دایک و باوک چۆن دەتوانن بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا سنوودار بکەن ؟

گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو کاتانەی کە لەگەڵ ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بەسەر دەبرێت. تەکنەلۆژیا لەلایەن کۆمەڵگاوە سوڕێکە کە ئێمە تێیدا دەخولێینەوە، لە ژیانی ڕۆژانەماندا پشتی پێ دەبەستین و ئاستی پێویستییەکانمان و داخوازییەکانمان لەسەر شانی تەکنەلۆژیا لە بەرزبوونەوەدایە بەهۆی ئەو پەیوەندیە گشتیەی کە جیهانی بەیەکەوە بەستۆتەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەلایەن منداڵانەوە لە ئێستادا ڕووی لە زیادبوون کردووە کە زۆربەی کات لە قوتابخانە یاخود لەماڵەوە دەتوانن ئەو توێژینەوەیانەی کە پێویستن بۆ ئەرک و وانەکانی قوتابخانە ئەنجام بدەن، دەستیان بە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان بگات، هەروەها توێژینەوە لەسەر ئەو شوێن و بابەتانە بکەن کەپێویستن بۆ ئەو زانستەی کە پێیان نە گەیشتووە جگە لەو سوودە زۆرانەی کە لەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەدەستی دەهێنێت، بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانیشی جگە لەو سوودەی باسمان کرد زیان و مەترسیشی هەیە لەسەر پەروەردە و کەسایەتی و تەندروستی منداڵەکە.
لەگەڵ درێژبوونەوەی ئەو کاتەی منداڵان لەبەردەم شاشەیەکەدا بەسەری دەبەن، ڕووبەڕووی بارودۆخگەلێکی وەک بەسەربردنی کاتەکان دەبنەوە لەسەر ئەو ماڵپەڕانەی کە لەگەڵ تەمەنیاندا ناگونجێت، لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، کەمبوونەوەی چالاکییە جەستەییەکانیان، وازهێنان لە خواردنی بەسوود و ژەمەکان. زۆرگرنگە دایکان و باوکان، هەروەها پەروەردەی قوتابخانەکان چاودێری ئەو کاتە بکەن کە منداڵەکە لە ژینگەی دیجیتاڵیدا بەسەری دەبات بۆ ئەوەی زیان لە پەروەردە و ژیانی منداڵەکە نەدات و لە هەمان کاتدا چێژ لە سوودەکانی تەکنەلۆژیا وەربگیرێت. “گرنگی چاودێریکردنی منداڵەکەت لەوەدایە تۆ دەزانیت کە چەند کات لەبەردەم شاشەکەدا بەسەر دەبات و ڕەنگدانەوەی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەم کاتانە چین دەتوانیت بگەیتە ئەنجامێک کە تا چەند بە سەلامەتی تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنێت.”
لە ئێستادا بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بووە بەجۆرێک لە ئالوودەبوون کە مرۆڤەکان بەهۆی بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشەدا کێشە و کەموکوڕی جۆراوجۆریان لە بوارەکانی جەستەیی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و سۆزداریدا هەیە. ئەم کەسانەی کە ئالوودەبوون بە ئینتەرنێت ناتوانن کۆنترۆڵی ئەو کاتانە بکەن کە

لە ژینگە دیجیتاڵییەکاندا بەسەری دەبەن، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەرەو لاوازبوون دەچێت، چێژ لەو چالاکییانە نابینن کە لە دەرەوەی ژینگەی دیجیتاڵی ئەنجامی دەدەن و دەست دەکەن بە هەستکردن بە هەست و سۆزی نەرێنی.
لە منداڵاندا ئەم وابەستەییە دەبێتە هۆی دابەزینی دەستکەوتی ئەکادیمی، لاوازبوونی پەیوەندییە کەسییەکان لەوانە پەیوەندی هاوڕێیەتی و خێزان، گۆڕانی کێش و شێوەی جەستە، لەدەستدانی بینین، سەرئێشە، ماندووبوونی بەردەوام، کەمبوونەوەی دەربڕینی هەستەکان، مەیلی توندوتیژی،خەمۆکی نیشانەکان کەمبوونەوەی سەرنجدان. دەتوانێت ببێتە هۆی چەندین حاڵەتی نەرێنی .
دەتوانیت چی بکەیت بۆ ئەوەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای منداڵەکەت سەلامەت بێت؟ نەبوونی سنووردارکردن دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە کاتێکی زیاتر و زیاتر لەبەردەم شاشەکەدا بەسەر ببات. زۆر گرنگە ئاگاداری ئەو سایتانە بن کە منداڵەکەت کاتیان لەسەر بەسەر دەبات، کام پلاتفۆرم بەکاردەهێنێت، و ئایا ئەم پلاتفۆرمانە لەگەڵ تەمەندا دەگونجێت بۆ ئەوەی لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە. دیاریکردنی چالاکیەکی هاوبەش کە هەموو ئێوارەیەک کەس گرنگی بە تەکنەلۆژیا نەدات یان کاتێک هەموو ئەندامانی خێزانەکە پێکەوەن هەم پەیوەندییەکانی خێزان بەهێز دەکات و هەم ڕێگری دەکات لە منداڵەکە بیر لەوە بکاتەوە کە هەموو کاتە بەتاڵەکان بە واتای کاتەکانی تەکنەلۆژیا دێت. ئەگەر منداڵەکەت ڕاهاتووە کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشەیەکدا بەسەر ببات، گۆڕینی ئەمە لەناکاو و خێرا نابێت. ئەگەری ئەوە هەیە کە منداڵەکەت کاردانەوەی هەبێت کاتێک سنووردارکردنی جۆراوجۆر دابنێیت. لەم حاڵەتانەدا بەسوود دەبێت بزانیت کە ئەم گۆڕانکارییە بە خێرایی ڕوونادات و پشتگیری لە کەسێکی پسپۆڕ وەربگریت لەو خاڵەی کە پێت وایە گۆڕانکارییەکە بەدی نەهاتووە.

ھەواڵی زیاتر