شەوانی فرانکشتاین-ی عومەر سەید بڵاو کرایەوە

لەنوێترین بڵاوکراوەکانیدا وەشانی نووسیار سێ نۆڤلێتی نووسەر و رۆمانووس عومەر سەید-ی لە ژێر ناونیشانی (شەوانی فرانکشتاین) چاپ و بڵاوکردەوە، کە سێ نۆڤلێتی لە خۆگرتووە و نووسەر ناوی “سیانەی تارماییەکانی بیابان”ی ناوناوە.

نووسەر پێشتر کۆمەڵە چیرۆکێک و سێ رۆمانی بڵاوکردووەتەوە و ئەم کتێبە نوێترین کتێبە، کە پرسی ئەنفال و جەنگ لە خۆدەگرێت. نووسەر لە بارەی ئەم کتێبەکەیەوە دەڵێت: “جیا لەوەی کە هەرسێ نۆڤلێتەکە، لە ڕووی تەکنیک و زمان و گێڕانەوەوە هاوتەریب و هاوشێوەن. لە ڕووی بابەت و ناوڕۆکیشەوە، هاوشێوەی سێکوچکەیەک، ئازار و پرس و نامۆیی ئەو مرۆڤەی هەڵگرتووە، کە پێی دەوترێت کورد. ئەو خودەی لە ناو شوێنێکی بزردایە و هاوکات شووناسیشی هەر وابەستەیە بەو شوێنەوە کە فرانکشتاین ئاسا (وەک چەمکە فەلسەفییەکەی) بەردەوام دەخوڵقێن و یەک تەواو دەکەن و دیسانەوە دەبنەوە قوربانی یەکتر. پێکەوە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و وێناکردنی پرسی ئاڵۆز و تایبەتی ئەو خودە، لە ڕێگەی خەیاڵ و فەنتازیایی ئەدەبەوە.” ئەم نووسەرە پیشترین لەسەر ئەم پرسی ئەنفال و جەنگ کاری کردووە و ئەمەش تاڕادەیەک بووەتە ناسنامەی ئەم نووسەرە. دەتوانین بڵێین ئەم سێ نۆڤلێتە، هەوڵێکە بۆ وێناکردنی شووناسی ئێستای کورد لە ناو مێژوویەکی دوور و درێژی جەنگ و جینۆسایدا، لە ناو شوێنێکدا، کە وەک ناوچەوانە نەگبەتەکەی، پڕ کراوە لە هێڵی سنوور، ئەو هێڵانەی وەک شیشی زیندان، ئەویان لە ناو زیندانێکی ڕۆحی و جەستەییدا گیرکردووە. ئاخۆ لەم جیهانە بچووک و فرە شووناسەدا، ئێمە چۆن دەردەکەوین و چۆن خۆمان دەبین؟
وەشانی نووسیار وەشانێکی سەربەخۆی کوردییە و بنکەی سەرەکی لە وڵاتی دانیمارکە کار دەکات بۆ دەرخستنی دەنگ و دیدە جیاوازەکان و کار لە کایەی وەرگێڕاندا دەکات لە زمانەکانی دیکەوە بۆ کوردی و بەپێچەوانەشەوە و تا ئێستا زیاتر لە 30 کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر