ترس لە هاوسەرگیری و ئاستەنگەکانی لای گەنجان

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

هاوسەرگیری یەکێکە لە هەستیارترین پرۆسەکانی ژیانی تاک کە پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت چونکە سەرەتایە بۆ دەستپێکی ژیانێکی نوێ و هەڵبژاردنی هاوبەشێکی نوێ بۆ دامەزراندنی خێزان و کە سەرەنجام بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە، بەرپرسیاریەتیەکی گەورە دەکەوێتە سەرشانی هەردوو لا.

بەڵام ئێستاکە بەرەبەرە خەڵكی لە بیرۆكەی پێكهێنانی هاوسەرگیری دوور دەكەونەوە بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەو كەسانەی، كە تێیدا سەركەوتوو نەبوون، ڕووی لە زیادبوونە، کە ئەمەش لە ڕاستیدا كێشەی هاوسەرگیری نییە، بەڵكو كێشەکە لە خودی كەسەكانە، كە بەهۆی ناپێگەیشتووییان یان كەمی زیرەكییان ناتوانن بەردەوامبن لە هاوسەرگیرییەكەیان و لەو خۆشەویستییەی پێشتر بۆ یەکتریان هەبووە.

پاشەکشێکردنی پرۆسەی هاوسەرگیری بە هۆکارە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی گەرمی ڕێکخراو و ناوەندە ڕۆشنبیری و یاساییەکانەوە و بەشێکی زۆر لەو ناوەندانەش خراپی دۆخی ئابوری هەرێم و ترس لە پرۆسەی هاوسەرگیری بە هۆی پێشمەرجەکانیەوە بە هۆکار دەزانن و داواش دەکەن ڕێکاری پێویست بۆ ئەو گرفتە بگیرێتە بەر.
ماوەی چەند ساڵێکە گرێبەستی هاوسەرگیری و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە لەدادگاکان و هۆکار و دەرئەنجامەکانی جیابوونەوەی هاوسەران بووەتە بابەتێکی گەرم و ناوبەناو لە کۆڕو کۆبوونەوە یاسایی ڕۆشنبیریەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بە شێک لەڕووناکبیران گەشەی فراوانی تەکنەلۆژیا و بەشداری نا هۆشیاریانە لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان بەهۆکار دەزانن و بە شێکی دیکەشیان پێیان وایە خراپی دۆخی ئابوری و پێشمەرجی هاوسەرگیری هۆکاری زیاتر بوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوەیە.
شاد ڕزگار، پارێزەر لە ڕێکخراوی ئافرەتانی کوردستان کە ڕۆژانە کەیسەکان دەبینێت، دەڵێت”هۆکاری ئابوری و سۆشیاڵ میدیا سەرەکیترین هۆکارەکانن کە ترسیان لەسەر پرۆسەکە زیاد کردووە و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاش کە جیا بوونەوە بە عەیبە دەبینێت هۆکارێکی نەرێنیە کە بە گشتی لە پرۆسەکەدا هەیە”.
شارەزایان پێیانوایە کە ترسی سەرەکی گەنجان لە پێکهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیریدا ئەوەیە کە لە سەرەتای پرۆسەکەدا بارگرانییەکی زۆر دەخرێتە سەر گەنج و ئەو داواکاریانەی کە لێی دەکرێت ناتوانێت جێبەجێیان بکات، بۆیە پێویستە دەرفەت بدرێت بە گەنج ئەو بیرۆکەیەی لا دروست ببێت کە مەرج نیە هەموو پێداویستیەکانی ژیانی هەبێت پاشان پرۆسەکە ئەنجام بدات، وە پێویستە خانمان و خانەوادەکانیان داواکاریەکان بە پێی قۆناغەکە کەم بکەنەوە”.
بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا 54هەزار و 837 گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام دراوە 11هەزار و 699 هاوسەر جیابوونەتەوە،101 حاڵەتی ڕێگە پێدان بۆ ژنی دووەم کراوە، لە ساڵی رابردوودا 4هەزار و 764 پرۆسەی جیابوونەوە لە پارێزگای سلێمانی و 4هەزار و 43 حاڵەت لە هەولێر و هەزار و 769 هەڵوەشاندنەوە ی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دهۆک تۆمار کراون.

ھەواڵی زیاتر