یەکپۆشکردنی قوتابیانی زانکۆ؛ بەرتەسککردنەوەی ئازادی یاخود دادپەروەری

زانکۆی سەلاحەدین وەکو یەکەم زانکۆ لە هەرێمی کوردستان سیستمی یەکپۆشیی خوێندکارانی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2022 – 2023 پەسند کرد.

لە ساڵی نوێی خوێندندا خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین بە جلوبەرگی رەنگی رەش و سپی یان رەساسی و سپی دەچنە زانکۆ، دوای دوو جار سزادان لە کاتی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە، زانکۆ خوێندکارەکە بۆ هەفتەیەک دوور دەخاتەوە.
راوبۆچوونی جیاواز بەرامبەر ئەو بریارەی یەکپۆشییە هەیە؛ زۆربەی خوێندکاران پێیان وایە ئەوە بریرێکی دادپەروەرانەیە و هەموو هەست بە یەکسانی دەکەن، هەندێکیش دەڵێن مافی ئازادی رادەربرینمان هەیە، جل و بەرگیش ڕێگایەکە بۆ ئەو کارە.
زۆربەی کۆلێژەکانی جیهان یاسای یەکپۆشی پەیڕەو دەکەن، کۆلێژی هارڤارد کە یەکێکە لە باشترین و پێشکەوتوترین کۆلێژەکانی جیهان، خوێندکارەکانیان ناچارکراون بە پۆشینی جل و بەرگی یونیفۆرم.
یەکپۆشی جیاوازی نێوان قوتابی دەوڵەمەند و هەژار ناهێڵێت ئەمەش دادپەروەرانەیە و چینایەتی کەم دەکاتەوە.
دکتۆر کامەران یونس گوتی: “ئەوەی قوتابی داوای دەکات یەکپۆشیە لە زانکۆ و مەبەستیشمانە کە نەھێشتنی جینایەتی لە نێوان قوتابیانە، چونکە قوتابی ھەیە سێ مانگ بەجل و بەرگێکە و ھەشە رۆژانە جۆرێکی جل و بەرگ لەبەردەکات، بۆیە دەمانەوێت ئەو جیاوازیە نەمێنێت لە نێوان قوتابی دەوڵەمەند و ھەژار، جگە لەوەش بۆ ئەوەی قوتابی لەجیاتی گرنگیدان بە جل و بەرگ گرنگی بە خوێندنی خۆی بدات، بۆیە دامانناوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئەگەر بڕیاری کۆتایی درا جل و بەرگ لە زانکۆی سەلاحەدین یەکپۆشی بێت.
بۆ زانکۆی سلێمانیش بەگوتەی د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکە بۆ کاروباری خوێندکاران، زۆرینەی خوێندکاران لەگەڵ یەکپۆشیدان، بۆ یەکلاییکردنەوەی بڕیارەکەش چاوەڕوانی ئەنجامی راپرسییەک دەکەن، کە دەستیانپێکردووە.
هەروەها زانکۆکانی دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و چەرموو چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆکانیان دەکەن بۆ بڕیاردان لەبارەی یەکپۆشییەوە دوای وەرگرتنی رای خوێندکارەکانیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەسەڵاتی ئەو بابەتەی داوەتە ئەنجوومەنی زانکۆکان، بەڵام دوای وەرگرتنی رای خوێندکاران، بڕیارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ پەسندکردنیان.
بڕیارەکەی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی یەکپۆشییەوە دوای راپرسییەکی ئەلیکترۆنی هات کە تێیدا زانکۆکە بۆچوونی خوێندکارانی وەرگرتبوو.
بەپێی ئەنجامەکانی راپرسییەکە 70.6٪ی خوێندکاران بە یەکپۆشی رازی بوون و رێژەی 29.4٪ی رازی نەبوون.
لەبارەی رەنگەکانیشەوە رێژەی 74.6٪ی خوێندکاران رەنگی رەش و سپییان لە سپی و رەساسی پێ باشتربوو.
رێژەی 70.9٪ی خوێندکاران پێیانوابووە یەکپۆشی بارگرانی لەسەر خێزانەکانیان کەم دەکاتەوە و زیاتر لە 58٪یش بە باشیان زانیوە جیاوازی لەنێوان رەنگی کوڕان و کچان هەبێت.
بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ دژی پەیڕەوکردنی سیستمی یەکپۆشین و بە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی دەزانن.

ھەواڵی زیاتر