سەنتەری هەلی كار و بەكارخستن

هۆکاری پێکبەستنەوەی زانکۆ و بازاڕی كار


سەنتەری هەلی كار و بەكارخستن یەكێكە لەو سەنتەرانەی سەر بەنووسینگەی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدینە؛ ئەم سەنتەرە لینكی پەیوەندیە لەنێوان بازاڕی كار و زانكۆدا، تایبەت بەو سەنتەرەو هەلی كار دیدارێكی ڕۆژنامەوانیمان لەگەڵ مامۆستا “شوان محەمەد عەبدولرەحمان” بەڕێوەبەری سەنتەرەکەدا رێک خست؛ سەرەتا باسی لە سەنتەری هەلی كار و بەكارخستن كرد و گوتی: “ئەو سەنتەرە بریتیە لە سەنتەری هەلی كار و بەكارخستنی زانكۆی سەلاحەدینی هەولێر؛ ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە نووسینگەی سەرۆكی زانكۆوە. ئامانجە سەرەكییەکەی سەنتەر دروستكردنی لینكی پەیوەندییە لەنێوان بازاڕی كار و زانكۆدا، مەبەستمان پەرەپێدانی کارامەیی و توانستی قوتابیانە لە سەرجەم بوارەكان و ئامادەكردنیانە بۆ بازاڕی كار”.

تایبەت بە پلان و بەرنامەیان، شوان محەمەد دەڵێ: “بێگومان هیچ كارێك بەبێ بەرنامە و پلانی كاركردن نابێت، ئێمەش دوای وەرگرتنی ئەركی بەرپرسیاریەتی سەنتەری هەلی كار و بەكارخستنی زانكۆی سەلاحەدین، بەرنامە و پلانی كاركردنی خۆمان بۆ ساڵانی دابێ داڕشتووە، كە خۆی لە سێ تەوەری سەرەكیدا دەبینێتەوە و بە كورتی دەیخەینە ڕوو:

  • پەیوەندیەكی تۆكمە لەگەڵ قوتابیان و متمانە دروستكردن بۆ قۆناغی داهاتوومان، لەڕێگەی بەستنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و پێدانی ئەرك و بەرپرسیاریەتی بە ژمارەیەكی زۆری قوتابیان لە ناوەندەكانی خوێندنی زانكۆ.
    -بەهێزكردنی هەماهەنگیی سەنتەرەكەمان لەگەڵ دامەزراوە و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، ئەمەش لە ڕێگەی سەردان و بەسەركردنەوە و بەستنی ڕێكەوتنی دوولایەنە.
  • گرتنی زنجیرەیەك سمینار و وركشۆپی فراوان بە بەشداری كەسانی لێهاتوو و شارەزا لە بواری ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناكان بۆ ژمارەیەكی زۆری مامۆستا و قوتابیی كۆلێژەكانی زانكۆمان.
    لە پرسیارێكی تر لە بەڕێوەبەری سەنتەرمان پرسی تا چەند توانیوتانە دەرفەتی كار بڕەخسێنن؟ لە وەڵامدا ئاماژەی دا: “بێگومان رەخساندنی دەرفەتی كار ئەركێكی ئاسان نییە؛ خۆی ئەركی سەرەكیمان بریتی نییە لە رەخساندنی دەرفەتی كار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو بوارەدا درێغیمان نەكردوە، لە ڕێگەی سەنتەرەكەی ئێمەوە قوتابی دەرفەتی كاری باشی بۆ ڕەخساوە، لە چەندین كۆمپانیا و دامەزراوەی كەرتی تایبەت قوتابیانمان كاریان دەست كەوتووە؛ ئێستا خاوەنی كاری تایبەت بە خۆیانن، ئەمەش لە ئەنجامی بەشداریكردن و پەرەپێدانی تواناكانی قوتابیان خۆیانەوە بووە، بۆیە دەڵێم ئەركی ئێمە بریتی نییە لە دۆزینەوەی دەرفەتی كار، چونكە ئامانجە گەورەكە ئەوەیە چۆن قوتابی ڕادەهێنی بەوەی پشت بە خۆی ببەستێت بۆ ئەوەی دەرفەتی كاری دەست بكەوێت، نەك بیخەیتە سەر كار؛ ئەوەی ڕاستی بێت دەتوانین بلێین قۆناغی ئێستا و ئێستاولا پێمان دەڵێت كە دەبێت (كار) بە دوای ئێمەدا بگەڕێت نەك ئێمە بە دوای كاردا بگەڕێین، ئەمەش ئاسان نییە بە ڕاستی، بەڵام مەحاڵیش نییە؛ قوتابی ئێستا بواری ئەوەی هەیەو هەلی لەبەردەستە خۆی بۆ ئەم قۆناغە ئامادە بكات، توانست و كارامەییە كەسیەكانی خۆی پەرە پێ بدات، لەو خاڵە چەقبەستووە بێتە دەرەوە كە دوای دەرچوونی لە زانكۆ حكوومەت دایدەمەزرێنێت، جێگای دڵخۆشییە كە ئێستا لە ڕێگەی جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی تۆكمەوە لە بەشێكی زۆری زانكۆكان كار بۆ ئەوە دەكرێت كە قوتابی بۆ بازاڕی كار ئامادە بكرێت، ئەو تایبەتمەندیانە چین كە بازاڕی كار لە قوتابی داوای دەكات و دەیخاتە ژێر باری ئەوەی بۆ داهاتوو خۆیانی بۆ ئامادە بكەن، ئەمانە پێمان دەڵێن بەرچاوڕوونی هەن و كاری باش كراوە، بەڵام پێویستمان بە زیاترە بێگومان”.
    سەبارەت بە ئاستەنگ و گرفتەكان، مامۆستا شوان گوتی: “بێ شك هیچ كارێك بێ ئاستەنگی نییە، ئەو ئاستەنگانەی ئێمەش هەمانە، بەشێكی پەیوەندی بەو بارودۆخە سیاسی و ئابوریەی ئێستا تەواوی جیهانی گرتۆتەوەو ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان لێی بەدەر نین، بەشێكیشی پەیوەندی بەوە هەیە متمانەیەكی تەواو لەنێوان قوتابی و سەنتەرەكان نییە، ئەوەش بێگومان پێویستی بەپێداچوونەوە هەیە؛ جێی دڵخۆشییە کە ئێستا كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆر بەو بوارە دەدات؛ سەرۆكی حكومەت خۆیشی زۆر لەسەر ئەو بابەتە ڕژدە كە دەبێت پەیوندییەكی بەهێز لەنێوان بازاڕی كار و زانكۆكاندا هەبێت. وەكو زانكۆی سەلاحەدین – هەولێر و، خودی سەرۆكی زانكۆ (پ.ی.د. كامەران یونس) پاڵپشتی تەواوی سەنتەرەكەمانە و هەموو جۆرە هاوكارییەكیش پێشكەش دەكات بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزكردنی پەیوەندیی سەنتەرەكەمان و قوتابیان و دامەزراوە تایبەتەكانیش.
    دەتوانم بڵێم خۆمان بۆ ئاستەنگەكانیش ئامادە كردووە و پلانمان بۆ داڕشتوە، سیفەتی كاریش وایە، كاری بێئاستەنگ، کوا كارە؟ گرنگ ئەوەیە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین و رووبەرووی ببینەوە.”
  • سەبارەت بەوەی كامە بەش و كۆلێژ زیاتر پێویستی بە هەلی كارە بەڕێوەبەری سەنتەر ده‌ڵێت: “بیركردنەوە لەوەی، ئەو كۆلێژە زیاتر هەلی كاری بۆ دەڕەخسێت و ئەم كۆلێژەو ئەوەی تریش چانسیان لاوازە بۆ دەستخستنی هەلی كار دوای خوێندن، بیركردنەوەیەكی هەڵەیە و لە جێی خۆیدا نیە بە ڕاستی، هەرچەند ئەم بیركردنەوەیە بۆتە كلتوور و لە بەشێكی زۆری كۆلێژ و زانكۆكانی هەرێمدا ئەو قسەیە باوە ئێستا، بەڵام ئەركی ئێمەیە لە سەنتەرەكان ئەم بیركردنەوەیە بگۆڕین، ئەمەش دەبێت بە كردەوە بە قوتابیانی بسەلمێنین، كە نەخێر لە هەر كۆلێژێكدا بیت و لە هەر بەشێكی كۆلێژەكان قوتابی بیت، كارامەیی و لێهاتووی تۆی قوتابی و چۆنیەتی خۆئامادەكردنی خۆتە بۆ قۆناغی داهاتووی ژیانت، كە هەر ئەمەش دەبێتە بڕیار لەسەر چارەنووسی ژیانی خۆت دەدات، دەبێت ئەو بیركردنەوە بە تەواوی بگۆڕین كە قۆناغی داهاتوو قۆناغی پەرەپێدانی تواناكان و بەرزكردنەوەی ئاستی تاكەكەسیی قوتابی خۆیەتی، كە دوایی دەتوانێت بە ئاسانی لە بازاڕی كاردا كاری دەست بكەوێت.”