چاپی كتێبێك لەسەر مێژووی خۆراک لە توركیا خواردنی كوردەوارییشی تێدا باس کراوە


وەزارەتی كلتوور و گەشتوگوزاری توركیا، كتێبێكی تایبەت بە چۆنیەتیی دروستكردنی خواردنی توركی و هەروەها مێژووی خواردنەكانی توركیا، بە بڕی زیاتر یەك ملیۆن لیرەی توركیا چاپ دەكات و بەشێوەی تەندەر بۆ كۆمپانیایەك دەرچووە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو كتێبە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی توركیا كاری لەسەر بكرێت، چونكە باس لە خواردنی تایبەت بە توركیا دەكرێت.
ئەوەی كە بووەتە مایەی نیگەرانی بەشێك لە كوردەكان، لە كتێبەكەدا بەشێكی زۆر لە خواردنی كوردی تێدایە، بەڵام وەكوو خواردنی كوردی باسی لێوە نەكراوە، بەڵكوو وەكوو خواردنی توركی ناویان هاتووە.

وەزارەتی كلتوور و گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، دەبوایە كتێبەكە لە 2021 چاپ بكرایە، بەڵام ئەوكات رەخنەی زۆری لێگیرا و گوتیان چۆن دەبێت بەو بڕە پارە زۆرە كتێبێك لەسەر خواردنی توركیا چاپ بكرێت، بۆیە لە بودجەی 2022 شوێنی بۆ كراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی كلتوور و گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، كتێبەكە چەندین كەسی ئەكادیمی و شارەزا لە مێژوو كاریان تێیدا كردووە، باس لە هەموو جۆرە خواردنێكی توركیا كراوە، بۆیە كتێبەكە گرنگە و خزمەتە بە كلتووری توركیا.
هەروەها باس لەوەش كراوە، كە كتێبەكە بە یەك ملیۆن و 100 هەزار لیرەی توركی چاپ دەكرێت و بڵاو دەكرێتەوە.
ئەوەی بووەتە مایەی هەواڵ و رەخنەلێگرتنی هاووڵاتیان، پێشەكی كتێبەكە لەلایەن ئامینە ئەردۆغان، هاوسەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیاوە نووسراوە.
بۆیە دەڵێن، هۆكاری ئەوەی كتێبەكە بەو شێوەیە پارەیەكی زۆری بۆ خەرج كراوە، ئامینە پێشەكی بۆ نووسیوە، گەر ئەو پێشەكی بۆ نەنووسیایە ئەو پارەیەی بۆ خەرج نەدەكرا.
موسا دەمیر، خەڵكی مێردینە و شارەزای دروستكردنی خواردنی كوردییە، ئاماژەی دا كە كتێبەكە گرنگە و هەموومان پشتگیری دەكەین، بەڵام دەبێت ئەو خواردنانەی كوردین، وەكو خواردنی كوردی ناویان بهێنرێت نەك توركی.
باسی لەوەش كرد، لە مێردین چەندین جۆری خواردن هەن، كە تایبەتە بە كورد، هەروەها لە ئامەد و رۆحاش بەهەمان شێوە.
باسی لە جگەری ئامەد كرد، كە لە شارەكانی تری توركیاوە تایبەت بۆی دێت، هەروەها باسی لە دروستكردنی دۆڵمەش كرد، كە تەنیا لەناو كورددا هەیە و توركیا شتێكی نییە بەناوی دۆڵمە و گەر هەشیانبێت هی كوردە.
گوتیشی: ”جارێ نازانین لە كتێبەكەدا ئەو خواردنانەی كوردین، وەكوو خواردنی ناویان دێت یان توركی، بۆیە كاتێك كتێبەكە چاپ كرا، ئەوكات قسە خۆیان دەبێت.

ھەواڵی زیاتر