یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

وێنەی تاڤگەیەكی باڵەكایەتی لەسەر دراوی پەنجاهەزاری نەخشێندراوە

تاڤگەی كانیبەست لە گوندی وەڵزە، سەر بە قەزای چۆمان، كە لەلایەن دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە بەرزترین تاڤگە لە كوردستان و عێراق دیاری كراوە، بەرزییەكەی دەگاتە 36 مەتر و دیمەنێكی نەوازەی بە ناوچەكە بەخشیووە.

لە دەڤەری باڵەكایەتی سنووری قەزای چۆمان، بەهۆی ناوچەی شاخاوی و سەرنجڕاكێش، چەندین شوێنی دەگمەن و سەرنجڕاكێش و گەشتیاری لە ناوچەكەدا هەن، یەكێك لەو شوێنانە بریتییە لە تاڤگەی كانیبەست، كەوتۆتە سنووری گوندی وەڵزە، لەلایەن دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە بەرزترین تاڤگە لە كوردستان و عێراق دیاری كراوە و بەرزییەكەی 36 مەترە و دیمەنی نەوازە و سەرەنج راكێشی بە ناوچەكە بەخشیووە، تایبەتمەندییەكی دیكەی ئەم تاڤگەیە ئەوەیە وێنەكەی لەسەر دراوی پەنجاهەزاری عێراقی نەخشێندراوە.
بەهۆی سەرەنج راكێشی تاڤگەكە و هەڵكەوتەی شوێنەكە، لە هەر چوار وەرز بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشت و سەیران ژمارەیەكی بەرچاوی گەشتیاران رووی تێدەكەن، بەڵام بەهۆی نزمی پلەكانی گەرما، سەرما و سۆڵەوە، لە وەرزی زستان تەواوی تاڤگەی كانیبەست، دەبێتە بەستەڵەك، بەمەش دیمەنێكی كریستاڵی جوان و سەرەنج راكێش دەبەخشی”.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پلانی دایە بایەخێكی زیاتر بە سێكتەری گەشتوگوزار بدات، بە پێی پلان و ئاسانكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی پارێزگاكانی عێراق و بیانی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە”.