دووەم بەھێزترین ئافرەتی عێراق و یەکەمی کوردستان، ئافرەتێکی گەرمیانییە

ئەسما یوسف ئەمین، جگە لەوەی کارمەندە لە وەزارەتی ناوخۆ، ماوەی ١٣ ساڵە یاری ھێزی لەش ئەنجامدەدات، بەھۆی شارەزایی لە یارییەکەدا بووەتە راھێنەرێکی بەناوبانگ لە کەلار.

ئەسما، تەمەنی ٣٠ ساڵەو دانیشتووی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، لە باشوری کوردستان، خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووەو ماوەی ١١ ساڵە لە وەزارەتی ناوخۆ کارمەندی پۆلیسە.
ئەم ژنە گەرمیانییە، کە دووەم بەھێزترین ئافرەتە لەسەر ئاستی عێراق و یەکەمی کوردستانە، خولیایەکی زۆری بۆ یاری “ھێزی لەش” ھەیەو ماوەی ١٣ ساڵە لەو یاریکردنە بەردەوامە، بەھۆی شارەزایی لە بوارەکەدا ٥ ساڵە بووەتە ڕاھێنەرێکی بەناوبانگ.
ئەو ڕاھێنەرە لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٢ دا بەشداری لە پاڵەوانێتی “بەھێزترین ئافرەتی عێراق” کە لە ھەڵەبجە بەڕێوەچوو، کردووه‌ و توانیویەتی پلەی دووەم لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق بەدەستبھێنێت و بڕوانامەی ڕاھێنەری بەھێزترین ئافرەت وەربگرێت.
ئەسما یوسف دەڵێت: لە سنوری گەرمیان تاکە ڕاھێنەری ئافرەتە بۆ ھێزی لەش چەندین یاریزانی ئافرەتی دیکەش ڕۆژانە دێنە لای و مەشق و ڕاھێنان دەکەن.
ئەو یاریزانە، باسی لەو ئافرەتە گەنجە یاریزانانەی یاری ھێزی لەش کرد، کە ئێستا ژمارەیان زیادی کردووەو بەشداری ھۆڵەکانی لەشجوانی دەکەن، دەڵێت: دوو جۆر ئافرەتی گەنج بۆ مەشق کردن دێنە لام، بەشێکیان بۆ خۆلاوازکردن و بەشێکی دیکەیان بۆ جوانی جەستەو بەھێزی لەش یاری دەکەن.
ئەسما، ئاماژەیدا كه‌ لە مانگی ڕەمەزاندا پرۆگرامی خواردن و یاریکردن جیاوازتر دەبێت لەگەڵ مانگەکانی دیکەدا، بۆیە لە ڕەمەزاندا جیاواز لە مانگەکانی دیکە ڕاھێنان بە یاریزانان دەکات.
ئافرەتە بەھێزەکەی گەرمیان دەشڵێت: زۆرجاریش پزیشکەکان، نەخۆش دەنێرنە لامان، تاکو بە وەرزش کردن چارەسەریان بۆ بکەین.

ھەواڵی زیاتر