کێ لە پیسداگەڕانی هاوینەهەواری سەرچاوەی زەڵم خەتابارە؟!

هەوارگەی زەڵمی ئەحمەدئاوای هەورامان، یەکێکە لە شوێنە گەشتیاری و زۆر جوانەکانی هەرێمی کوردستان و ساڵانە خەڵکانێکی زۆر چ لە نێو و چ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕووی تێدەکەن و سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی ناوچەکە و دووکاندارەکان، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە سەرچاوەیەکی گەورەی ئاوی خواردنەوەی خەڵک و چەندین جۆری میوەی هاوینی و پاییزییە کە بژیوی باخدارەکانی گوندی زەڵمی لەسەرە.

بەڵام بەداخەوە چەندین هۆکار هەیە بۆ تێکچوون و دروستبوونی ئەم دیمەنە ناشارستانیانەی کە لە وێنەکاندا دەیبینن:
یەکەم: لەسەر پارێزگار و قائیمقامیەتی هەڵەبجە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی گەشتوگوزارە کە لە ڕێگەی چاودێرییەکان و پاراستن و خاوێنکردنەوە و دانانی تابلۆی ئاگادارکردنەوە و ڕێنماییەوە کار لەسەر پاراستنی ژینگەکەی و ئاوە زووڵاڵەکەی بکەن.
دووەم: بەشێکی کەمتەرخەمییەکەش دەکەوێتە سەر ئەستۆی خودی دووکاندارەکان کە هەر لەبەر خاوێنی شوێنەکانی خۆیان و سەرەنجڕاکێشانی گەشتیارەکان، پێویستە ناوچەکە و کەپر و ئاوەکەیان خاوێن ڕابگرن و بە کاری هەرەوەزی ڕێگە نەدەن ئەم دیمەنە ناشارستانیانە دووبارە ببنەوە کە هۆکارێکن بۆ ناشیرینداگەڕانی زەڵم و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
سێیەم: بەشێکی تری هۆکاری دروستبوونی ئەم دیمەنانە، بۆ خەڵک و گەشتیاران دەگەڕێتەوە کە لە ئەنجامی بێفەرهەنگی و نەبوونی کلتوری فڕێدانی زبڵ و پاشخوانی خۆیان لە شوێنی تایبەت، بەم شێوەیە بوونەتە هۆی پیسداگەڕانی زەڵم.
بۆیە ئەگەر ئێمە بە ڕوانگە و ستراتیژیەتی خۆبواردن لە نەوت و ڕووکردنە کەرتەکانی گەشتیاری و کشتوکاڵ و پیشەسازی دەمانەوێت هەرێمەکەمان پێش بخەین، ئەوا پێویستە:
ـ وەزارەتی شارەوانی لە ڕێگەی دابینکردنی سەللەی زبڵ و خاشاک (حاویە) و کەسی تایبەتمەند بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان، ڕێگری بکات لەم کارەساتە.
ـ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە شێوەیەکی سەردەمیان کار لەسەر پاراستنی ئاوەکەی سەرچاوەی زەڵم بکات بۆ ئەوەی کارەساتەکەی پێشووی پیسداگەڕانی ئاوی سەرچاوەکە دووبارە نەبێتەوە کە خەڵکی ئەحمەدئاوا و هەڵەبجە و چەندین گوندی تووشی ژەهراویبوون کرد.
ـ دەستەی گەشتوگوزار و ژینگە لە ڕێگەی دەلیل و بڕووشوور و تابلۆ و هاندانی کۆمپانیاکانی گەشتیارییەوە، کار لەسەر هۆشیارکردنەوە و ڕێنماییکردنی گەشتایاران و خەڵک بکات کە سەردانی ئەو هاوینەهەوارە دەکەن.
ـ پارێزگار و قائیمقامیەتی هەڵەبجە لە ڕێگەی کار و خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی پۆلیسەوە ڕێنماییەکانی ئەو وەزارەت و دەستانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات کە لەسەرەوە ناویان هاتووە و هانی کۆمپانیاکان بدات بۆ دامەزراندنی کارگەی بچووکی مردەوژیکردن (ڕیساکلین) و کۆکردنەوەی پلاستیک بەمەش هەم داهاتێک بۆ چەندین خەڵک دروست دەبێت بە کۆکردنەوەی دەبەی پلاستیک، کە بەم شێوەیە فڕێ دەدرێنە ناو ئاوەکەوە و هەم بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکیش شوێنەکە لەم زبڵانە خاوێن دەبێتەوە کە بوونەتە هۆی دروستبوونی دیمەنی وا ناشیرین.
ئەگەر ئێمە وڵات و ناوچە و گوندەکانی هەرێمی کوردستانمان خۆش دەوێت، پێویستە هەموومان پێکەوە و بەر لە دروستبوونی کارەسات، هەنگاوی کردەیی هەڵێنینەوە نەوەک دوای دروستبوونی کارەساتەکان ئەوجا بیر لە چارەسەریان بکەینەوە.

ھەواڵی زیاتر