ناسا لەسەر مانگ تەلەسكۆپێکی هەرە گەورە دادەمەزرێنێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

تەلەسكۆپ پەنجەرە و چاوی مرۆڤە بەسەر گەردوونەوە؛ تا چەند دەهەی دیکەیش شۆڕشێكی گەورە دەبینین لەو بوارە بەتایبەتیش‌ دوای ئەوەی لە داهاتووێكی نزیك پێشبڕكێیەكان لەنێوان ئەمەریكا و چین زۆر چڕتر دەبنەوە لە بواری پشكنیەكانی ئاسمان..

هەربۆیەش ناسا بەتەمای دروستكردنی تەلەسكۆپێكی ڕادیۆیی زۆر گەورەیە بە تیرەی یەك كیلۆمەتر لە دیوە نەبینراوەكەی مانگ دوور لە هەموو نیشانە كارۆموگناتیسیەكانی سەر زەوی كە ژاوەژاوی ڕادیۆیی دەستكرد بۆ تەلەسكۆپەكان دروست دەكەن…
لوقمان حەوێز كە شارەزایەكی بواری فەلەكناسی كوردە و لەسەر ئەم تەلەسكۆبە نوێیە نووسیویەتی: تەلەسكۆپەكە لەنێو چاڵێكی مانگدا دەبێت كە تیرەكەی 3 بۆ 5 كیلۆمەتر دەبێت لە دیوە نەبینراوەكەی مانگ و لە ڕێگەی ڕۆبۆتی زیرەكەوە دروست دەكرێت و بەپێی بیرۆكەكە و پلانەكە لە سەرەتای سیەكانەوە دەچێتە قۆناغی جێبەجێكردن…
بیرۆكەی پڕۆژەكەی ناسا هی دەیان ساڵ پێش ئێستایە بەڵام ئێستا ڕەزامەندیی لەسەر درا و وەكو قۆناغی یەكەم دەست دەكرێت بە لێكۆڵینەوەی ورد بە مەبەستی دیزاینكردن و دواتریش جێبەجێكردن…
لوقمان لە نووسینەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە: ئەو دیوی مانگ باشترین شوێنە بۆ تەلەسكۆپێكی ڕادیۆیی لەبەر ئەوەی هەرگیز ڕووی لە هەسارەی زەوی نابێت و بەركەوتنی نابێت لەگەڵ تیشكە كارۆموگناتیسیە دەستكردەكانی مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی…
بەرپرسانی ناسا ئەو هەنگاوە لە ئەمڕۆدا زۆر بە پێویستتر دەزانن بەتایبەتی دوای داڕمانی تەلەسكۆپی ئەریسیبۆ كە گەورەترین تەلەسكۆپی ڕادیۆیی ناسا بوو و لە دورگەی پۆرتریكۆ بوو لەنێو دەریای كاریب، هەروەها دوای ئەوەی چین ئێستا بووە بە خاوەنی گەورەترین تەلەسكۆپی ڕادیۆیی لە جیهان كە تیرەكەی 500 مەترە…

ھەواڵی زیاتر