قەبارەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە عێراق سەرووی ملیارێک دۆلارە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

مەترسی مادە هۆشبەرەکان چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان لە پەرەسەندندایە و رۆژانە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بازرگان و قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن و راگەیاندنی ئەو ژمارە زۆرە لە هەواڵی دەستگیرکردنی تۆمەتباران ئەگەر لە لایەک دڵخۆشکەر بێت بۆ سەرکەوتووبوونی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی پێوەندیدار ئەوا لە لایەکی تر ئاماژەیە بۆ بوون و پەرەسەندنی ئەو مادە مەترسیدارەی کە بە تەمایە شیرازەی کۆمەڵگا تێک بدات.

لە دەیەکانی رابردوو کەمتر هەواڵی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە میدیاکان بڵاو دەکرایەوە و ئەو مادە مەترسیدارە ماڵوێرانکەرە لای خەڵک شتێکی نامۆ بوو، بەڵام پەرەسەندنی پێوەندییەکان و بوونی ژمارەیەکی زۆری دەروازەی بازرگانی فەرمی و نافەرمی هۆکار بووە لەوەی قاچاخچێتی بەو مادەیەش پەرەی پێ بدرێت.
لە وڵاتی دراوسێی کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانە زۆرترین مادەی هۆشبەر بەکار دێت و بازرگانیکردن و بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر تیایدا بەرزە، یەکێک لە گەورەترین قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەرە و بەشێک لە خێزانەکان بەدەستییەوە گرفتار بوون. ئێران هاوسنووری ئەفغانستانە و زۆربەی مادەی هۆشبەری دنیا دوای هاوردەکردن، لە ئێرانەوە دەنێردرێت و هەندێک باند و گرووپی مافیایی هەن کە لەو بازرگانیکردنە رۆڵیان هەیە . مافیاکان لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان دەستیان تێکەڵ کردووە و بازرگانیکردنیان تێکەڵ بە جێبەجێکردنی پیلانی ئەمنی و کۆمەڵایەتیش کردووە.
لە ئاستی عێراقدا یەکێک لەو پارێزگایانەی کە بە شادەماری بازرگانیکردنی مادە هۆشبەرەکانی هەژمار دەکرێت پارێزگای میسانە و فەرماندەی ژووری ئۆپڕاسیۆنی پارێزگاکە بە فەرمی دانی بەو تایبەتمەندییەی پارێزگاکە ناوە.
محمەد زوبێدی فەرماندەی ژووری ئۆپڕاسیۆنی پارێزگای میسان رای گەیاند پارێزگاکەیان بە گرنگترین و سەرەکیترین دەروازەی بە قاچاخهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە ئێرانەوە هەژمار دەکرێت.
ئەو لە کۆنفرانسێکدا کە لەگەڵ سەرۆک هۆز و گەورەپیاوانی پارێزگاکە رێکی خستبوو، بە ئاشکرا پێی راگەیاندوون هۆزەکان دەستیان لەگەڵ بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تێکەڵ کردووە و داوای لێ کردن هاوکارییەکانیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان زیاتر بکەن و هەموو هەوڵێک بدەن تا قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر لە هۆزەکانیان دوور بخەنەوە.
وەک خستوویەتە روو لەو پێناوەدا توانیویانە دەست بەسەر دوو هەزار پارچە چەکدا بگرن. ئەو لەبارەی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری چەک لە دەستی خەڵک و میلیشیاکان هۆشداری داوە و پێی وایە ئەو چەکانە بۆ کاری نایاسایی و بازرگانی نایاسایی بەکار دەهێنرێن و دەبێت پێشیان پێ بگیرێت.
لێدوانی ئەو فەرماندەیە رۆژێک دوای ئەوە دێت کە یەکێک لە مەترسیدارترین باندەکانی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان لەبەغدا دەستگیر کرا. قاچاخچییەکان لە یەکێک لەگەڕەکەکانی بەغدا مادەی هۆشبەری جۆری شووشە یان کریستاڵیان لێ گیراوە کە یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی مادەی هۆشبەرە.
پێویستە بگوترێ ژمارەیەکی زۆری گرووپی میلیشیایی لە عێراق هەن کە هەر کامێکیان ئەجیندایەکی تایبەتی جێبەجێ دەکات و بەشێک لەوانە بۆ دەستخستنی پارە دەستیان بەسەر دەروازە بازرگانییەکاندا گرتووە و حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق نەیتوانیوە دەسەلاتی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت.
ماوەی رابردوو دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر پەرەسەندنی مادەی هۆشبەر لە عێراق هۆشداری دا و گوتی قەبارەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە عێراق سەرووی ملیارێک دۆلارە.
هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم مەترسی پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەکان، بەهۆی ئەوەی کە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە، لەم ساڵانەی دواییدا بازرگانیکردن بەو مادە مەترسیدارە زیاتر بووە. رۆژ نییە هەواڵێک لەسەر دەستگیرکردنی بازرگانێک یان دەستبەسەرداگرتنی بڕێک مادەی هۆشبەر لە میدیاکانی کوردستان بڵاو نەکرێتەوە و هەموو ئەوانەش سەلمێنەری ئەو راستییەن کەسانێک بە ئامانجی پڕکردنی گیرفانیان خەریکی تێکدانی کۆمەڵگەی کوردستانن.
سێ مانگ لەمەوبەر ئاسایشی سۆران قاچاخچیەکی گەورەی مادە هۆشبەرەکانی دەستگیر کرد کە رۆڵی زۆر کارای هەبوو لە هێنانی مادەی هۆشبەر و تۆمه‌تباره‌كه‌ سەرپەرشتیی باندێکی گەورەی هاوردەکردن و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکانی دەکرد و لە ماوەی رابردووشدا چەندین قاچاخچی و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لە سنوورەکان دەستگیر کراون.
راستە هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان لەوەدا رۆڵ دەبینێت بەشێک لە بازرگانان وەک ترانزێت سوودی لێ وەربگرن و هەوڵی ئەوە بدەن ئەو مادەیە بۆ وڵاتانی تر بگوازنەوە، بەڵام هەندێک هۆکاری سیاسی و ئەمنی هەن کە مەبەستی لە پشتەوەیە و بە پلان کار بۆ ئەوە دەکرێت گەنجانی هەرێمی کوردستان گیرۆدەی ئەو مادە مەترسیدارە بکرێن و کۆمەڵگەیەکی لاواز لە هەرێمی کوردستان بنیات بنرێت کە توانای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی نەبێت و ئاسانتر گوشارەکانی ملکەجکردن قبووڵ بکات.
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی روشنبیری هۆشیاری دژی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کانی هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و ژمارەی ئەو کەسانەی بەو هۆیەوە گیراون نزیکەی پێنج هێندە بەرز بووەتەوە.
مادەی هۆشبەر هیچی کەمتر نییە لە تیرۆر کە بە کۆمەڵ خەڵک لەناو دەبات بەڵام ئەوەیان شیرازەی کۆمەڵایەتی لەناو دەبات و بۆیەش بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لەو مادە مەترسیدارە پێویست دەکات رێوشوێنە ئەمنی و یاساییەکان توندوتۆڵتر بکرێن. لە مەرزەکان ئامێری پێشکەوتووتر بۆ دۆزینەوەی مادەی هۆشبەر دابنرێن و سزاکانیش لەسەر ئەو بازرگانانە قورستر بکرێن لەو پیلانە مرۆییەدا تێوەدەگلێن.
هەرێمی کوردستان خاوەنی دوژمن و نەیارێکی زۆرە و ئەوەی روودەدات تەنیا قاچاخچێتیکردن بە مادەیەکی قەدەغەکراو نییە بەڵکوو کۆمەڵگە لە مەترسییەکی جیددیدایە و جگە لە پۆلیس و دامەزراوەکانی بنبڕکردنی مادە هۆشبەرەکان دەبێت دادگا، زانکۆ و مزگەوت و میدیا و لایەنە پەروەردەییەکان و سەرجەم دامەزراوەکانی کوردستان رووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببنەوە. بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر مرۆڤ ئاڵوودە و بێ هیوا و لاواز بێ دەسەڵات دەکات، کاتێک ئیرادەی تاک و کۆمەڵگە تێکبشکێت بە خێراییش ملکەجی نەیارانی دەبێت.

ھەواڵی زیاتر