شێرزاد حەسەن؛ لە هەولێرەوە بۆ هێلسنکی

لە هەولێرەوە بۆ هێلسنکی، ناونیشانی کتێبێکی نوێی نووسەر و چیرۆکنووس “شێرزاد حەسەن”ـە، کە ناوەندی غەزەلنووس لە دوتوێی 351 لاپەڕەدا چاپ و بڵاویان کردووەتەوە.

ئەم کتێبە چیرۆکی سەفەری نووسەرە بۆ ئەوروپا و بە دیاریکراویش گیرسانەوە لە شاری هێلسنکی، نووسەر بە ڕاستگۆییەوە چیرۆکی سەرهەڵگرتنی نووسیوەتەوە و دواتریش لە وتارێکی دیکەدا چیرۆکی گەڕانەوەی و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە ئەوروپا نووسیوەتەوە. کتێبەکە بێجگە لە کۆمەڵێک دیداری گرنگ و هەمە چەشنی لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگی پەروەردەیی و فیکریی تێدایە کە بۆ شارەزابوون لە ئەزموونی چل ساڵەی ئەم نووسەرە و پەیوەندی بە دونیای نووسینەوە و هاوکات کارکردنی لەنێو سێکتەری پەروەردەدا بۆ خوێنەر ڕوون دەکاتەوە.
کتێبەکە بێجگە لە دوو وتار سەبارەت بە سەفەری ئەوروپا و گەڕانەوەی هاوکات لە هەشت دیداری رۆژنامەوانیش پێکهاتووە. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت: مەحاڵە تەنها لەڕێی نووسین و ئەدەبیاتی نووسەرێکەوە بەتەواوی نووسەرێک بناسین، یان ناتوانین پەی بە نهێنییەکانی پیشەکەی و خولیا و تەکنیک و گەمە هونەریی و ئەفسوونی داهێنانەکانی بەرین. لە دواتردا دەڵێت بۆیە دیداری ڕووبەڕوو لەتەک کەسانی شارەزا بە ئەدەبیات و فیکر و ئەزمووندار لەناو کایە جیاوازەکاندا دەتوانن نووسەران و بیرمەندان بوروژێنن و هانیان بدەن بۆ قسەکردن دەربارەی کۆی ئەزموونەکانیان.
شێرزاد حەسەن؛ نووسەر و چیرۆکنووس و پەروەردەکارە لە دایکبووی شاری هەولێرە و خاوەنی زیاتر لە 30 بەرهەمی بڵاوکراوەیە.

ھەواڵی زیاتر