ئۆتێلە بەردەینەكەی سەرسەنگنۆژەن دەكرێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئوتێلێكی بەردین لە هاوینەهەواری سەرسەنگی سەر بە قەزای ئامێدا، سەرنجی گەشتیاریانی بۆ لای خۆی راكێشاوە و رۆژانە وێنەی لە تەكدا دەگرن، بۆیە بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار لە دهۆك ئاماژە دەدات، كارێكی زۆر لە نۆژەنكردنەوەی ئەو هۆتێلە كراوە كە لەسەر شێوازە كۆنەكەی و لە ماوەیەكی نزیكدا بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە.

سامان هەینی، گەشتیارێكی كوردە و چووەتە سەرسەنگ، ئەو دەڵێت حەزم لێیە بەردەوام بچمە ئەو شوێنانەی كە سروشتەكەی دەستی لێنەدراوە و تێك نەدراوە، ئەو ئوتێلە بەردینە زۆر سەرنجی منی راكێشاوە و حەز دەكەم لەناو بنووم.
ئەو دەڵێت: ”ئوتێلەكە زۆر كۆنە، ئەوەی گرنگە و سەرنجی گەشتیار رادەكێشێت، بەهیچ شێوەیەك دەستكاری نەكراوە و تێك نەدراوە، كاتێكیش دەبینین لەسەر شێوازی خۆی و بەردینەكەی نۆژەندەكرێتەوە، ئەمە دڵخۆشم دەكات“.
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار لە دهۆك، پێیوایە ئەگەر ئەو ئوتێلە بەڕووی گەشتیاراندا بكرێتەوە، هەلی كار بۆ خەڵكێكی زۆر دەستەبەر دەكات و كاركردنیش تێیدا بەردەوامە و تاوەكوو ئێستا 40% كارەكانی بەكۆتا هاتووە.
چالاك مەهدی، ئەندازیاری تەلارسازی، پێیوایە هەموو شوێنێك دەبێت ئەو شوێنانە بپارێزێت كە بە سروشتی خۆی تەلارسازی تێدا كراوە، نموونەش بەو ئوتێلە بەردینەی دهۆك دەهێنێتەوە.
بەگوێرەی گوتەی مەهدی، پێویست دەكات، دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان، یاسایەك دابڕێژێت، هەركەسێك خانووی لە لادێ دروست كرد، دەبێت بەو مادانە دروستی بكات، كە لەلادێیەكەدا بوونی هەیە.
گوتیشی: “زۆربەی لادێكانی كوردستان، خانوو بە بلۆك و كۆنكرێت دروست دەكەن، ئەمە هەڵەیە و سروشتی لادێكان تێك دەدات، پێویستە رێگەیان لێ بگیرێت. ئەوەی گرنگە، دەبێت ئەو بەردانە بۆ دروستكردنی خانوو لە لادێ بەكاربهێنرێت كە لەو لادێیەكدا بوونی هەیە و یان لە شوێنێكی تردا بیهێنن، دەشكرێت خشت بەكار بهێنرێت، تا سروشتی لادێكانمان تێك نەچن و لەناو نەچن، كە بەداخەوە ئێستا سیمای لادێكان بەرەو تێكچوون دەچێت”.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگی زۆر بە كەرتی گەشتوگوزار دەدات، یەكێك لەو شوێنانەش سەرسەنگە، كە بەگوێرەی گوتەی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دهۆك، خەریكن تەلفریك لە سەرسەنگەوە بۆ چیای گارە دەبەن و هەروەها مەلەوانەگەی ئۆڵۆمپی نۆژەن دەكەنەوە.
ساڵانە هەزاران گەشتیار روو لە دهۆك دەكەن و زۆربەی گەشتیارەكانیش لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوەیە، بۆیە كەرتی گەشتیاری لەو شارەدا رۆژ بە رۆژ لە گەشەسەندندایە.

ھەواڵی زیاتر