كوژرانی دووهەزار كەس بە چەكی بێمۆڵەت لە تورکیا و باکووری کوردستاندا

لە چەند رۆژی رابردوو، هاووڵاتییەك بە دەمانچە پەلاماری پزیشكێك دەدات و دەمودەست دەیکوژێت، ئەمەش دەنگۆیەكی گەورەی لە توركیا بەدوای خۆیدا هێنا، وای لێ هات لە میدیاكان باسی ئەو هەموو چەكە بێمۆڵەتە بكەن و مەترسی ئەو لایەنە بخەنە روو.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، لە توركیا و باكووری كوردستاندا ٢٥ملیۆن چەكی بێمۆڵەت لای هاووڵاتیانە، هەر بەو چەكە بێمۆڵەتانەش رۆژانە خەڵك دەبێتە قوربانی، بۆیە بە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی لێك دەدەنەوە.
توركیا و باكووری كوردستان، بە گشتی ٢ملیۆن و ٥٠٠هەزار چەكی مۆڵەتپێدراوی لێیە.
.هەر بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە توركیا بڵاو كراوەتەوە، تەنیا لە ٢٠٢٠دا، دووهەزار كەس لە توركیا و باكووری كوردستان، بە چەك كوژراون.
دوای هەوڵی كودەتاکەی ١٥ی تەمووز لە توركیا، حكوومەت چەكی بەسەر ئەو كەسانەدا دابەش كرد، كە بەرگرییان لە وڵات كرد و دژی كودەتا وەستانەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر كودەتایەكی تردا، بتوانن رووبەڕووی كودەتاچییەكان ببنەوە، بەڵام ئێستا مەترسی كودەتا لە توركیا نەماوە، بۆیە دوای كوشتنی دكتۆر ئەكرەم كەڕەكایە، مەترسی چەكی بێمۆڵەت هاتووەتە بەرباس و داوا دەكەن سزای توند بۆ ئەو كەسانە دابنرێت كە چەكی بێمۆڵەتیان پێیە.
دەڤریم گوونگۆڕ، مامۆستای زانكۆ بەشی یاسا، پێی وایە هەڵکشانی تاوانی كوشتن لە توركیا، راستەوخۆ پەیوەندیی بەو هەموو چەكە بێمۆڵەت و مۆڵەتپێدراوەوە هەیە، چونكە لە توركیا چەكی مۆڵەتپێدراویش زۆر زۆرە.
گوونگۆڕ پێی وایە، بوونی چەك تاوان ئاسانتر دەكات، ئەگەر هەر بەو شێوەیە چەكی بێمۆڵەت زیاد بكات، تاوانی كوشتنیش زۆر زیاد دەبێت.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتی ناوەخۆی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە توركیا و باكووری كوردستان، ٢ملیۆن و ٥٠٠هەزار كەس چەكی بەمۆڵەتیان پێیە، واتە سەدا٣ـی توركیا بە یاسا چەكی پێ دراوە.
هەروەها میدیاكانی توركیاش باس لەوە دەكەن، لە توركیا بە باكووری كوردستانەوە، ٢٥ملیۆن چەكی بێمۆڵەتی لێیە، كە راستەوخۆ بووەتە مەترسی بۆ گیانی هاووڵاتی.
وەزارەتی دادی توركیاش بڵاوی كردووەتەوە، تەنیا لە ٢٠٢٠دا، دووهەزار كەس بە چەك كوژراوە، كە بەشێكی زۆری ئەو چەكانە بێمۆڵەت بوونە.
گوونگۆڕ پێی وایە، ئەگەر حكوومەت دەیەوێت تاوانی كوشتن كەم بكاتەوە، یەكەم هەنگاو كە بیهاوێت دەبێت، رێگەپێدانی چەكی بەمۆڵەت كەم بكاتەوە.
لە توركیا ئەگەر بتەوێت بیتە خاوەنی چەكی بەمۆڵەت گران نییە و زۆر ئاسانە، بۆ نموونە دەچیتە نەخۆشخانە و راپۆرتێكی پزیشكی دەهێنیت و ئەگەر سەلمێندرا كە نەخۆشی دەروونیت نییە، بەو راپۆرتە دەچیتە وەزارەتی ناوەخۆ و دەتوانیت بە مۆڵەت چەك بەدەست بهێنیت.
پێشتر ئەوەی یەك ساڵ زیاتر سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرابا، نەیدەتوانی بەهیچ شێوەیەك ببێتە خاوەنی چەكی بەمۆڵەت، بەڵام مەهەپە و ئاكەپە، لە پڕۆژەیاسایەكدا ئەو مادەیەیان لا برد و جگە لەوانەی لەسەر تاوانی تیرۆر زیندانی كراون، هەموو كەسێك كە لە زیندان ئازاد دەكرێت، بۆی هەیە داوای چەكی بەمۆڵەت بكات.