رۆبێرت شالووك یه‌كێكه له‌و كۆمه‌ڵناسانه‌ی كه شیكردنه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی له‌باره‌ی چه‌مكی چۆنایه‌تیی ژیان خستۆته‌ڕوو، ئه‌و تیۆره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به چۆنایه‌تیی ژیان له هه‌شت ته‌وه‌ر خستۆته‌ڕوو، و هه‌ر یه‌ك له‌و ته‌وه‌رانه‌ش سێ پێنوێنی خۆی هه‌یه كه هه‌ریه‌كه‌یان جه‌خت له‌سه‌ر كاریگه‌ری ڕه‌هه‌نده خودییه‌كانی چۆنایه‌تیی ژیان ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر دیاریكردن و بایه‌خپێدانی زیاتر به ڕه‌هه‌نده بابه‌تییه‌كان له دیاریكردنی پله‌ی هه‌ستكردنی تاك به چۆنایه‌تیی ژیان.
شالووك پێیوایه پتر له دوو ده‌یه‌یه گۆڕانێكی قووڵ و به‌رچاو له ڕوانینمان به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه ڕوویداوه كه بێ هێز و توانان، ئه‌م گۆڕان و وه‌رچه‌رخانه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی بایه‌خپێدانه‌كانی تاكه‌كان له ژیانی ڕۆژانه‌یان له چه‌ند بوارێك ڕه‌نگبداته‌وه ئه‌وانیش: چاره‌نووسی خودی، به‌هێزی و توانامه‌ندی، گرنگی ژینگه‌ی ئاسایی و گونجاو، ده‌سته‌به‌ركردنی سیسته‌می پاڵپشتیی كه‌سیی، دادپه‌روه‌ری و به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌فتاری ته‌با له‌گه‌ڵ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. به‌گوێره‌ی ئه‌و وه‌رچه‌رخانه گریمانه ده‌كه‌ین كه زۆربه‌ی خه‌ڵك ئه‌گه‌ر پاڵپشتییه‌كی ته‌واو و گونجاویان بۆ ده‌سته‌به‌ر كرابێت، ئه‌وا چۆنایه‌تیی ژیانی تاكه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ره‌وپێشچووه(schalock، 2000: 116).
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنایه‌تیی ژیان، ئاڕاسته و تێگه‌یشتنی هه‌مه‌چه‌شن هه‌یه، به‌ڵام تیۆره‌كه‌ی شالووك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنایه‌تیی ژیان پشتئه‌ستووره به سێ گریمانه‌ی سه‌ره‌كیی كه هه‌ر یه‌ك له‌و گریمانانه هه‌ڵقووڵاوی ڕێباز و هه‌نگاوه‌كانی توێژینه‌وه‌یه له‌باره‌ی چۆنایه‌تیی ژیان، گریمانه‌كانیش ئه‌مانه‌ن: 1. چۆنایه‌تیی ژیان تێكه‌ڵه‌یه‌كه له هه‌شت ڕه‌هه‌ندی سه‌ره‌كیی 2. جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنایه‌تیی ژیان ده‌بێت ئه‌نجام و ئاكامه‌كانی كه‌سه‌كانی ڕه‌چاو كردبێت. 3. بۆ ئه‌وه‌ی ستراتیژی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه سه‌ركه‌وتوو بێت، پێویسته پتر له ڕه‌هه‌ندێكی چۆنایه‌تیی ژیان یان كۆی ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیان به‌كار بهێنرێت. چۆنایه‌تیی ژیان له هه‌شت ڕه‌هه‌ند پێكدێت و هه‌ر ڕه‌هه‌ندێكیش له سێ پێنوێن پێكهاتووه، ئه‌و ڕه‌هه‌ند و پێنوێنانه كه‌ره‌سته‌ی گونجاون بۆ دیاریكردنی ئاست و پله‌ی چۆنایه‌تیی ژیان . (schalock، 2000: 120)
هه‌روه‌ها شالووك پێیوایه پێویسته له دوو ئاسته‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ چۆنایه‌تیی ژیان بكه‌ین ئه‌وانیش: یه‌كه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سیی (personal assessment) و دووه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندنیی ئه‌ركیی (functional assessment).
یه‌كه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سیی (personal assessment): ستراتیژه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سیی له ڕێگه‌ی سروشتی خودی چۆنایه‌تیی ژیان ده‌خرێته ڕوو كه پرسیار له نموونه‌ی توێژینه‌وه‌كه ده‌كرێت ئاخۆ له بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕازییه. پێشتریش شالووك له فۆرمی پێوه‌ره‌كه‌ی بۆ چۆنایه‌تیی ژیان چه‌ند پرسیارێكی له‌م چه‌شنه‌ی خستۆته‌ڕوو. بۆ نموونه پرسیاره‌كان له‌م چه‌شنه بوونه: ئاخۆ له ماڵ و دۆخی ژیانت ڕازیت؟ ئاخۆ ڕازیت له ئه‌زموونه‌كانت و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئیشه‌كه‌ت؟ كه دواتر ئه‌م پرسیارانه له‌رێگه‌ی پێنجینه‌ی لیگارته‌وه وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه. سووده‌كانی ئه‌م ئاڕاسته‌یه هه‌موو پێنوێنه گشتییه‌كانی بۆ پێوانه‌كردنی چۆنایه‌تیی ژیان له خۆده‌گرێت و گرنگیشه بۆ خستنه‌ڕووی ئاسته‌كانی ڕازیبوون له ژیان.
دووه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندنیی ئه‌ركیی (functional assessment):
گرنگترین ئه‌و شێوازانه‌ی له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ركیی ده‌گیرێته‌به‌ر بریتیین له چاودێریكردن له ڕێگه‌ی به‌شداری و فۆرمی پێوه‌ر. هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانی تاكه‌كان له‌ڕێگه‌ی یه‌ك یان چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی چۆنایه‌تیی ژیان و پێوانه‌كردنی، كۆمه‌ڵێك سوودی هه‌یه كه یارمه‌تیده‌ره له خسته‌ڕووی ئه‌ركه‌كانی كه‌سه‌كان، بۆ نموونه كه‌سێك ده‌پرسێت هیچ ئاسانكارییه‌ك بۆ چاودێری ته‌ندروستیت ده‌گریته‌به‌ر یان په‌یوه‌ستییه‌كی مه‌ده‌نیت بۆ هیچ گرووپێك هه‌یه؟ سووده‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ركیی بریتییه له دیاریكردنی بابه‌تییانه‌ی ئه‌ركه‌كانی تاك له ڕێگه‌ی به‌شداریی له گرووپه‌كان و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی ئه‌و گرووپانه پێشكه‌شی ده‌كه‌ن و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایانه‌ی كه هۆكاره بۆ به‌ره‌وپیشبردنی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان و چۆنایه‌تیی ژیان.
وێڕای ئه‌وه‌ش، ڕۆبێرت شالووك سه‌باره‌ت به پله‌به‌ندیی چۆنایه‌تیی ژیانی تایبه‌ت به‌گوێره‌ی هه‌ره‌مێك تیۆره‌كه‌ی خۆی بینا ده‌كات و ئاستیی گرنگییه‌كه‌ی و دیاریكردنی هه‌ر یه‌ك له‌و ڕه‌هه‌ندانه ده‌خاته‌ڕوو. به‌گوێره‌ی بۆچوونی شالووك، ڕه‌هه‌نده‌كانی چۆنایه‌تیی ژیان به كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه په‌یوه‌سته كه دواجار ده‌بێته‌هۆی هێنانه‌كایه‌وه‌ی ئاسووده‌یی كه‌سیی له ژیانی ڕۆژانه‌دا.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ڕه‌هه‌ندی ئاسووده‌یی فیزیكی كه له خواره‌وه‌ی هه‌ره‌مه‌كه‌ی شالووكدایه ئاسووده‌یی فیزیكیش (physic wellbeing) له‌خۆگری پرسه‌كانی وه‌ك گرنگی ته‌ندروستیت بۆ ئه‌وانیتر، خواردنی پێویست، خه‌وتنێكی پێویست، چاودێرێییه‌كی ڕێكوپێكی ددانت و ئازادی له ئاست ئه‌وانیتر، دوای ئه‌ویش ئاسووده‌یی ماددی (material wellbeing) دێت كه له‌خۆگری خاوه‌ندارێتی كه‌سیی، نیگه‌رانبوون به‌رامبه‌ر پاره، چۆن هه‌سته‌كانت ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌یت، به‌ده‌ستهێنانی پاره‌یه‌كی باش و پاراستن و خه‌رجكردنی پاره، له‌كاتێكدا مافه‌كان (rights) كه پێكدێت له پرسكردن پێش ئه‌وه‌ی بچیته ژووری هه‌ر كه‌سێكی دیكه، قسه‌كردن به مۆبایل به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، كاتبه‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ خۆت، ده‌نگهه‌ڵبرین به‌رامبه‌ر ستافی ئیشه‌كه‌ت و ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه‌كان، له پله‌ی سێیه‌می هه‌ره‌مه‌كه‌دایه. هه‌روه‌ها له پله‌ی چواره‌م پرسی تێكه‌ڵاوبوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (social inclusion) دێت كه جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر پرسه‌كانی وه‌ك به‌شێكبوون له كۆمه‌ڵ و گرووپ، ئه‌نجامدانی كارێك له‌گه‌ڵیاندا، هه‌بوونی هاورێ له‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا، بینینی هاورێكان له كۆتایی هه‌فته‌دا و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كان، له پله‌ی پێنجه‌می هه‌ره‌مه‌كه‌شدا جه‌ختكردنه‌وه‌یه له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (Social relationships) كه پێكدێت له پرسگه‌لی وه‌ك كێ یارمه‌تی و فێرت ده‌كات تاكو بگه‌یت به ئامانجه‌كانت، سه‌ردانیكردن و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌تدا، هه‌بوونی هاورێی نزیك و ئه‌نجامدانی چه‌ند شتێك كه كاریگه‌ری بكاته سه‌ر ئه‌وانیتر. چاره‌نووسیی خودیی (self-determination) كه پله‌ی شه‌شه‌می هه‌ره‌مه‌كی شالووك داگیر ده‌كات له‌خۆگریی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه یارمه‌تیده‌ره بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی وه‌ك هه‌ڵبژاردنی دراوسێیه‌كان، هه‌ڵبژاردنی چالاكیی ڕۆژانه یان كار، هه‌ڵبژاردنی خۆراك، چێژبینین له شته تایبه‌ته‌كان، كڕینی شتومه‌كه‌كان، توانای وتنی ئه‌وه‌ی بیر له چی ده‌كه‌ینه‌وه، له كاتێكدا له پله‌ی حه‌وته‌می پێش لووتكه‌ی هه‌ره‌مه‌كه‌دا گرنگیدانه به گه‌شه‌سه‌ندنی خودی (individual growth) كه گوزارشته له كۆمه‌ڵێ پرسی دیكه وه‌ك گرنگیی كاری كه‌سیی، ڕاهێنانكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئیشێكی باشتر، هه‌وڵدان بۆ بوون به كه‌سێكی باشتر، ده‌رفه‌تی بوون به‌وه‌ی ده‌ته‌وێ، ده‌سته‌به‌ركردنی خزمه‌تگوزارییه پێویسته‌كان و هه‌بوونی زانیاریی له‌باره‌ی سێسكواڵیتی، هه‌روه‌ها له لووتكه‌ی هه‌ره‌مه‌كه ئاسووده‌یی سۆزداره‌كیی ده‌بینرێت كه ئه‌ویش بایه‌خێكی زۆر به چه‌ند پرسێكی وه‌ك دڵخۆشبوون، له‌خۆ ڕازی بوون، هه‌ستی ستایشیكردنی ئه‌و شوێنه‌ی لێی ده‌ژێی، هه‌ستی دڵنیابوون له دراوسێكانت و به‌هه‌مان شێوه‌یش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروبه‌رت ده‌دات.