووه‌ی خۆمان تێیدا ئه‌ژین به‌ڵام به ‌هه‌ندێك ده‌ستكاریه‌وه‌.
  • ئه‌و ماده‌ی له‌ كاره‌كانت به‌كار هێناون چین؟
    -ئه‌و مادانه‌ی له‌ دروستكردنی كاره‌كه‌م به‌كاری هێنابوون هه‌مووی كه‌لوپه‌لی زۆر ساده‌ن؛ وه‌ك كارتۆن، كاغه‌ز، رۆژنامه‌ و، دار و، نایلۆن، پلاستیك، رەنگ و هه‌ندی كه‌لوپه‌لی تر.
  • ئه‌گه‌ر بكرێت به‌كورتی هه‌ندێك باسی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و خوێندنی وڵاتی سویسرا بكه‌یت؟
    -لێره‌ له‌ سویسرا ده‌رنه‌چوونی قوتابی له‌ وانه‌كان، بوونی نییه‌ ئه‌گه‌ر قوتابیێك له‌ وانه‌یه‌ك باش نه‌بوو له‌ دوای ده‌وام مامۆستا یه‌ك كاتژمێر له‌گه‌ڵیدا ئه‌مێنیته‌وه ‌و وانه‌ی پێ ده‌ڵێت، له‌ قوتابخانه‌كه‌مان جگه‌ له‌ وانه‌ی خوێندن و نووسین زۆر شتی رۆژانه‌ی ژیان ده‌خوێنن.
  • ئه‌گه‌ر بكرێت وه‌كو چی ده‌خوێندرێت به ‌نموونه‌ ئاماژه‌یان پێ بده‌یت؟
    چێشتکردن و شیولێنان، كاری ده‌ستی هه‌ر له‌ قوتابخانه‌ وه‌رشه‌یەكی باش هه‌یه‌ به‌ هه‌موو پێداویستیەك، مۆسیقا، كۆمپیتەر، پاسکیلسواری، مه‌له‌وانی، خلیسكانێی سه‌ر به‌فر، رۆیشتن له ‌چیا و به‌رد، رۆیشتن له‌ ناو قوڕ و به‌فر، رۆیشتن له‌ ناو دارستان، رۆیشتن به‌ شه‌و به‌بێ رووناكی، فێرمان ده‌كه‌ن چۆن به‌ هانای كه‌سێكەوە بچین كه‌ توشی روداوێك بووه‌ یان له‌هۆش خۆی چووه‌، فێرمان ئه‌كه‌ن چۆن به‌رگری له ‌خۆمان بكه‌ن له‌و كاته‌ی كه‌سێك ئه‌یه‌وێ دزیمان لێ بكا یان شه‌ڕمان پێ بفرۆشێت؛ له‌گه‌ڵ زۆر شتی بەسوودی تر.
  • ئێمه‌ هیوای سه‌ركه‌وتنت بۆ ده‌خوازین؛ بەو ‌هیوایه‌ی له‌ دوا رۆژ بگه‌ریته‌وه‌ كوردستان خزمه‌ت به‌ وڵاته‌كه‌ت بكه‌یت.
    -منیش زۆر سپاستان ده‌كه‌م ده‌ستان خۆش بێت.