فرەژنی یان فرە ژان

لە کۆمەڵگه‌ی دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتیەکاندا فرەژنی وەکو ژەمی خۆراکی ڕۆژانەی لێهاتوە و،گەر پیاوێک نەچێتە پرۆسەی چەند ژنەوە بەکەم و پیاو ناخوێندرێتەوە، بێئاگا لە ماکەکانی فرە ژنی وبەرکەوتە نەرێنیەکانی. دیارە گەلی کوردیش وەک باقی گەلانی ڕۆژهەڵات لەو تەقالیدە دواکەوتوە پشکی شێری بەرکەوتوە، لە فرە ژنی دا کەمی نەکردوە، بێئاگاش لە ماک و وەرهەمی فرەژنی، کە شیرازەی کۆمەڵی کوردەواری شێواندوە، ڕێژەی خیانەتی نێوان خێزانەکان بەربڵاوتر کردوە.
ناڕێکی مناڵ خستنەو پەروەردەکردنیان لەنزمترین ئاست ڕاگرتوە، کێشەی کۆمەڵایەتی و کوشتنی ژن بە بەهانەی شەرەف لەهەڵکشاندایە، ئەمە و چەندین لایەنی نەرێنی تر کەبەهۆی ئەو عەقڵیەتە دواکەوتوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەتە نەریت، بۆیە دەبینین ئەو دیاردەیە بوەتە باو و بێ سەڵەمینەوە دەست بۆ ژنی دووەم و چەند ژنە دەبەن و بێ بیرکردنەوە لە کێشەکانی دوای پرۆسەی چەند ژنە.
ڕاستە لە کۆمەڵگه‌ی دواکەوتوو فرەژنی وەک نەریتێک برەوی پێ دەدرێت، بەڵام کێشە لێرەدا ئەوەیە کە زۆر لە کەسە بەناوبانگ و کەسایەتیە سیاسی و سەرۆکی حیزبەکانیش دەس بۆ ئەوە دەبەن و ژنی دووەم و سێیەم دەبەن، بۆ هەموو ئەو ئەگەرانەش بەهانەی پێیە وەک سونەتی دینی و خستنەوەی مناڵ و چەندین شتی لابەلای تر کە ڕێگە بەخۆیان بدەن چەندین ئافرەت لەخۆیان کۆبکەنەوە، بۆیە دەبینین بەهۆی ئەو فرەییەوە چەندین ژن دەکوژرێت و دەیان مناڵ هەتیو بێ لانەو ماڵ دەبێت، وشیرازەی کۆمەڵ دەشێوێت، بەپێچەوانەوە لەوڵاتە پێشکەوتوەکان دا ئەوە بونی نیە،هاوسەران ژن و پیاو بەڕێکەوتن ژیانی هاوسەری پێکدێنن و کۆمەڵگه‌یەکی تەندروست پێکدەهێنن، بەڵام پێچەوانەکەی لێرە و لە ووڵاتانی دواکەوتودا بەهۆی فرەژنییەوە چەندین کێشەی چارەسەرنەبوو هەڵتۆقیوە و چارەسەریشی نیەو نابێت، بۆیە پێویستە کۆمەڵی کوردەواری دەبێت تەندروستانە لە پرۆسەی هاوسەرگیری بڕوانێت و فرەژنی بەلاوە بنێت تا ماکی ئەو هەموو برینە ساڕێژ بێت .

ھەواڵی زیاتر