چاڵ؛ یەکەم رۆمانی گوکهان هورزوم بە کوردی

لە نوێترین بەرهەمیدا نووسەر و وەرگێڕ “ئازاد هاشم” رۆمانی “چاڵ، گەڕانەوەی یاماج”ی “گوکهان هورزوم” وەرگێڕاوە، کە یەکەمجارە رۆمانێکی ئەم نووسەرە بە کوردی بڵاو دەبیتەوە. ئەم کتێبە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئاشتی لە شاری هەولێر بە چاپی گەیاندووە.

ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌گه‌ڕه‌كی (چاڵ) ڕووده‌ده‌ن، بێسه‌روبه‌رترین گه‌ڕه‌كی ئه‌سته‌مبوڵ، ئیدریس بنیاتنه‌ری ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌بووە، سه‌رۆك خێزانی كۆچۆڤالی، كه ‌بووه‌ باوكی هه‌موو دانیشتوانی (گه‌ره‌كه‌كه‌ نه‌ك ته‌نها ئه‌و خێزانه‌) كه‌سایه‌تی یاماچ، بچووكترین كوڕی ئیدریس كه‌ بڕیاریدا ماڵ و خێزانه‌كه‌ی خۆی جێبهێڵێت و دوور له‌ ژیانی مافیاكان ژیانێكی تازه‌ ده‌ست پێبكات، به‌ڵام به‌ناچاری دووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
لەم ڕۆمانەدا کاراکتەرەکان چەند خۆیان دوورەپەرێز بگرن بۆ ئەوەی لە ڕووداو و پێشهاتەکانی ڕۆژگارەوە نەگلێن بەڵام دواجار له‌ ڕووداوه‌كانی ده‌گلێن. کاراکتەری سەرەکی ئەم رۆمانەش بەناچارانە به‌و ڕۆڵه‌ ڕازی ده‌بێت كه‌ خێزانه‌كه‌ی و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی بۆی دیاری ده‌كه‌ن و ده‌بێته‌ كه‌سێكی فریادڕه‌سیان له‌و مه‌ترسیانه‌ی توشیان ده‌بێت.
گرنگی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌وه‌دایه‌ جیاواز باس له‌ ژیانی مافیاكانی توركیا ده‌كات و په‌یوه‌ندی خێزانی و مرۆڤایه‌تییه‌كانیان ده‌خاته‌ به‌ر باس، ته‌نانه‌ت له‌ نێوان ڕۆڵه‌كانی ئه‌و مافیایانه‌شدا.
(چاڵ) سەفەرکردنی خوێنەرە بەرەو جیهانی مافیاکان، بەڵام ئەمجارە لە دیدێکی دیکەوە جیا لەو دیدەی کە لە فیلم و دراماکانی دیکەدا بینراوە. بەڵکو لێرەدا بە دیدگایەکی دیکەوە خوێنەر بەریان دەکەوێت.

ھەواڵی زیاتر