با پاراستنی ئاو بکرێتە کولتوور؛ ئاو هی ئەوە نیە بەفیڕۆ بڕوات

بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، رۆژانە هەر تاكێك پێویستی بە 250 لیتر ئاو هەیە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان، هەر تاكێك نزیكەی 500 لیتر بەكار دەهێنێت. ئەو بەكارهێنانە بۆ ئەوە نییە كە پێویستییەتی، بەڵكوو بەفیڕۆی دەدات، بۆیە داوا دەكرێت، رۆشنبیرییەتی بەفیڕۆنەدانی ئاو لەناو خەڵكدا بڵاو بكرێتەوە.

لە بەشێكی ئەو شارانەی لە هەولێردا دروست كراوە، بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەچێت، هیچ كەسێك بۆی نییە لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا سەیارەكەی بشوات، گەر ئەو كارە بكات، سزا دەدرێت.
كامەران مەحموود، دانیشتووی شاری ئەتڵەنتیكە لە هەولێر، ئەو باس لەوە دەكات، رۆژێك لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا سەیارەكەی شووشتووە، بەڵام بۆ بەیانی كاغەزێك هاتووەتە بەر دەرگای ماڵەكەی و سزای 20 هەزار دیناریان بۆی نووسیوە.
ئەو ئاماژە دەدات، لەورۆژەوە بەهیچ شێوەیەك لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا سەیارە ناشوات، زۆریشی پێخۆشە كە بەو شێوەیە سزا دراوە و دەڵێت ”كە سزا درام هەستم بە شەرمەزارییەكی زۆر كرد، بۆیە لەو رۆژەوە سەیارەكەم دەبەمە شوشتنگە. داوا لە هەموو كەسێك دەكەم سەیارە لەبەردەم ماڵەكەیدا نەشوات“.
بەداخەوە بەشێكی زۆری هاووڵاتیان، ئەوەندە ئاو بەفیڕۆ دەدەن، زۆرجار هەر بۆ خۆشی خۆیان بە سەعات بەر دەرگا دەشۆن و تەنانەت منداڵەكانیان یاریش بە ئاو دەكەن.
سەبیحە كەمال، دانیشتووی یەكێك لە گەڕەكەكانی هەولێرە، ئەو داوا دەكات كە رۆشنبیری بەفیڕۆنەدانی ئاو لەناو خەڵكدا بڵاوبكرێتەوە، چونكە بەشێك لە هاووڵاتیان زۆر بێویژدانن لە بەفیرۆدانی ئاوی پاك.
ئەو بەهۆی ئەوەی ماوەیەك لە توركیا ژیاوە، بۆیە باس لەوە دەكات، كە لە توركیا ئاو زۆر زۆر گرنگە، بۆیە هاووڵاتیان دەستیان بە ئاوەوە گرتووە، خۆ ئەگەر بەفیڕۆی بدەن خۆیان زەرەر دەكەن، چونكە مانگانە فاتورەی ئاویان پارەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە.
ئەو دەڵێت: ”پێویستە شوشتنی سەیارە لەبەردەم ماڵەكاندا بە هەموو شێوەیەك قەدەغە بكرێت، دەبێت رێگە نەدرێت زۆر لە پێویست بەردەرگا بشوشترێت و هەموو ماڵەكان ناچار بكەن لەناو تانكییەكانیاندا تەوافە ببەستن، چونكە ئەو تەوافەیە وا دەكات كە تانكی پڕ بێت و ئاوەكە بگیرێتەوە و بەفیڕۆ نەڕوات“.
سەمیر شەمسەدین، شارەزای بواری ئاوە، باس لەوە دەكات كە لە هەرێمی كوردستان كێشەی كەمی ئاومان نییە، چونكە خودا ئاوێكی زۆر پاك و جوانی پێبەخشیوین، بەڵام نازانین بەكاریبهێنین و بەفیڕۆی دەدەین.
ئەو ئاماژە دەدات، پێویستە بەنداو لەسەر زێی گەورە دروست بكرێت، چونكە ئاوی زێی گەورە ئەگەر بەفیڕۆ نەڕوات، بەشی هەموو كوردستان دەكات، بەڵام بەداخەوە ئاوەكە بەفیڕۆ دەڕوات و سوودی لێوەرناگیرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاریدا بودجەیەكی تایبەت بۆ دروستكردنی ئاوی ئیفراز چواری هەولێر دابین بكرێت، كە دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە، كێشەی كەمئاوی لە هەولێر بە تەواوی چارەسەر دەبێت، چونكە ئیفراز چوار ئاوەكەی لە زێی گەورەوە دێت و بەمەش 70%ی بیرەكانی هەولێر دادەخرێت.
بۆیە سەمیر شەمسەدین پێی وایە، ئەگەر ئیفراز چوار جێبەجێ بكرێت، داخستنی ئەو بیرانە وا دەكات ئاوی ژێر زەوی بپارێزین و بۆ نەوەكانی داهاتوومانی جێ بهێڵین.

ھەواڵی زیاتر