پیشەسازیی خۆراک و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی

لە دێرزەمانەوە خۆراک و کشتوکاڵکردن لە کوردستاندا هەبووە و خەڵکی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشتیان بەو خۆراکانە بەستووە کە خۆیان بەرهەمیان هێناوە. بەڵام ئەو خۆراکانە بە پیشەسازی نەکرابوون تەنها ئەوەندە بووە کە بەشی بژێوی خۆیانی کردووە.

ئێستاکە خۆشبەختانە کوردستان چەندین کارگەی خواردەمەنیی لێ هەیە کە هەرچەندە لەڕووی دیزاین و شێوازی پێچانەوە و لەقوتوونانیاندا ناتوانن ڕکابەری بەرهەمە جیهانییەکان بکەن بەڵام هەنگاوێکی باشە وەک سەرەتایەک بۆ بووژانەوەی ئەم جۆرە پیشەسازییە.
بۆ برەودان بەم بوارەش دەبێ لەو خۆراکانەوە دەست پێ بکەن کە کوردستان تێیدا دەوڵەمەندە.
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین كوردستان گەنم و دانەوێڵەی زۆری هەیە كە لێی زیادە و ساڵانە حكوومەتی عێراق بەشێكی لێ وەردەگرێت كە دیار نییە كەی پارەكەی دەدات، بەشەكەی تریشی هەرزانفرۆش دەكرێت و جووتیار تەنیا ماندووبوونەكەی پێ دەبڕێت.
قۆناغەكە ئەوە دەخوازێت پیشەسازیی خۆراكی پشتبەستوو بە گەنم لە كوردستان پێش بكەوێت.
بۆ نمونە ئەگەر بە مارکێتەکانی كوردستاندا بسووڕێیتەوە، بە دەیان كاڵای وەك بسكیت و كێك و ماكاڕۆنی و ساوەر بەرچاو دەكەون كە مادە خاوەكەیان گەنم یان ئاردە، کە بە هونەری بەرهەمهێنان و ئامێری پیشەسازی بۆ شێوەی خۆراكی تر دەگۆڕێن كە رۆژانە پێداویستی سەرەكی هاووڵاتیانن و هیچ خێزانێك نییە رۆژانە كڕیاری ئەو كاڵایانە نەبێت.
هەرێمی كوردستان بەو مادە خاوە دەوڵەمەندە و ئەگەر پێشتر پلانەكە ئەوە بووە پێداویستی ناوخۆ بە ئارد دابین بكرێ، ئەوا لە كوردستان زیاتر لە حەوت ساڵە سەرووی پێداویستی ناوخۆ، گەنم بەرهەم دەهێنرێت.
بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم بەتایبەت لە وەرزی هاوین و پایزدا لە پێویستی بازاڕی کوردستان زیاترە، بەڵام جووتیاران قازانجی پێویست ناکەن بە جۆرێک کە ببێتە هاندان بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر ڕوو لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن. بوونی ژمارەیەک کارگەی لەقوتوونان و پیشەسازی خۆراکی بەشێکی زۆری ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات و دەبێتە هاندەرێکی گرنگ بۆ جوتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و قۆناغێکی تر کەرتی کشتوکاڵ دەباتە پێشەوە.
ناكرێ بڵێین لە هەرێمی كوردستان پیشەسازیی خۆراك نییە، بەڵام دەكرێ بڵێین پیشەسازییەكە لە ئاستی پێویستدا نییە. چونکە كارگەی گەورەی دروستكردنی ماکەرۆنی و ساوەر و چبس لە كوردستان هەن كە پشت بە بەرهەمی خاوی ناوخۆ دەبەستن.
بەپێی ئامارێك کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمەوە خراوەتە ڕوو، لە هەرێمی كوردستان چوار هەزار و 100 كارگەی پیشەسازی هەن كە لەو ژمارەیە 377 كارگەیان تایبەتن بە پیشەسازیی خۆراك كە شەش هەزار و 200 كرێكار كاریان تێدا دەكەن و بەشێك لە پێداویستییەكانی ناوخۆ بە خۆراك دابین دەكەن.
بەرەوپێشچوونی ئەم پیشەسازییە بەندە بە دوو لایەنی گرنگ کە بریتین لە:
١.بەرهەمی کشتوکاڵی؛ لە کوردستاندا بەرهەمە کشتوکاڵیەکان یەکجار زۆرن و ئەگەر گرنگییەکی باشی پێ بدرێت دەتوانرێت بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان چەند هێندە بکرێ و بەشی پێویست بۆ ئەم پیشەسازییە دابین بکرێت، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە کە ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان کارێکی زۆر گرانە بۆ جووتیاران. لەبەر ئەو هەموو بەرهەمە هاوردەکراوە، بەرهەمە ناوخۆییەکان بە زەحمەت ساغ دەکرێنەوە و بە پارەیەکی کەم، کە جووتیار تەنها ماندووبوونەکەی بۆ دەمێنێتەوە.
٢. لەقوتوونان و دیزاینکردنی ئەو بابەتانەی کە بەرهەم هێنراون؛ خستنەڕووی بەرهەم بە دیزاینێكی زۆر جوان و پێشكەوتوو دەتوانێت زیاتر سەرنجی کڕیار بەلای خۆیدا ڕابکێشیت بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە یەكێكە لە گرنگترین ئەو كێشانەی بەربینگی پیشەسازیی خۆراكی ناوخۆی گرتووە چونکە ئەم كەموكووڕییە وای كردووە هەندێك جار بەرهەمی دەرەكی لە بازاڕەكان باشتر لە هی ناوخۆ بفرۆشرێن.
بە کورتی ئەرکی سەرشانی حکوومەت لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە کارگەی زیاتر دابمەزرێنێت و سوود لە کەسانی شارەزا و بەئەزموون وەربگرێت، لەگەڵیشیدا ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ ئەم مەبەستە زیاد بکات تا بەرهەمی خۆماڵیمان زیاتر بێت و خۆی هەستێت بەو ئەرکە و جووتیاری شارەزای بۆ دابمەزرێنێت و دەستی کاری بۆ دابین بکات. جگە لەمەش ئەرکە لەسەر حکوومەت کە بەرهەمە ناوخۆییەکانی جووتیاران ساغ بکاتەوە بە نرخێکی وا کە هەقی ماندووبونی خۆیان وەربگرنەوە نەک بەرهەمیان لێ تاڵانفرۆش بکرێت دەنا هیچ پاڵنەرێکیان نابێ بۆ بەردەوامی و ئەوەندە بەرهەمە خۆماڵییەی کە هەشمانە بەرەو نەمان دەچێت.

ھەواڵی زیاتر