هەڵبژێردراوانی یەكەم تا سێیەمی بەشی كۆتایی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو” لە شاری مەهاباد دیاری كران و خەڵات بەسەریاندا دابەش كرا.
لە ڕێوڕەسمی كۆتایی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو” كە لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موكریان” بە بەرپرسیاری “ئیبراهیم سەعیدی” سینەماكاری ناودار و بەئەزموونی كورد، بە هاوكاری كۆمەڵەی چاپ و لەیزێری “زاگرۆس”ی مەهاباد لە هۆڵی ئیدارەی فەرهەنگی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو و براوەكانی كۆتایی ئەم ڕووداوە سینەماییە لە نێوان سیناریۆنووسانی پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و كوردستان بە شێوەی خوارەوە ناسێندران و خەڵات بەسەریاندا دابەش كرا.
ـ سیناریۆی “جانتا” (چەمەدان) لە نووسینی هاوبەشی “برایانی سامكۆ” بریتین لە “ئاكۆ زەندكەریمی” و “سامان حوسێنپوور” لە شاری سنە، پلەی یەكەم.
ـ سیناریۆی “با دەمانبات” (باد ما را خواهد برد) لە نووسینی “وەحید خودابەندەلوو” لە شاری قوروە، پلەی دووهەم.
ـ سیناریۆی “ئامین” لە نووسینی “گوڵاڵە ستاوەند” لە شاری مەهاباد، پلەی سێیەم.
جێی ئاماژەپێدانە كە دوای بانگەوازی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو”؛ بە گشتیی 92 سیناریۆی كورت، لە لایەن سیناریۆنووسانی ناوچەكەوە ڕەوانەی نووسینگەی فێستیڤاڵ لە شاری مەهاباد كران.