ئاشنا موحسین: مرۆڤ نابێت دەستبەرداری هیواکانی بێت

مامۆستا ئاشنا موحسین، کچێکی دەست رەنگینی شاری سۆرانە باس لە گەیشتن بە خولیاکانی دەکات و دەڵێت: دوا بەدوای دەرچوونم لە زانکۆی سۆران هەڵسام بە جێبەجێکردنی خەونێکی لە مێژینەم کە چێشتلێنان بوو ئەم کارەیان هەمیشە خەیاڵێک بوو دەمویست بەردەستەی بکەم بۆن و تامی بکەم ڕەنگ و ڕووی ببینم.

لە سەرەتای بەجێگەیاندنی ئەم خولیایەم چەند هەنگاوێک ڕۆیشتم وەکو خونچەیەک کە دەکرێتەوە ئاوا چێشتخانە ٣ بە ٤ ەکەی دایکمم کردەوە و دەستم پێکرد، ڕۆژانە هەرشتێکی بچووکیش بووایە دروستم دەکرد ڕۆژ دوای ڕۆژ بە دیزانێکی جیاواز و ڕەنگی سەرنجڕاکێشی سادە خواردنەکانم بڵاو دەکردەوە لە ئەکاونتی خۆم لە سۆشیاڵ میدیا، لەگەڵ دروستکردنی هەر شیرینەمەنیەک و خواردنێک هەستەکانم وەکو پێکهاتەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنا و ڕۆحم تێکەڵی دەکرد بە سیمایەکی خۆش و پاکوخاوێن دەستم پێدەکرد و کۆتایم پێ دەهێنا. بە بەردەوامی چێشتلێنان جۆش و خرۆشی پێبەخشیووم و هەرکاتێک بێتاقەت بوومایە سەرێکم لە چێشتخانەکەی دایکمم داوە ( ئەو ژنەی کە دڵی خۆی و چێشتخانەکەی هەمیشە ئاوەدان بووینە).
من بەو جۆرە بەردەوام بووم لە کاتێکدا ئەرکی مامۆستایەتیم لەسەر شان بوو، هەمیشە لام وابووە کە نابێت کەمتەرخەمی بنوێنم بەرامبەر ئەم ئەرکە پیرۆزەم لە وانە وتنەوە و گەیاندنی زانیاری بە قوتابیان، هاتنی کۆڤید-١٩ و بارودۆخی کەرەنتین بۆ من چانسێک بوو بۆ زیاتر پەرەبەخۆدان لەم بوارەدا دەرفەتی تاقیکردنەوی شتی نوێم زیاتر بوو، هەموو ڕۆژێك دوای خوێندنەوەی کتێبێک سەرێکیشم لە چێشتخانە دەدا بەجۆرێك دەستم پێدەکرد کە لە پێشبرکێیەکی جیهانیدام هەموو کات ڕەچاوی کاتم کردووە. ئینجا بیرم لەوە کردەوە کە دەبێت خەڵکی زیاتر بە کارەکانم ئاشنا بکەم، ئەکاونتێکی تایبەتم بە خواردن دانا لە سۆشیاڵ میدیا خەڵکێکی زۆر بە بەردەوامی ڕۆژانە کۆمێنتی هەبوونی ئەم خواردن و شیرینیانەیان دەکرد کە بڵاوم دەکردنەوە، بۆیە بڕیارێکی سادەم دا بە پاڵپشتی ماڵەوەمان ئەویش بە بازاریکردنی چێشتەکانم بوو وەکو نموونەیەک سەرەتا پێشکەشم کرد لە دەستپێکدا قازانجێکی زۆر سادە، کەچی دڵخۆشیەکەی تامێکی تری هەبوو لە لام و بەتەواوی داهاتی خۆمم دەزانی لەم کارەدا. بەم شێوەیە بەردەوام داواکاری خواردنەکانم زیادی دەکرد و دەهاتن بە پێی توانا وەرمان دەگرتن، بەڕاستی جێی ئاماژە پێکردنە سۆشیاڵ میدیا دەورێکی باڵای بینی لە ناساندنی من بە خەڵکی و ئاسانکاریمان کردبوو بۆ خەڵکی هەر لەو رێگایەشەوە گەیاندمان دابین کردبوو و خواردنەکانمان دەگەیاندنە بەردەم شوێنی داواکاران.
لێرەدا من ئەرکەکەم و خولیا جوانەکەم دەخەمەڕوو وەکو بەرچاوڕوونیەك بۆ کۆمەڵگه‌کەمان و خاوەن بەهرە و خولیاکان بۆ هەنگاونانیان بەرەو دەستپێکردنی خولیاکەیان و بوون بە خاوەن بزنسی تایبەت بە خۆیان. هەموو کارێک لەگەڵ دەستپێکردن و بەردەوامبوونیدا ڕووبەڕووی کۆسپ دەبێتەوە، بەڵام مرۆڤ لە کارەکانیدا دەبێت پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت دەستبەرداری هیواکانی نەبێت بەم جۆرە لەهەر باردۆخێکی نەویستراو دەتوانێت هەستێتەوە و بەردەوام بێت، من وەکو مامۆستایەک لە زانکۆ کە پیشەمە و شێفێک کە هیوایەتمە بەردەوام دەبم تا دەگەم بەو ئامانجەی کە مەبەستمە، لای من باوەر وایە هەر کاتێک بیرت لە بابەتێک کردەوە لەگەڵ ڕۆحی بابەتەکە بژی و خۆشت بوێت، ئەم کاتە بابەتەکە لەدایک دەبێت و وەکو رۆحلەبەرێک بۆت دەردەکەوێت و خۆت نیشان دەدا.

ھەواڵی زیاتر