تیمی هاوبەشی گرووپەكانی شاخەوانیی کوردستان دەچنە دەرەوەی هەرێمی كوردستان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

تیمی هاوبەشی گرووپەكانی شاخەوانی بەم زووانە بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێ دەكەوێت.

وا بڕیارە تیمێكی هاوبەش لە گرووپەكانی شاخەوانیی تۆمار لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستاندا، گەشتێكی شاخەوانی بکەن بۆ وڵاتی ئێران و لووتكەشاخی (دەماوەند؛ زەماوەند) و (سەبەلان).
لە ڕاگەیێنراوێكدا كە لەلایەن تیمی شاخەوانی هەرێمی كوردستانەوە بڵاو كراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو گەشتە لە ماوەیەكی نزیكدا دەکرێت و تیمەكە بەرەو ئێران بەڕێ دەكەوێت.بە مەبەستی تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی ئەم گەشتە، دوێنی ئێوارە، تیمی هاوبەشی گرووپەكانی شاخەوانی لە كوردستان، كۆبوونەوەیەكیان کردووە و تیایدا ھەموو جۆرە پلان و ئامادەكارییەكیان بۆ ئەو گەشتە تەواو كردووە و گەشتەكەش لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەکرێت.
ڕێكخستنی ئەم گەشتانە، نەریتێكی ساڵانەیە و زیاتر بۆ مەبەستی وەرگرتن و كۆكردنەوەی ئەزموون و شارەزایی لە بواری تەكنیكی شاخەوانی و بردنەسەرەوەی توانای شاخەوانانی كوردستانە كە بەشی تەكنیك و فێركاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان پێی ھەڵدەستێت و ڕێكیان دەخات.
جێی باسە، لووتكەچیای دەماوەند كەوتۆتە سنووری پارێزگای مازندەران لە باكوری ئێران و بەرزاییەكەی لە ئاست دەریاوە (٥٦٧١) مەترە كە بەرزترین چیایە لە ئێران و لە سەرجەم ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
ھەروەھا چیای سەبەلان سێهەم چیای هەرەبەرزی ئێرانه و بەرزاییەكەی لە ئاست دەریاوە (٤٨١٢) مەترە و كەوتۆتە سنووری پارێزگای ئەردەوێڵ (ئەردەبیل) لە باكووری ڕۆژئاوای ئێران.

ھەواڵی زیاتر