خانوو كەلەپوورییەکەی سەلیم قاقا، بینایەکی گرینگی كەلەپوورییە لە قەڵای هەولێردا؛ نموونەیەكی دەگمەنە كە هەموو توخمە ڕەسەنەكانی خۆی نیشان دەدات.
خانووەكە دەوڵەمەندە بە توخمە ڕەسەنە تەلارسازییە دیارەكان كە نوێنەرایەتیی ڕەسەنی تەلارسازیی قەڵا دەكەن، وەك تارمەی سەربان لەگەڵ كەوانەی مەڕمەڕین، تابلۆ ڕەنگاوڕەنگەكانی سەر دیوارەكان، بنمیچی ڕازێنراو، پەرژین (كەتیبە)ی ئاسن، كاشیی ڕەنگاوڕەنگ و ستارە خشتی نەخشێنراو.
ماڵپەڕە فەرمییەکەی یوونسكۆ ڕایگەیاندووە كە پێكهاتەی بیناكە لەلایەن یوونسكۆ و كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێرەوە بە هاوكاری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکەی کار (ILO) نۆژەن دەكرێتەوە بە دابینكردنی بەرنامەیەكی چڕ بۆ دامەزراندن و پشتگیریكردنی ڕەخساندنی هەلی كاری گونجاو بۆ پەنابەرانی عێراقی و سووری.
پرۆژەی “پشتیوانیكردن لە بژێوی ژیان لە ڕێگەی گەشەپێدانی كەلەپووری كلتورییەوە”، سندوقی متمانەی هەرێمی یەكێتی ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی سوریا جێبەجێی دەکات.