چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بۆچی ئافره‌تان په‌نا بۆ جوانكاری ده‌به‌ن

دیمه‌ن تاهیر

له‌ئێستادا به‌شێك له‌ ئافره‌تانی كورد جوانكاری بۆ روخساروجه‌سته‌یان ئه‌نجامده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ له ‌كاتێكدایه‌ پێشترئافره‌تان به‌و جۆره‌ په‌نایان بۆ نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری جه‌سته‌و روخساریان نه‌بردووه‌، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌ی دوای به‌شێكی زۆری ئافره‌تان جوانكاری ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌راده‌یه‌ك كه‌ زۆرجار روخساریان له‌شێوه‌ سروشتیه‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌چێت، به‌شێوازێك خۆیان ده‌گۆڕن كه‌ نه‌ناسرێنه‌وه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی ده‌روونی جه‌سته‌ی وته‌ندروستی بۆ ئافره‌تان دروست ده‌كات كه‌ ده‌توانین بڵێین ئاڵوده‌ی جوانكاری ده‌بن به‌رده‌وام ده‌بن له‌جوانكاری به‌بێ گوێدانه‌ ته‌ندروستی خۆیان، ئه‌مانه‌ش زیانی هه‌یه‌ بۆ ئافره‌ته‌كه‌ و له‌هه‌مانكاتدا هۆكارێك وپاڵنه‌رێك هه‌یه‌ كه‌ بۆچی ئافره‌تان له‌ئێستادا زۆرتر جوانكاری بۆ روخسارو و جه‌سته‌یان ده‌كه‌ن.
به‌شێك له‌ئافره‌تان به‌هۆی لاوازی ئیراده‌و باوه‌ربه‌خۆبوونه‌ كه‌به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانین بڵێن ڕه‌نگه‌ باوه‌ڕی به‌جوانی خۆی نه‌بێت بڵێت له‌ڕوخساری من شتێك هه‌یه‌ كه‌ناشیرینی كردووم، بۆیه‌ پێویسته‌ جوانكاری ئه‌نجام بده‌م یاخود دیارده‌یه‌كی تر كه‌ له‌نێو ئافره‌تاندا باوه‌ ئه‌ویش دیارده‌ی چاولێكه‌رییه‌ كاتێك هاوڕێیه‌كی یاخود كه‌سێكی نزیكی ده‌بینێت كه‌ جوانكاری بۆ ڕوخساری كردووه‌ ئه‌ویش هه‌مان شت ئه‌نجام ده‌داته‌وه‌ به‌بێئه‌وه‌ی كه‌ ئاگاداربێت ئه‌م جوانكارییانه‌ چه‌ند زیانیان بۆ لایه‌نی ده‌روونی كه‌سه‌كه‌و زیانی ته‌ندروستی زۆری هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و ‌مادانه‌ی له‌جوانكاری به‌كار دێن ماده‌ی زیانبه‌خشن. له‌هه‌مانكاتدا به‌شێكی زۆری ئافره‌تان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌هۆی حه‌زی پیاوه‌كانیان بۆ ئه‌م جوانكارییانه‌ پاڵنه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تان جوانكاری ئه‌نجام بده‌ن، به‌شێكیش له‌ئافره‌تان پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر جوانكاری بۆ روخساررو جه‌سته‌یان بكه‌ن سه‌رنجڕاكێشتر ده‌رده‌كه‌ون كه‌ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌ وره‌یه‌ پزیشكان هه‌میشه‌ هانی ئافره‌تان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌جه‌سته‌یان جوان و ڕێك بێت وه‌رزش بكه‌ن، وه‌رزشكردن یه‌كێكه‌ له‌ڕێگه‌ هه‌ره‌ باشه‌كان بۆمانه‌وه‌ی جه‌سته‌ به‌ڕێكی، به‌تایبه‌ت بۆ ئافره‌تان وه‌رزشكردن باشترو به‌سوودتره‌ نه‌ك په‌نابردن بۆ جوانكاری جه‌سته‌، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌توێژه‌رانی ده‌روونی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ پێویسته‌ ئافره‌تان فێر بن شێوه‌ سروشتییه‌كه‌ی خۆیان قبوڵ بێت به‌هیچ جۆرێك په‌نا بۆ جوانكاری روخسارو و جه‌سته‌یان نه‌به‌ن.
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ٣٠ ئافره‌ت كراوه‌ كه‌ نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاریان بۆ جه‌سته‌یان كردووه‌، له‌كۆتایدا ده‌ركه‌وتوه‌ ئه‌م ئافره‌تانه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌یان كردوه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی نزیكی خۆیانه‌وه‌ هاندراون باوه‌ڕیان به‌جوانی خۆیان نه‌بووه‌، یاخود جۆرێك له‌نارێكی له‌جه‌سته‌و روخساری خۆیان به‌دیكردووه‌ پێیا وابووه‌ كه‌ ناتوانن به‌و شێوه‌یه‌ بن، بۆیه‌ به‌چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ری كه‌ بۆ جه‌سته‌یان كردووه‌ تێچوی زۆریشیان ڕۆیشتووه‌ شێوه‌ جوان سروشتیه‌كه‌ی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌ . بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌دا ده‌پرسین ئێمە کەی فێر دەبین سروشت وەک خۆی قبوڵ بکەین؟ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موومان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌ دابین به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌خۆمان هه‌ین خۆمان قبوڵ بێت نه‌هێڵێن قسه‌ی خه‌ڵك و چاولێكه‌ر زاڵ بێت به‌سه‌رماندا، خوای گه‌وره‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌دروستی ده‌كات جوانیه‌كی تایبه‌تی پێده‌به‌خشێت، ئێمه‌ی ئافره‌تان پێویست ناكات دوو دڵبین كاریگه‌ری چوارده‌ورمان زاڵ بێت به‌سه‌رماندا پێویسته‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت كه‌ ئێمه‌ جوانین جوانی ئێمه‌ له‌روخسارو و ناخماندایه‌.