شانۆ و یاخیبوون


(چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە شانۆیی گۆرانییەکان)
شانۆ یەکێکە لە هونەرە دێرینەکان، لە یۆنانی کۆنەوە تا هەنووکە ئەم هونەرە بە یەکێک لە ڕادیکاڵترین هونەرەکان دادەنێرێت و شانۆ ڕاستەقینەکانیش ئەم ڕادیکاڵبوونەی خۆیان بە درێژایی ئەو مێژووە درێژە پاراستووە.
شانۆ ئەو هونەرەیە کە زۆرجار یاخیبوونی مرۆڤی تێدا بەرجەستە کراوە. یاخیبوون لە کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینییەکان. ئەمە بێجگە لەوەی یەکەم چەکی ڕەخنەیی لەنێو شانۆدا بەکارهێنراوە و هەر لە یۆنانی کۆندا بوەتە چەکێکی ڕەخنەیی. شانۆ هونەرێکی باڵایە ڕاستەوخۆ بێ هیچ سنووربەندییە پەیامی خۆی بە بینەر دەگەیەنێت و لە سەردەمی برسێتیدا دەبێتە نان بۆ بینەر و لەسەردەمی کۆتوبەندی سیاسیدا دەبێت دەرچەیەکی ئازاد بۆ گوزارشتکردن لە هەناسەی ئازادی مرۆڤەکان. ئەوەی سەرنجی شانۆییە کوردییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی دابێت هەست بەوە دەکات، کە شانۆ چ چەکێکی یاخیگەرانە و شۆڕشگێڕانەی ئەو سەردەمەی هونەرمەندانی کورد بووە.
بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە ئایا وەزیفە بنەڕەتییەکانی شانۆ لەو سەردەمەوە تا هەنووکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە. بێگومان شانۆ لە هەر سەردەم و دۆخێکدا وەزیفەی دەگۆڕێت، بەڵام کۆمەڵێک پەیامی جێگیریی هەیە، کە لە هەموو سەردەم و دۆخێکدا کاریان لەسەر دەکات و وەکو کۆڵەکەکانی ئەم هونەرە دەبینرێن. یەکێکیش لەو کۆڵەکانە ئەو ڕۆحە یاخیگەریی و ڕەخنەئامێزەی شانۆیە، کە هەمیشە هەڵگریی جۆرێک لە ڕەخنە و یاخیگەرییە. ئەگەر سەرنج لە شانۆی میسری بدەین دەبینین چۆن شانۆکارانی ئەو وڵاتە لە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا چۆن بە هونەرەکەیان بەرەنگاری دیکتاتۆرییەت بوونەوە و پەیامی یاخیگەرانە و شۆڕشگێڕانەی خۆیانیان ون نەکرد. ئەمە نموونەیەکی بچووکە بۆ شانۆی زۆربەی گەل و نەتەوە دیارەکانی جیهان.
هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هاوڕێیەکی شانۆدۆستدا ئامادەی نمایشی شانۆیی “گۆرانییەکان” بووین. شانۆیەک، کە کۆمەڵێک گەنج ڕۆڵیان تێدا دەبینی و هەموویان بۆ من وەکو بینەرێکی شانۆ یەکەم بەرکەوتنم بووپێیان و دەرهێنان و نووسینی دەقی شانۆییەکەش ناوێکی تازە بوو بۆ من. بەو پێیەی شانۆییەکە لە فەزایەکی کراوەدا نمایش دەکرا و چاوەڕوانی ئەوەبووم بەر شانۆیەکی جوان و جیاواز بکەم. جیاواز هەم لە ڕووی تێکستەوە و هەم لە ڕووی نواندن و هەم لە ڕووی تەکنیکی شانۆییەوە. کاتێک نمایشی شانۆییەکە دەستی پێکرد هەر لە سەرەتای شانۆییەکەوە تووشی وێنەی دووبارە و کاراکتەرگەلێک کەوتم کە دەتگوت بە زۆرەملێ ڕۆڵیان پێ دەبینرێت. یەکێک لە گرنگترین پایەکانی شانۆ کاراکتەرە، کە پێویستە ئاوێتەی ئەو ڕۆڵە ببێت، کە بۆی دیاریکراوە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان بینەر هەست بکات، کە ئەو ئەکتەرە لەو رۆڵەدا تواوەتەوە، بەڵام لەم شانۆییەدا لە هیچ کام لەو ئەکتەرانەدا هەستم بەم توانەوەیە نەدەکرد زیاتر لە “ئەکتەری زۆرەملێ” دەچوون تا ئەکتەرێک کە بە عەشقتەوە رۆڵەکەی بگێڕێت.
خاڵێکی دیکەی ئەم شانۆییە لاوازی تێکستەکەی بوو، کە هیچ دیالۆگێکی تێدا نەبوو شایستە بەو بینەرانە بێت، کە لە کاتی خۆیان گرتووە و هاتوون بۆ بینینی نمایشەکە. چیرۆکی هەریەک لە کاراکتەرەکان زۆر دووبارە و سواوبوون و هەتا لە جێگەیەکدا فیلمە خراپە هیندییەکانیشی تێدەپەڕاند، بەتایبەت کاتێک دوو کاراکتەری عاشق لەپڕ دەبوون بە خوشکوبرا. ئەمە بێجگە لەوەی بەشێک لە کاراکتەرەکان زیاتر وەکو دیکۆربوون نەوەکو ئەرکێکی بنەڕەتی لە نمایشەکەدا ببینن. بۆ نموونە کاراکتەری هەریەک لە (پاکەوان و کتێبفرۆش) ئەگەر بوونیشیان نەبوایە هیچ لە بونیادی تێکستی شانۆییەکە کەم نەدەبوویەوە.
سەبارەت بە تەکنیکی شانۆییەکە دەرهێنەر هەوڵی ئەوەی دابوو، کە چەند تەکنیکێک بەکار بهێنێت وەکو بەکارهێنانی “سکرین شۆ” بۆ گەیاندنی بەشێک لە جوڵەی کاراکتەرەکان لە جێگەیەکی دیکە، یان گواستنەوەی بینەر لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی دیکە، کە ئەمە پێشتر لە شانۆیی دیکەدا و زۆر بە سەرکەوتووتر شانۆکاری دیکە ئەمەی پێشکەشی بینەر کردووە، بەڵام لەم شانۆییەدا وەزیفەیەکی پەراوێزی هەبوو، کە دەکرا لە هەمان شوێندا بە دەستکاریکردنێکی بچووکی دیکۆر ئەوە چارەسەر بکرێت. واتە ئەم تەکنیکانە زیادە و ناپێویست بوون و پێویستی بنەڕەتی نمایش نەبوون.
خاڵی سەرەکی و بنچینەیی هەر نمایشێک بەدەر لەوانەی لە سەرەوە باسکرا “گوتاری شانۆیی”ـە بینەر دوای تەواوبوونی نمایشی شانۆیی بیر لە “گۆتاری شانۆ” دەکاتەوە. ئەم شانۆییە لە ئاستی “گوتاری شانۆیی”دا یەکێک بوو لە لاوازترین گوتارە شانۆییەکان. ئێمە لەسەرەتادا باسمان لە گوتاری شانۆ کرد، کە گوتارێکی ڕەخنەیی یاخیگەرانەیە، بەڵام لەم شانۆییەدا تەنها بەر چەند بەشێکی کەم لە ڕەخنە کەوتین و گوتارە زاڵەکە جیاواز نەبوو لەو گوتارە لە نێو کۆمەڵگە و ئایین و کولتووردا بەرهەم دەهێنرێتەوە و تاڕادەیەکی زۆریش گوتارێکی لەبری یاخیگەرانە بێئومێدکەرانە بوو. من داوای گەشبینی و ئومێدی درۆزنانە ناکەم لە هیچ دەقێکی شانۆیی، بەڵام باس لە چاندنی ئومێد دەکەم لە هەناوی نائومێدیدا. دژی تەسلیمبوونم وچۆکدادانم و لەگەڵ یاخیبووندام، کە ئەمە گۆتاری ڕاستەقینەی شانۆییە، کە شانۆیی “گۆرانییەکان” لێی بێبەش بوو.

*شانۆیی “گۆرانییەکان”، نووسین و دەرهێنانی یاداشت یوسف، نواندنی “کاروخ کەمال، کاڵی سەباح ئاریان ئاراس، ئالان میرزا، ژوان دارا، ئەلەند عەبدوڵڵا، سەنا تەها، ژێنەر حسێن، لاوکۆ عومەر” لە رۆژانی 20 حوزەیران و رۆژانی دوایی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش کرا.

ھەواڵی زیاتر