به‌شێك له وێبسایت و ماڵپه‌ڕی فه‌رمی كه‌سایه‌تی سیاسی و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی عێراقی هێرشی ئه‌لیكترۆنیان كراوه‌ته سه‌ر و هاككراون، له‌نێویاندا وێبسایتی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی به‌ناوبانگ هه‌ن.
هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كه ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئه‌نجامدراوه و تیمێكی هاككه‌ری عێراقیش به‌رپرسیاره‌تی هاككردنهكانیان له ئه‌ستۆ گرتووه.
هاككه‌ره‌كان له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایانگه‌یاندووه: وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ شۆڕشی عاشوور و ڕزگاربوون له ده‌ست سته‌م و گه‌نده‌ڵی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی هه‌ڵساوین به هاككردنی ژماره‌یه‌ك له ماڵپه‌ڕی میدیایی سه‌ر به حزبه‌كان و په‌كمان خستوون.
ئه‌و وێبسایت و ماڵپه‌ڕانه‌ی هاككراون بریتین له: وێبسایتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری، ماڵپه‌ڕی عه‌ماڕ حه‌كیم، ماڵپه‌ڕی حزبی ده‌عوه، ماڵپه‌ڕی ته‌له‌فزیۆنی عه‌هد، ماڵپه‌ڕی ته‌له‌فزیۆنی ئافاق، ماڵپه‌ڕی ته‌له‌فزیۆنی غه‌دیر، ماڵپه‌ڕی ته‌له‌فزیۆنی وه‌ته‌ن و حه‌ره‌كه‌ی نوجه‌با.
هه‌روه‌ها وێبسایتی فه‌رمی حزبوڵای لبنانیش له هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌دا هاككراوه.
لای خۆشییه‌وه ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن دیجیتاڵی سه‌باره‌ت به هاككردنی وێبسایت و ماڵپه‌ڕه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كان له جۆری (Ddos attack)ن و ئه‌م جۆره‌ی هاككردنهش به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌لایه‌ن هاككه‌رانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێ، بێ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام لایان بمێنێته‌وه و یاخود ده‌ستیان بگات به داتاكانی ناوییه‌وه.